ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی بەرهەم ساڵح و عادل عەبدولمەهدی

ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی بەرهەم ساڵح و عادل عەبدولمەهدی
مەوداپرێس-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عيراق لە کۆشکی سەلام کۆبونەوە و جەختیان لە جێبەجێکردنی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران کردەوە.
 
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق لەراگەیەندراوێكدا رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا د. بەرهەم ساڵح و سەرۆک وەزیرانی عێراق تەئکیدیان کردەوە لەسەر بەدیھێنانی خواستەکانی گەنجان و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تێوەگلاوەن لە توندوتیژی.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە دیدارەکەدا تەئکیدکرایەوە لەسەر بەدیھێنانی داواکارییە رەواکانی خۆپیشاندەران و دابینکردنی خواستەکانی گەنجانی عیراق کە زامنی ژیانێکی شکۆمەند بکات بۆ گەنجان و ھاوڵاتیان، ھاوکات جەخت کرایەوە لەسەر لێپێچینەوە لەو کەسانەی توندوتیژیان کردوە بەرامبەر خۆپیشاندەران.

ئەوەش خراوەتەڕو، هەردوو سەرۆک جەختیان لە پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەلامەتی خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنیەکان کردەوە بۆ ڕێگریکردن لەو تاوانبارانەی کە دەستڕێژی گولەیان کردوە بە ناو ئاپۆڕای خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنیەکاندا.

لەبەشێكی دیكەی  راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عیراقدا هاتوە، ھەر لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ روداوەکانی ئەم دواییە، کە زامنی بەرژەوەندی گشتی و ئارامی وڵات بکات.



PM:02:45:05/10/2019