"20 منداڵم لەباربردووە و لەبەر خواش لەسەری بەردەوام دەبم"

مه‌وداپرێس- رەنگین عارف

تریفه‌ عه‌لی، که‌ ده‌موچاوی ته‌واو وشک و سپی هه‌ڵگه‌ڕابوو به‌په‌له‌ خۆی کرد به‌ ماڵی شوکری فه‌ره‌یدون دا، له‌وکاته‌دا که‌ شوکری بینی به‌ په‌شۆکاوییه‌کی زۆره‌وه‌ پێیوت له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌ خوێنی لێ ده‌ڕوات و ناوه‌ستێت. تریفه‌ پازده‌ رۆژه‌ منداڵێکی له‌بار بردووه‌ و ئێستاش مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ خوێنه‌که‌ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابنێت، به‌ڵام شوکری هێوری کرده‌وه‌ و پێی وت هه‌تا دوو هه‌فته‌ی تریش جاروبار خوێن ده‌بینێت.

به‌وته‌ی شوکری، تریفه‌ منداڵه‌که‌ی به‌بێ پرسی مێرده‌که‌ی له‌بار بردووه‌، پێی وتووه‌ ئه‌و به‌ نیازی جیابوونه‌وه‌یه‌ له‌ مێرده‌که‌ی و نایه‌وێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک منداڵ ببێته‌ هۆی مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی، بۆیه‌ وتوویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی نه‌فه‌وتێت له‌باری ده‌بات و مێرده‌که‌ی بۆ ماوه‌ی 20 رۆژ له‌ ده‌وام بووه‌ و به‌بێ پرسی مێرده‌که‌ی ئه‌و کاره‌ی بۆ کردووه‌.

چیرۆکه‌کانی له‌باربردنی منداڵ لای شوکری فه‌ره‌یدوون، که‌ دانیشتووی شارێکی هه‌رێمی کوردستانه‌ و له‌به‌ر ئاشکرانه‌بوونی ناوی خۆی و شوێنی نیشته‌جێبوونه‌که‌ی ئاشکرا ناکرێت و لای "مه‌وداپرێس" پارێزراوه‌، زۆر زۆرن، به‌ڕاده‌یه‌ک ئه‌و خۆی ده‌ڵێت نزیکه‌ی بیست منداڵی له‌بار بردووه‌ و له‌ڕێگه‌ی ئه‌و که‌سانه‌شی ئه‌و کاره‌یان لا کردووه‌ خه‌ڵکی تری بۆ ده‌هێنرێت تا به‌ هۆکاری جیا جیا منداڵه‌که‌ی له‌بار ببات.

ئه‌و به‌ مه‌وداپرێسی وت "من ئه‌و کاره‌ له‌به‌ر خاتری خودا ده‌که‌م، ته‌نها تێچووی ئیشه‌که‌ش وه‌رده‌گرمه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وانه‌ی دێن بۆ لای من بوونی منداڵه‌که‌یان کێشه‌ی زۆر گه‌وره‌یان بۆ دروستده‌کات، بۆیه‌ هاوکارییان ده‌که‌م و خێر ده‌که‌م، چونکه‌ ناهێڵم کێشه‌ و گرفته‌کان ته‌شه‌نه‌ بسه‌نن و کۆتاییان پێ دێنم."

شوکری ئاگاداری ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و کاره‌ی ئه‌و ئه‌نجامی ده‌دات به‌ تاوان هه‌ژمار ده‌کرێت و سزای له‌سه‌ره‌، به‌ڵام ئه‌و وتی "به‌ڵێ راسته‌، به‌ڵام کاره‌که‌ی من بۆ ئاشته‌وایی نێوان خێزانه‌کان زۆر گرنگه‌، ئێوه‌ نازانن ده‌یان کێشه‌ی گه‌وره‌م کۆتایی پێهێناوه‌، که‌ ره‌نگه‌ ده‌یان که‌سی له‌سه‌ر بکوژرایه‌، بۆیه‌ من خۆشم و پورێکیشم که‌ ئێستا له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌ ئه‌و کاره‌ی کردووه‌ و ئێستا من به‌رده‌وامم."

"ئه‌گه‌ر منداڵه‌که‌ گه‌وره‌ بووبێت و سێ مانگی تێپه‌ڕاندبێت ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌کی زۆر گه‌وره نه‌بێت له‌باری نابه‌م، به‌ڵام له‌ هه‌فته‌کانی سه‌ره‌تایدا سێ هه‌فته‌ یان چوار هه‌فته‌ یان شه‌ش هه‌فته‌ له‌باری ده‌به‌ین، ئێستا ئیشه‌که‌ به‌ حه‌ب ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ دوو سێ کاتی جیاوازدا چه‌ند ده‌نکه‌ حه‌بێک ده‌درێت به‌ ژنه‌که‌ و منداڵه‌که‌ له‌ڕێگه‌ی ره‌حمی ژنه‌که‌وه‌ داده‌ندرێت." شوکری وای وت.

چیرۆکه‌کان لای شوکری زۆر و زه‌وه‌نده‌ن، له‌دوای پورییه‌وه‌ که‌ کۆچی دوایی کردووه‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵه‌ سه‌رقاڵه‌ و هه‌رکه‌س بیه‌وێت بۆ منداڵ له‌باربردن هاوکاریی ده‌کات ئه‌گه‌ر بزانێت کێشه‌ درووست ده‌کات.

ئه‌و حاڵه‌تێکی تری گێڕایه‌وه‌ و وتی "کچێک هات بۆ لام، نۆزده‌ ساڵ بوو، کوڕی ده‌وڵه‌مه‌ندێک هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندبوو، دوای ئه‌وه‌ی په‌رده‌ی کچێنی ناهێڵێت سکیشی پێ ده‌کات، دواتریش کوڕه‌که‌ ده‌ڕوات بۆ ئه‌وروپا و جوابی کچه‌که‌ ناداته‌وه‌، هێنایان بۆ لای من منداڵه‌که‌ی شه‌ش هه‌فته‌ بوو، ئێ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ی بۆ نه‌کرێت ئه‌و کچه‌ ده‌کوژرا."

وتیشی "ئێستاش سه‌ردانم ده‌کات و ته‌واو ژیانی خۆی ده‌ستپێکردووه‌ته‌وه‌ و په‌رده‌ی کچێنییه‌که‌شی چاک کردووه‌ته‌وه‌، من ته‌نها له‌و حاڵه‌تانه‌دا که‌ ده‌زانم کێشه‌کان کۆتایی پێ دێنم ئه‌و کاره‌ ده‌که‌م و دڵخۆشیشم، چونکه‌ ده‌بمه‌ هۆکاری که‌مکردنه‌وه‌ و نه‌مانی کێشه‌کان له‌و رووه‌وه‌."

له‌ چەند مادده‌یەكی یاسای سزادانی عیراقیدا سزای له‌باربردنی منداڵ به‌م شێوه‌یه‌ دیاریکراوه‌ "ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌ ئه‌نقه‌ست منداڵه‌که‌ی له‌بار به‌رێت سزاکه‌ی ساڵێک به‌ندکردنه‌ و بڕی 150 هه‌زار دیناریش غه‌رامه‌ ده‌کرێت." هه‌روه‌ها یاساکه‌ سزای بۆ ئه‌وانه‌ش داناوه‌ که‌ منداڵ له‌بار ده‌به‌ن‌ و به‌ جۆرێکه‌ که‌ "به‌ند ده‌کرێن به‌ جۆرێک له‌ ده‌ ساڵ زیاتر نه‌بێت."

پزیشكەكان چی دەڵێن؟

تانیا قادر، پزیشکی پسۆڕی ژنان و منداڵبوونه‌ و له‌ قسه‌کانیدا مه‌ترسیی خۆی له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی ئه‌و دیارده‌یه‌ راگه‌یاند و وتی "ئێمه‌ پزیشکین ده‌زانین له‌ ماڵ و چه‌ند جێگه‌یه‌کی تریش منداڵ له‌بار ده‌برێت، خه‌ڵک هه‌یه‌ دێت لای ئێمه‌ داوا ده‌کات، ئێمه‌ش رێوشوێنه‌که‌ی پێ ده‌ڵێین، به‌ڵام دوای هه‌فته‌یه‌ک ژنه‌که‌ دێته‌وه‌ منداڵه‌که‌ی له‌بار بردووه‌ و بارودۆخیشیان زۆر خراپ ده‌بێت."

ئه‌و پزیشکه‌ به‌ مه‌وداپرێسی وت "چه‌ند ژنێک هاتوونه‌ته‌ لای من دوای منداڵ له‌باربردن به‌ نایاسایی زۆر به‌ ئه‌سته‌م توانیومه‌ ژیانیان رزگار بکه‌م."

حكومەت و پەرلەمانیش قسەیان هەیە
نزیكه‌ی حه‌وت ساڵه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێم لیژنه‌یه‌ك بەناوی لیژنه‌ی له‌باربردنی سكپڕی پێكهێنراوه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ رابردوودا ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ سكی دایكیاندا ناكام بوون زیادی كردووه ‌‌و بوونه‌ته‌ بارگرانی به‌سه‌ر دایك و باوكه‌كه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رێنمایی ده‌ركردووه‌، كه‌ به‌ چه‌ند مه‌رجێك رێگه‌ به‌ له‌باربردنی منداڵ له ‌سكی دایكدا ده‌درێت.

ئه‌ندامه‌كانی لیژنه‌ی له‌باربردنی سكپڕی، له‌ سێ كه‌س پێكهاتوون کە پسپۆڕن له‌ بواره‌كانی هه‌ناوی و مناڵان و ئافره‌تاندا و هه‌ر سێ مانگ جارێك لیژنه‌كه‌ گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت.

رێنماییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ سێ حاڵه‌تدا رێ به‌ له‌باربردنی منداڵ ده‌دات، پشكنین ده‌ری بخات كه‌ منداڵه‌كه‌ ناتوانێت بژی، مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی دایكه‌كه‌ هه‌بێت، ته‌مه‌نی له‌ 120 رۆژ تێنه‌په‌ڕی بێت.


محەمەد قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌وداپرێسی راگه‌یاند "ئه‌و لیژنه‌یه‌ تائێستاش ماوه‌ و کاری خۆیان ده‌کەن".

وتیشی "به‌ده‌ر له‌و مه‌رج و رێنماییانه‌ و ئه‌نجامدانی کاره‌که‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی حکومی و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و پزیشکانه‌ی لیژنه‌که‌ دیارییان ده‌کات له‌باربردنی منداڵ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌یه‌ و لێکه‌وته‌ و بارودۆخی مه‌ترسیدار به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت."




PM:09:40:07/10/2019