هۆشداریی لەبارەى ئەگەری شەڕی ئێران ـ سعودیە

هۆشداریی لەبارەى ئەگەری شەڕی ئێران ـ سعودیە
مەوداپرێس ـ 

محمد بن سلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە شاری جدە لە سعودیەوە بەشداری بەرنامەی (٦٠ خولەک)ی کەناڵی (CBS)ی ئەمریکیی کرد و لەبارەى چەندین بابەتی هەستیاریی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی وەڵامی پرسیارەکانى دایەوە. 

دەڵێت: ئێمە لەگەڵ رێگەچارەی سەربازیی نین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئێران، چونکە هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان ئێران و سعودیە رووبدات، ئابوری جیهان وێران دەکات. 

بن سەلمان پشتیوانى لە لێدوانەکەی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات، کە لەسەروبەندی هێرشی سەر کۆمپانیای ئارامکۆدا، حکومەتی تارانى بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کردبوو. 

شازادەی عەرەبستانی سعودیە لەگەڵ ئەوەی پێشنیازی کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران گفتوگۆ و دانوستان بکەن، هاوکات تارانى تۆمەتبار کرد بەوەى کە نایەوێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت.

سەبارەت بە هێرشى سەر ئارامکۆ وتی: هێرشکردنە سەر کۆمپانیای ئارامکۆ هەنگاوێکی گێلانە بوو، چونکە ٥%ی خستنەڕووی نەوتی جیهانی کردە ئامانج.

بن سەلمان لە وەڵامێکی پرسیارێکدا سەبارەت بە کوژرانى جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی ئۆپۆزسیۆنی سعودیە لە کۆتاییەکانى ساڵی پاردا لە تورکیا وتی: من فەرمانى کوشتنم بۆ دەرنەکردووە، دەشزانم ئەوە رووداوێکی مەترسیدار بوو، لەگەڵ ئەوەشدا من بەرپرسیارێتی هەڵدەگرم لەبەرئەوەی کە بەرپرسی یەکەمی وڵاتم.

هەر سەبارەت بە کەیسى کوژرانى خاشقچى وتی: هەرکەس بە کوژرانی خاشقچی تۆمەتبار بکرێت، بەبێ جیاوازیکردن و هەڵاواردن، هەرکەس بێت، بە سزاى خۆی دەگەیەنرێت.

سەبارەت بە پرسیارێک لەبارەى ناوخۆی عەرەبستانی سعودیە و سەرکوتکردنی ژنانەوە نیگەرانی خۆی دەربڕی و تەئکیدی لەوەکردەوە کە ئەو پرسیار و باسە بێزار و نیگەرانی دەکات و وا باشە ئەو کەسانەی وا تێگەیشتوون خۆیان سەردانى عەرەبستانی سعودیە بکەن و زانیاریی وەربگرن و لەنزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە بن.

لەبارەى ئەنجامدانی هەڵەوە وەک کەسى پلە دووی عەرەبستانی سعودیە وتی: تەنانەت پێغەمبەرانیش هەڵەیان کردووە ئیتر چۆن چاوەڕوان دەکرێت لە من هەڵە نەکەم، باشترین ئەوەیە کە من سود لەو هەڵانە وەربگرم. 





PM:01:33:30/09/2019






زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌