رۆژنامەنووسێك چیرۆكی زیندانی خۆی لەئاسایشی پارتی دەگێڕێتەوە

رۆژنامەنووسێك چیرۆكی زیندانی خۆی لەئاسایشی پارتی دەگێڕێتەوە
مەوداپرێس-هێمن مامەند

رۆژنامەنووسێكی ئیسپانی چیرۆكی زیندانیكردنی لەئاسایشی پارتی لەشاری هەولێر دەگێڕێتەوە، كەبۆماوەی 27 رۆژ لەگەڵ چەكدارانی داعش لەیەك ژووردا دەستگیر كراوە.

"فێران باربەر" ئەو رۆژنامەنووسە ئیسپانیەیە دوای ئەوەی بە گەشتێك دێتە عێراق  تاوەكو  راپۆرتێك لەسەر ژیانی كۆمەڵیك چەكداری ئیسپانی و ئەڵمانی كە لە نێو ریزەكانی (یەپەگە) بكات، بەڵام دواجار لەلایەن هێزێكی پارتییەوە لە سنووری قەزای ئاكرێ دەستگیردەكرێت و دوای شەوێك رەوانەی بەندینخانەیەكی هەولێر دەكرێت.

ئەمەش دەقی چیرۆكی ئەو رۆژنامەنووسە ئیسپانییەیە كە رۆژی 3ی 10ی 2019 لە لەمیدیا جیهانیەكان و  میدیا كوردیەكان  بڵاوكراوەتەوە

بەندكردنم لەگرتووخانەكانی كوردستانی عێراق
ئەم چیرۆكەم ٢٠ جار لەمێشكمدا نووسی كاتێك لەبەندیخانەیەكی كوردستان لەهەولێر دەستبەسەربووم. یەكێك لە جۆری چیرۆكەكان بەوە دەستپێدەكات كە ئیمام عیماد دەستمدەگرێت بۆ سوچی زیندانەكە بۆ ئەوەی تیشكدانەوەی مانگم نیشان بدات كە لەهەرمێیەكی خاڵاوی دەچێت. تەنها ١٢ كاتژمێر لەزینداندا بووم و دەمێك بوو لەژماردنی پاكەتە پسكیتەكانی زیندانییەكان تەواو بوبوم كە لەباكێشە گیراوەكانی ژووری چواردا هەڵیانگرتبوو.

«بەدڵنییایەوە خودا هۆكارێكی هەیە كەتۆی هێناوە بۆ ئێرە»، مەلاكە دڵنەوایی دەدامەوە. «ئێستا دەزانیت چی روودەدات و چۆن ئەوانە سەركوتمان دەكەن». ئەو خوێنڕێژێكی بێبەزەیی بوو بەڵام لەهەمانكاتیشدا مەلایەكی راستگۆو هاوزیندانییەكی بەڕێز بوو. پەرداخێك ئاوت پێدەدات و لەهەمان كاتدا باسی رقی خۆیت بۆ دەكات لەبەرامبەر شیعەكان كەدەبێت بكوژرێن.

كاتژمێری ژوورەكە دەریدەخست كە ٨ی ئابەو كەناڵەكانی تەلەڤزیۆنیش پێشنیاری ئەوەیان دەكرد  پلەی گەرمی دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی. ئەو شەوە لەژوورەكەدا دەسوتاین. ئەوەندەی نەمابوو لەهۆش خۆم بچم  ئەوكاتەی رێم دەكرد بەو رێگا پیس و چەپەڵەی  گوندە ئاشوریەكانی دۆڵی نەهلا (نزیك دهۆك) پەیوەست دەكات پێكەوە، تاكە پێگەی سەلامەتی مەسیحییەكانی عێراقە كە یەكێكە لەو شوێنانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست چەقەڵەكان هەموو شەوێك تێیدا دەلورێنن و هەمووشتێك دەیەوێت بتكوژێت.

دواجار بیرم رۆشت بۆ ئەوەی كە دەبێت چ هەڵەیەكم كردبێت گەشتەكەم بۆ عێراق بگاتە دەستبەسەربوونم لەگەڵ ٦٠ زیندانی داعش، چەكدارانی تۆمەتباری تیرۆریستی كورد، پێشمەرگەی هەڵگەڕاوە، نەیارانی رژێمی بارزانی، ئالودەبوانی ترامادۆڵ، بازرگانانی تلیاك، هەروەها كۆمەڵیك رێگری پیاوكوژ.

دەبێت دانی پێدا بنێم. تەنها هەفتەیەك پێشتر پارەم دەدا تا دزە بكەمە  نێو ئەم بەندیخانەیە بەمەرجی ئەوەی تەنها چەند كاتژمێرێك بمێنمەوە تێیدا بەڵام بە نەفرەت بێت وانەبوو. وام لێهات رقم دەبوەوە لە هەرچی چركەیە لەو گرتووخانە قەرەباڵغەدا بەسەرم دەبرد. بیرم دێت بە بیركردنەوەی زۆر تێكشكابووم بەهۆی كەمی  پشووەوە.

ئەو بەندیخانەیەی تێیدا دەستبەسەربووم یەكێكە لەو بەندیخانانەی جیهانی سێیەم كەكەسی ئەشكەنجەدراو پێویستی بەكەسانی ئەشكەنجەدەر نییە، چونكە دۆخی ژیانی زیندانییەكان زۆر خراپترە لەهەرچی ئەشكەنجەدانە. تەنها دوو موبەریدەی كۆن و دەنگ بەرز ژوورەكان فێنك دەكەنەوە؛ كەشوهەوای زیندانەكە بە هەزارەها جگەرەی زیندانییەكان ئەوەندە پیس بوو بوو كە زۆر هەژار بوو لەئۆكسجین و لەهەندێك شوێنی بەندیخانەكەدا زیندانییەكان لەهۆش خۆیان دەچوون. زیاتر لە ١٢ كاتژمێر دەبوو ئێمە لەسەر یەك لا پاڵبكەوین، لەعارەقدا بخوسێین و بەتەواوی بێ جوڵە بین. لانیكەم نیوەی بەندكراوەكان نەیاندەتوانی لەشەودا بخەون. ئەگەر بتویستبا لەڕۆژدا بخەویت ئەوا لەلایەن پاسەوانەكانی بەندیخانەكەوە لێت دەدرا.

نەتدەتوانی هیچ بكەیت؛ هیچ شوێنێك نەبوو بۆی بچیت و خەمی ژیانت بڕەوێنیتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا رەتم دەكردەوە ئەو كاتژمێرانە بژمێرم كە دەبێت بەسەری ببەم لەبێبەشبونم لەهەناسەم. پێم باشتربوو تەركیز بخەمەسەر رێگای دەرچوون و پێویست بوو دڵنیاببمەوە كە كەسێك لەدەرەوە ئاگای لەچارەنوسمە. نازانم چی منی  پەلكێشی ئەم گرتووخانەیە كرد. ئەو هەفتەو مانگانەم فەرامۆش دەكرد كەدەبوو لەوێدا بمێنمەوە، بەڵام بیرم دەیگەڕاندمەوە بۆ «دەیژا ڤو»یەك [حاڵەتێكە كە وا هەست دەكەیت پێشتر ڕووداوێكێت بینیوە یان ئەزمونت كردووە و بەسەرت هاتووە] چونكە چەند ساڵێك لەمەوبەر راپۆرتێكم نووسی دەربارەی هەمان ئەزمونی سێ چەكداری ئیسپانی كە فڕێدرابوونە ئەم هۆڵە قێزەونەوە.

تەنانەت ئەو وادانەم بیرە كە لەباڕەكاندا هەمبوو چونكە بیری ئەو وێنەیەم دێتەوە كە (ماركۆس دەلیل) كێشابووی دوای ئازادبوونەكەی. ئێمە هەردووكمان هەمان هەڵەمان كرد: سەرەڕۆیی كردن لەڕێگایەكی ناوچەیەكی سەر بەكێشە.

مانگی پێشوو بەگەشتێك هاتم بۆ عێراق كە لەلایەن تەلەفزیۆنێكی ئەڵمانییەوە بەكرێگیرام بۆ دەرخستن و پیشاندانی ژیانی كۆمەڵیك چەكداری ئیسپانی و ئەڵمانی كە لەنێو ریزەكانی گروپێكی نزیك  پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)دا بوون لەناوچەی شنگال. [ نووسەر مەبەستی یەپەگەیە.]

كارەكەم كردو لەجیاتی ئەوەی بەردەوامبم لەگەشتەكە لەگەڵیان بەرەو رۆژاڤا، هەندێك كاتم بەسەربرد لەدۆڵی نەهلا. ماوەی ٥ رۆژم لەو ناوچە مەسیحیەدا بەسەربرد و هاورێی دێرینم بینی پێش ئەوەی تەلەفونێكم بۆ بێت لەباكوری سوریاوە. پێیانوتم دەتوانیت چاوپێكەوتن لەگەڵ خێزانی جیهادییەكی داعشی ئیسپانیدا بكەیت كە تائێستا هیچ رۆژنامەنوسێك قسەی لەگەڵ نەكردووە. ئۆڤەرەكە سەرنجراكێش بوو. دەمزانی ئەوە ئەو جۆرە چیرۆكە هەواڵانەیە كە لەڕۆژنامەی «ئێل موندۆ» جێی دەبێتەوە.

هیچ ئۆتومبیلێك نەبوو لەگوندەكاندا. بڕیارمدا بەپێ بڕۆم بەهیوای ئەوەی ئۆتومبیلێك بدۆزمەوە بمگەیەنێت بەنزیكترین شارۆچكە. بەڵام كێشەیەك هەبوو. ئەو ناوچە مەسیحی/ئاشورییە لەلایەن پەكەكەوە داگیركراوە لەكاتێكدا پێشمەرگەكانی بارزانی (سەربازانی حكومەتی هەرێمی كوردستان) دژیانن. لەبەر هەمان هۆكار، توركەكان دوودڵ نین لەوەی بۆمبارانی ناوچە مەدەنییەكان بكەن. لەدوانیوەڕۆدا، یارمەتی پێشمەرگەیەكم قبوڵ كرد كەهات بۆ بینینم.

«من دەتوانم بتگەیەنم ئەگەر تەكسیت ئەوێت»، پیشمەرگەكە وتی هەرچەندە گومانیشی لێم هەبوو بەڵام چوومە نێو ئۆتومبیلەكەیەوە. ئەو شوێنەی كە بردمی قەراغ رێگایەك بوو كەئۆتومبیلیك خۆی پێداكردو سێ پیاوی چەكدار لێی هاتنە دەرەوە كە خۆیان بە پاسەوانی سەر سنور ناساند. «ئێمە حكومەتین و خەڵكانی پەكەكە، كۆمەڵێك تیرۆرستن»، ئەفسەرەكە بەو وتەیە سڵاوی لێكردم.

یەكەم شەوم لە زیندانێكدا بەسەربرد لەئاكرێ كە لێكۆڵینەوەیەكی گاڵتەجاڕییانەم لەگەڵ كرا. نە ئەوان ئینگلیزیان دەزانی و نە منیش لە كوردی یان عەرەبی تێدەگەشتم. رۆژیك دواتر لە ئاكرێوە گوازرامەوە بۆ چاكسازی هەولێر. كاتێك فڕێدرامە بەندیخانەكەوە، گومانم لەوە نەبوو كە شتەكان لەوە خراپتر نابن. هەر كە گەشتم، دەبوو ژوورەكە بەش بكەم لەگەڵ ١٣٧ بەندكراوی دیكە. لەكاتی ئازادبوونم. ریكۆردی گرتووخانەكە شكا چونكە ١٦٠ زیندانی ٥٠ مەتر چوارگۆشەیان بۆ دابینكرابوو.

وەك ئەوە وابوو ١٢ كەس لەسەر دوو سیسەم پاڵبكەون. یان وەك ئەوەی ناچارت بكەن لەگەڵ دوو كەسی تر لەناو تابووتێكدا بنویت. تاكە رێگاچارە بۆ ئەوەی دەست و قاچت بڵاو بكەیتەوە لەسەر زەوییەكە ئەوەبوو لەسەر لایەك پاڵبكەویت بەگوێرەی پرۆتۆكۆلێك لەلایەن پاسەوانی ژوورەكەو سەرپەرشتیارەكەی. «ئای خوایە!»، ئەم رستەیە هەموو شەوێك بەهاوار دەوترایەوە. ئەو پیاوەی ئەوەی دەوت پەكەكە بوو كەزیاتر لەگیرۆدەی ژوری زیندان دەترسا وەك لەوەی لە بۆمبارانەكانی توركەكان بترسێت.

پرۆتۆكۆلەكە بەم جۆرە بوو: سەرت لەپێشی پێی هاوزیندانییەكی تەنیشتت و سنگت لەبەردەم لاقی. ئەوان بەزۆر چەند پەرداخێك لەچاو و شەكرو كافوریان دەدایتێ بۆ دامركاندنەوەی هەستی سێكسی. ئەو فشارەی دەتچەشت و لەهەمان كاتیشدا زۆر لەخۆكردنت ئەوەندە ئاشكرابوو كە زۆرجار جەستەت شین دەبوەوە، زیبكەو كێمی لێدەهات.

خواردنەكەیان پیس بوو. زۆرجار زیندانییەك لەڕۆژێكدا تەنها قاپێك برنج و نۆكاو هەیە بیخوات. ئەو بەرپرسانەی بەندینخانەكە بەڕێوە دەبەن ئەو بڕە پارەیە، كە بۆ هەر زیندانییەك 10 بۆ ١٢ دۆلارە لەڕۆژێكدا، بۆخۆیان دەبەن كە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە تەرخانكراوە. ئەو پارەیە پێویستییە بۆ هێشتنەوەی ڤێلاو ئۆتومبیلە ئەمریكییە گرانبەهاكانی گەندەڵی بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان.

هەرزەكارێكی كوردی خەڵكی شەنگال قۆڵی بەجگەرەیەكی كۆری دەسوتاند. لێمی پرسی: “هەرگیز شتێكی لەو جۆرەت بینیوە؟». منیش سەرم لەقاند. “تۆ بەمزوانە لێرە دەڕۆیت، ئینشەڵا! سوێندم بۆ بخۆ كە منت بیرنەچێتەوە»، هەرزەكارەكە وای پێوتم.  زیندانییەكانی ئاسایشی هەولێر خەون بەگوانتانامۆو ئەبوغرێبەوە دەبینن و لەهەمان كاتیشدا زانیارییەكانی دەستبەسەكردنیان لەسەر كاغەزی جگەرەی میلانۆ دەنووسن : “شەش ساڵ و چوار مانگ لەژوورێكی بەندیخانەیەكی شاراوە، رووتەختێكی یەك مەتری سێجاو دوو كەسی تریش لێرەن. نازانم بەچی تۆمەتباركراوم، پێشم نەوتراوە كە چەنیك لێرە ئەمێنمەوە»، ئەوەی ئەمەی نووسی فەرماندەیەكی پێشووی پێشمەرگەیە.

گۆڕینەوەی شەق و ئانیشك لێدان زۆرجار تاكە رێگەچارەبوو كە بۆشایی خۆتت بەدرێژایی شەو دەستبكەوێت. ئەوە كاردانەوەیەكی مرۆڤانەو ماقوڵە. ئەگەر یەكێك لەپاسەوانەكانی گرتووخانەكە بزانن كە لەكەسێك دەدەیت، ئەوا دەستبەجێ بۆ كەسێك دەخۆیت بۆ ناو دەموچاوت لەلایەن كەسی تەنیشتتەوە. رەنگە یاساكە بێ بەزەییانە بێت بەڵام بەسوودە بۆ دامركاندنەوەی تەقینەوەی توندوتیژی.

هیچ جیاوازییەكیش لەگەڵ بەندكراوەكانی داعش ناكرێت. ئیمام عیماد یەكەم بەندكراو بوو كە چاوم پێی كەوت كاتێك گوازرامەوە بۆ بەندیخانەی هەولێرو یەكێك بوو لەو كەسانە حەزی بەقسەكردن بوو چونكە لەو بەندكراوە كەمانە بوو كە بەئینگلیزی پاراو قسەی دەكرد. ١٠٤ جار قورئانی خوێندبووەوە. لەگەڵ ئەندامەكانی تری داعش رۆژەكەیان بەخوێندنەوەی چەند سورەتێك بەسەردەبرد. كوردەكانیش نوێژ دەكەن بەڵام لە بێهیوایداو بەبێ هەمان زەبت و رەبت.

تەنانەت سێ رۆژ تێپەڕنەبوبوو لەو كاتەوەی گەشتبومە بەندیخانەكە كە شایەتی تێهەڵدانی بەندكراوێك بووم. لەڕۆژی ئازادكردنمدا گۆرانیبێژێكی ناسراوی هەولێر چووە نۆرینگەی گرتووخانەكە و داوای چارەسەری كرد  بۆ  كاردانەوەی «وازهێنان لە ئالودەبوون». دوو یاریدەدەرە پزیشكیەكە و ئەفسەرێك بەدار لەهونەرمەندەكەیاندا هەتا لە پەلوپۆیان خست.

هیچ شتێك نەمابوو سەرم بسوڕمێنێت. دەستم كەلەپچەكرابوو لەتەنیشت پزیشكێكی موسڵ لە فڕۆكەخانە كە بەنیازی ئەوە بوو چەندڕۆژی داهاتوو لەگەڵ خێزانەكەی لەتوركیا بەپشوو بەسەرببات. ئەو وەك من رفێنرابوو چونكە ناوو نازناوی وەك جیهادیەكی داعش بوو كە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە داواكرابوو. لەكوردستانی بارزانییەكاندا، هیچ بەڵگەیەك پێویست نییە بۆ وەستاندن یان ئەشكەنجەدانی كەسێك. یان هەمویان بكوژن یان بەندیان بكەن.

هەروەك ئەوەی بۆی چووم، باڵیۆزخانەی ئیسپانیا دەربارەی رفاندنەكەم زانیبوی و ستافی ئاگاداركردبوەوە بۆ كاركردن لەسەر كەیسەكەی من. بەڵام، ئازادكردنم دواكەوت و هانزی ئیسكۆبار، باڵیۆزی ئیسپانی خۆی پەیوەندی كرد بەوەزیری دەرەوەی هەرێمی كوردستان تا پشتڕاستی بكاتەوە كە من «تەنها رۆژنامەنوسێكم».

دواتر زانیم دەستەیەكی بچوك لەهاوڕێیانم لەدەرەوە بوون، زۆربەیان رۆژنامەنووس بوون كە ئاشنابوون بەناوچەكە و لەو میدیایە كاریان دەكرد كە من زۆرجار كاریان بۆ دەكەم. ئەوە باشترین دیارییە. بەهۆی پەیوەندییەكانیانەوە، هەموو میزۆپۆتامیا گەڕان بۆ كۆكردنەوەی هەندێك زانیاری كە روونی بكاتەوە چی روویداوە. لە ٤ی ئەیلول، جارێكی دیكە بەشەقامەكانی عەنكاوەدا گەڕام و چەند رۆژێك دوای ئەوە لەقاهیرەوە گەڕامەوە بۆ بەرشەلۆنە.



PM:08:35:05/10/2019