پەرلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی رۆژئاوا كۆدەبێتەوە

پەرلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی رۆژئاوا كۆدەبێتەوە
مەوداپرێس-

پەرلەمانی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ دانیشتنێكی تایبەت سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای كوردستان و هەروەها داواش دەكات ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای توركیا بوەستێنرێت بەڕێگەچارەی ئاشتاییانە كێشەكان چارەسەر بكرێن.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستاندا لە راگەیەندراوێكیدا رایگەیاندووە، پێمان وایە لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا نەك چارەسەری کیشەکان ناکات، بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتی دورتر دەخاتەوە. داوا لە کۆمەڵگای نێوەدەڵەتی دەکەین، بە تایبەتی ئەمەریکا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا، هەمو هێز و توانایان بخەنە گەڕ بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە و رێگرتن لە ناسەقامگیریی زیاتر و هەوڵدان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی نوێ بۆ دانوستاندن.

هەروەها پەرلەمانی كوردستان داوا لەسەرجەم هێز و لایەنە کوردستانیەکان دەکات ناكۆكییە سیاسییەكانیان وەلا بنێن و لەسەر بنەمای دوربینیی سیاسی پێكەوە لە خەباتی مەدەنییانە و ئاشتییانە بەردەوام بن بۆ كۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەنراویک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە 
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە لەشکرکێشیی سوپای تورکیا بۆ چەند ناوچەیەکی جیاجیای رۆژئاوای کوردستان دەڕوانێت و داوا دەکەین هەرچی زوە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێنرێن و لە رێگای دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەوە کێشەکان چارەسەر بکرین.
 
دۆخی ناوچەکە هیشتا لە قۆناغیکی هەستیار و ناجێگیردایە و شەڕی تیرۆر کۆتایی نەهاتوە و گەلانی ناوچەکە لە نەهامەتی و ناسەقامگیریدا دەژین و پێمان وایە ئەم لەشکرکێشییە نەک چارەسەری کیشەکان ناکات، بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتی دورتر دەخاتەوە. داوا لە کۆمەڵگای نێوەدەڵەتی دەکەین، بە تایبەتی ئەمەریکا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا، هەمو هێز و توانایان بخەنە گەڕ بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە و رێگرتن لە ناسەقامگیریی زیاتر و هەوڵدان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی نوێ بۆ دانوستاندن.

بەتوندی ئیدانەی هەر جۆرە پەلامارێک دەکەین کە هاوڵاتیانی سیڤیل بە ئامانج بگرێت لە هەر لایەکەوە بێت. پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی تەواو لە بونی دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات لە سەر ئاستی هەرێمایەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی کێشەکانی ناوچەکە. گەلی کوردستان، بە شانازییەکی زۆرەوە پێشەنگی خەبات و قوربانی بوە لە شکستپێهێنانی تیرۆریستانی داعش و هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی و جیهانی. بەردەوامیی ئەم دۆخە نەخوازراوە سەربازییەی سەر رۆژئاوای کوردستان، زەمینەی زیاتر بۆ تیرۆرسیتان دێنێتە ئارا و دەستکەوتەکانی شەرَی تیرۆر لە ناو دەبات و بەوەش ئاشتی هەرێمایەتی و جیهانی دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەی جددیەوە.

پەرلەمانی کوردستان بەردەوام پشتیوانی چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراسییانەی دۆزی رەوای خەڵکی کوردستانە لە هەر پارچەیەک بێت. داوا لەسەرجەم هێز و لایەنە کوردستانیەکان دەکەین، هەمو ناکۆکیەکی سیاسی بخەنە لاوە و لە سەر بنەمای حیکمەت و دوربینیی سیاسی، پێکەوە لە خەباتی ئاشتییانە و دیپلۆماسیانە و مەدەنیانە بەردەوام بن بۆ کۆتاییهینان بەم دۆخە نەخوازراوە. پەرلەمانی کوردستان بەردەوام بە دواداچون بۆ ئەم دۆخە دەکات و ئامادەکاری بۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات.


AM:12:29:10/10/2019