لێدوان و بەدواداچوون: كوردستان پێویستی بە 3500 خوێندنگەیە

لێدوان و بەدواداچوون: كوردستان پێویستی بە 3500 خوێندنگەیە
مەوداپرێس- رەنگین عارف

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک خوێندکار زیاتر دەبێت، بەڵام بینای نوێی خوێندنگە هەر وەک خۆیانن و ئەوەش وایکردووە دەوام لە بیناکاندا بۆ دوو دەوامی و سێ دەوامی زیادبکرێن، بەپێی وتەی بەرپرسانی پەروەردەش هەرێمی كوردستان پێویستی بە سێ هەزار و 500 بینای نوێ هەیە تا دوو دەوامی و سێ دەوامیی خوێندنەگەکان کۆتایی پێ بێت.

ساڵی 2018 ملیۆنێک و 700 هەزار خوێندکار لە هەرێمی كوردستان هەبووە، ئەمساڵ رێژەکە بۆ ملیۆنێک و زیاتر لە 850 هەزار خوێندکار بەرزبووەتەوە و بەپێی ئەو دوو ئامارەش بێت زیاتر لە 150 هەزار منداڵ بۆ یەکەمجار و لە قۆناغی یەکی بنەڕەتی چوونەتە بەر خوێندن، بەڵام ژمارەی خوێندنگەکان لە هەرێم شەش هەزار و 800 خوێندنگە زیاتری نەکردووە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کردنەوەی یەکەم رۆژی خوێندن بۆ ساڵی 2019- 2020 لە یەکێک لە خوێندنگەکانی دهۆک ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 35 هەزار هۆڵی خوێندن هەیە، ئەگەر ئەو ژمارەیە دابەش بکرێت بۆ خوێندنگەی دە هۆڵی ئەوا هەرێم پێویستی بە سێ هەزار و 500 خوێندنگە هەیە.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە مەوداپرێسی راگەیاند "ئەوەی کە کێشەی گەورەی بەردەم خوێندنە نەبوون و کەمبوون و خراپبوونی بیناکانی خوێندنن، بەتایبەت لە ساڵانی قەیرانی داراییدا کە پڕۆسەی تەواوکردنی بینا و درووستکردن و نۆژەنکردنەوە بەتەواوی پەکی کەوت، ئەمە لەکاتێکدا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری نوێ دەخرێنە بەر خوێندن و ناچار خوێندنگەکان دەکرێن بە دوو دەوامی و سێ دەوامی.

وتیشی "کابینەی نوێ و وەزیری پەروەردە بەڵێنیان داوە کە گرنگیی بە بینای خوێندنگەکان بدەن و هەوڵ بدرێت ساڵانە بینای نوێ درووست بکرێن و ئەوانەی پێویستیشیان بە نۆژەنکردنەوەیە ئەنجام بدرێن."

بەپێی زانیارییەکانی بەردەست مەودا پرێس، 800 بینای خوێندنگە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی بودجە بۆیان پەکیان کەوتووە، هاوکات زیاتر لە چوار هەزار خوێندنگەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و زیاتر لە 100 خوێندنگە لە بینای کرێدان.

"مەودا پرێس" پەیوەندیی کرد بە سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ناوبراو وتی کە ئەو لە پۆستی وتەبێژی وەزارەت نەماوە و تا ئەم ساتەش کەس دانەنراوە.

بەڵام سەرچاوەیەکی وەزارەتی پەروەردە بە مەوداپرێسی راگەیاند "وەزیری پەروەردە بڕی یەک ملیار و نیو دۆلاری بۆ درووستکردنی بینای خوێندنگە تەرخان کردووە و هەوڵی تەواویش هەیە ئەو پارەیە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر بکرێن".

وتیشی "بە دیاریکراوی نازانم بەڵام زیاتر لە 150 هەزار خوێندکاری نوێ ئەمساڵ خراونەتە بەر خوێندن، لە کاتێکدا درووستکردنی بینای خوێندن لە ساڵی رابردوودا لە پەنجەی دەست تێپەڕی نەکردووە."
جگە لە پرسی بینا، هەرێم پێویستی بە مامۆستای زیاتریشە، چونکە 126 هەزار مامۆستا بوونیان هەیە و گوند و لادێکانی کوردستان بەردەوام کێشەی نەبوونی مامۆستایان هەیە.

راهی رەهبەر، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە مەوداپرێسی راگەیاند  "هەرێم پێویستی بە درووستکردنی بینای زۆری قوتابخانەیە، ئەوەش تائێستا پڕۆژەیاسای بودجە نەهاتووەتە پەرلەمان تا بزانین ئەمساڵ چەند پارە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراوە."

وتیشی "ئێمە وردبینییەکی باشمان کردووە لەوەی خوێندنگەکان چۆنن و پێویستیان بە چییە، 100 خوێندنگە کارەبای نییە، نزیکەی 100 خوێندنگەش لە بینای کرێدان و زیاتر لە سی خوێندگەش بە گڵ و نەشیاوی درووستکراون و زیاتر لە چوار هەزاریشیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە."



AM:10:05:23/09/2019