نەرمین عوسمان
قبوڵ ناكەین دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی كەمبكرێتەوە

نەرمین عوسمان <br>
قبوڵ ناكەین دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی كەمبكرێتەوە
مەوداپرێس- 

لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ مەوداپرێس، نەرمین عوسمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەڵێت دەیانەوێ كۆنگرەیەكی سەركەوتوو ببەستن و دڵی یەكێتییەكان خۆش بكەن، ئەوەش رووندەكاتەوە ئامانجی یەكێتی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە و قبوڵیش ناكەن دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كەمبكرێنەوە.

راموایە باشترە لە بەردەوامیی كارەكانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانەوە دەستپێبكەین، پرۆسەكە چۆن بەڕێوە دەچێت و ئایا بەربەستی گەورەتان هاتووەتە پێش؟
نەرمین عوسمان: ئەوەندەی من ئاگاداربم، دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیارماندا رۆژی 7/12 كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان ببەستین، لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە چەند جارێك كۆبوونەتەوە و سەرقاڵی ئیشوكارەكانی خۆیانن. نەمبیستووە هیچ بەربەستی گەورە هاتبێتە پێشیان، بەڵام بەڕاستیشی نازانم كە خەڵكێك هەبێت وابیربكاتەوە ئەم جۆرە كارە چارەنووسسازانە بێ بەربەست و كێشە بەڕێوەبچن بەلایەنی كەمەوە لەڕووی تەكنیكییەوە هەموو كارێك بەربەستی دێتە پێش.

ئەوەی بۆ خەڵكی ئێمە گرنگە بڕیاری بەستنی كۆنگرەمان داوە، دەمانەوێ كۆنگرەیەكی سەركەوتوو ببەستین كە یەكێتییەكان دڵخۆش بكات، ببێتە هۆكاری سەرەكی لە نوێبوونەوەی یەكێتی و لە داهاتووشدا بتوانین ئەوەی بۆ خەڵكی كوردستان و یەكێتی گرنگە  بەباشی جێبەجێی بكەین.

هیچ ئاماژەیەك بۆ پاشگەزبوونەوە لە بەستنی كۆنگرەی یەكێتی دەركەوتووە؟
نەرمین عوسمان: نەخێر بەهیچ جۆرێك، تائێستایش بۆچوونی جیاواز لەسەر زۆر پرسی پەیوەندیدار بە كۆنگرە هەیە، بەڵام مەبدەئیەن كۆكین لەسەر بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەكاتی خۆیدا.

ترستان لەوە نییە لەنێو كۆنگرەدا (باڵەكان یەكتری بشكێنن)؟
نەرمین عوسمان: دەمەوێ دیدێكی دەرەوەی یەكێتی راستبكەمەوە كەوا دەوترێت یەكێتی پەرتەوازەیە و ناتوانێ بڕیار بدات و رەنگە و ئەگەری هەیە دوولەت بێ، ئەو دیدە هەڵەیە، یەكێتی لەسەرەتای دامەزراندنییەوە حزب نەبووە، بەڵكو بەرەیەكی پێكهاتوو بووە لە خەتی گشتی و بزووتنەوەی سۆسیالیست و كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، ئەو سێ ئاراستە و حزبە پێكەوە لەنێو ریزەكانی یەكێتیدا سەركردایەتی هاوبەشیان هەبووە، دەرئەنجامی زۆر گۆڕانكاری وایانكرد بزووتنەوەی سۆسیالیست بچێتە دەرەوەی یەكێتی و كۆمەڵەی رەنجدەران خۆی حەل بكات و ئێستایش یەك یەكێتی هەیە، بەڵام بۆچوونی جیاوازی تێدایە.

با شتێكی دیكەیش راست بكەمەوە، لە ئاشتیدا یەكێتی جیاوازی هەیە، بەڵام لەكاتی دروستبوونی مەترسی لەسەر كوردستان و یەكێتی هیچ جیاوازییەك نییە. ئێوە بینیوتانە سەركردایەتی یەكێتی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش جیاوازیی هەبووبێ؟ لە بەرانبەر پرۆسەكانی تەعریب و دژایەتی خەڵكی كوردستان لەلایەن نەیارەكانمانەوە جیاوازی هەبووبێ؟ ئەوەی دیكەیش بۆچوونی جیاوازە و ئێمە هەموومان بەجیاوازییەكانمانەوە دەڵێین (مانەوەمان، گەشەكردنمان، سەروەرییمان بەندە بە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە)، ئەمە پرەنسیپی سیاسەتكردنی مام جەلالە و لێی لانادەین.

ئەگەر بەكورتی وەڵامم بدەیتەوە، كۆنگرە نابێتە هۆكاری دوولەتبوونی یەكێتی؟
نەرمین عوسمان: من باوەڕ ناكەم و ئێوەیش باوەڕ مەكەن شتی وا رووبدات، یەكێتی ئەمانەتی مام جەلالە و لە ئەستۆی ئێمەیە.

دوودڵ نیت لەو وەڵامەت؟
نەرمین عوسمان: نەخێر هەرگیز، لە كوردستان و عیراق یەك یەكێتی هەیە و دەبێت.

پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی
لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندییەكانتان لەچی ئاستێكدایە؟
نەرمین عوسمان: پەیوەندی دوو هێزی سیاسیی كاریگەر هەرگیز جێگیر نییە، بەڵكو بەپێی بارودۆخەكان دەگۆڕێت، ئێمە و پارتی بەقۆناغی زۆر جیاوازدا تێپەڕیوون، شەڕی ناوخۆ و یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی سلێمانی و هەولێر و هەڵبژاردنەكان و زۆر شتی دیكەیش، هەندێكجار گرژی روودەدات، بەڵام بەرپرسیارێتی یەكێتی و پارتی گەورەن و پێویستمان بەوەیە زۆربەی كات ئارامگر و پشوودرێژبین. هەروەك ئەمە نابێت وابكات هیچ لایەكمان ئەوی دیكەمان ئیستیغلال بكەین.

ئێوە لەگەڵ پارتی دەتانەوێت چی بكەن و چۆن پێكەوەبن لە حوكمڕانیدا؟
نەرمین عوسمان: ئێمە نە مەرجمان هەیە و نە مەرج قبوڵ دەكەین، بەڵكو دەمانەوێ پێكەوە هاوبەشی راستەقینەبین لە پرۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، هەڵبەت لە شەراكەتی راستەقینە مەبەستمان پەنجا بە پەنجا نییە، بەڵكو شەراكەتە لە بڕیاردان و ئاگاداربوون لەوەی چی دەگوزەرێ لەناو حكومەت. دەمانەوێ حكومەتی هەرێمی سەرتاسەری بێت، مەسرور بارزانی، سەرۆكی وەزیرانی هەموو كوردستان بێت و قوباد تاڵەبانیش، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەموو كوردستان بێت، ئیتر با بەس بێت ئەم جۆرە ئیدارەدانە جیاوازەی هەیە.
دەمەوێ ئەوەش روونبكەمەوە یەكێتی سەردەست و بندەستی قبوڵ نییە، بەڵكو رای وایە ئێمە و پارتی بەرپرسیارین لە باشی و خراپی ئەم وڵاتە و پێویستە پێكەوەیش بڕیاربدەین لە داهاتووی هەرێمی كوردستان. باوەڕم وایە ئەگەر بمانەوێ بەكردار یەكێتی و پارتی پێكەوە دەتوانین خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین كە پێویستە یەكجار زۆر خزمەتیان بكەین.

رازین بەوەی قوباد تاڵەبانی دەسەڵاتی تەواوەتی نەدرێتی و كەمبكرێتەوە وەكو ئێستا باسی لێوە دەكرێت؟
نەرمین عوسمان: نەخێر هەرگیز شتی وا قبوڵ ناكەین ئەویش لەبەر دوو هۆكار، یەكەمیان هەڤاڵ قوباد نوێنەری یەكێتییە و سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پرۆژەی یەكێتییە لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان، دووەمیان هەڤاڵ قوباد كوڕی جەنابی مام جەلالە و هەرگیز سازش لەسەر دەسەڵاتەكانی بۆ خزمەتكردن ناكەین و خۆیشی نایكات، لەسەر ئاستی كوردستان دەنگی یەكەمی هێناوە و دەیەوێت خزمەتی خەڵك بكات و ئەوەیش بەهاوسەنگی و شەراكەتی راستەقینە دەكرێت. بۆیە ئێمە رازی نابین دەسەڵاتەكانی كەمبكرێتەوە و بۆ خۆیشی دەوڵەتمەدارێكی گەنجی بەسەلیقەیە و سازش لەسەر ماف و دەسەڵاتەكانی خۆی ناكات.

كەواتە پێشبینی چی بۆ ئەم كابینەیە دەكەن كە لەئێستاوە كێشەی هەیە؟
نەرمین عوسمان: ئێمە كێشەمان ناوێ، بەڵكو بیر و بەرنامەمان بۆ ئەوەیە خزمەتی ئەو خەڵكە بكەین كە لە شاخ و شار خزمەتی ئێمەیان كردووە. 27 ساڵە حكومەتمان هەیە و زۆر شت هەیە نەمانكردووە، خەڵكی خزمەتگوزاریی و ژیانێكی شایستەی دەوێ، ئایندەی منداڵەكانی دەوێ، ئاو و كارەبای دەوێ، دابینكردنی هەلی كاری دەوێ بەیەكسانی.
ئێمە وەكو یەكێتی دەمانەوێ ئەو كارانە پێكەوە لەگەڵ پارتی بكەین لە چوارچێوەی شەراكەتی راستەقینە و ئەو كابینەیەی پێكەوە دروستمانكردووە.



AM:10:50:05/10/2019