نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكەمین جار فەرمانی لەسێدارەدانی تاوانبارێك واژۆ دەكات

نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكەمین جار فەرمانی لەسێدارەدانی تاوانبارێك واژۆ دەكات
مەوداپرێس-

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمین جار واژۆ لەسەر بڕیارێكی لەسێدارەدانی ئەو كەسە دەكات كە لەچەند رۆژی رابردوو لەهەولێر تەواوی ئەندامانی خێزانێ‌كی كوشت. 

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، بە مەوداپرێس-ی راگەیاند، سەرۆكی هەرێم پێی وتوم كە ده‌بێت بكوژی خێزانە پێنج کەسییەکەی ‌ په‌نابه‌ری رۆژئاوای كوردستان قورسترین سزا بدرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سێداره‌دانیش بێت، چونکە "تاوانەکە ئەوەندە گەورەیە ناخی هەژاندووم".

نێچیرڤان بارزانی وتوی من وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ ده‌سه‌ڵاتی قانونیم هەیە، هەرکاتێک دادگا بڕیاری سزای لە سێدارە دانی دەرکرد، ئاماده‌م رۆژی دواتر ئه‌م بڕیارە واژۆ بكه‌م. پارێزگاری هەولێر وادەڵێت.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، لەچەند رۆژی رابردوو لە گوندی پیرڕەش لە شاری هه‌ولێر، خێزانێکی كوردی رۆژئاوای كوردستان كه‌ پێکهاتبوون لە باوک و دایک و سێ منداڵیان به‌ كوژراوی دۆزرانه‌وه‌ و دواتر پۆلیسی هه‌ولێر ده‌ستگیركردنی بكوژه‌كه‌ی راگه‌یاند.



PM:10:01:06/10/2019