خانمان هۆشیار دەکرێنەوە

خانمان هۆشیار دەکرێنەوە
مەوداپرێس-سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی سیمنارێک سەبارەت بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەچوو، کە ئامانج لەم سیمینارە هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ خۆپاراستنیان لە نەخۆشی شێرپەنجە.

دکتۆرە بینایی کامەران، پسپۆڕی زانستی خۆراک کە یەکێک بوو لە بەشداربوانی سیمینارەکە بە مەوداپرێسی راگەیاند "لەو سیمینارە دا باس لەو رێنمایانە کران کە ئایا خۆراک چ پەیوەندییەکی بە شێرپەنجەی مەمکەوە هەیە".

باسی لەوەشکر، "لە سیمینارەکەدا رێنمایی دەدرێت بەو خانمانەی کە چاکبوونەتەوە پێویستە ئاگاداری ئەو خواردنانە بن کە دەیخۆن، بۆ ئەوەی ئەگەری توشبوونەوەیان بە شیرپەنجەی مەمک کەمتر بێت بەهۆی خۆراکەوە".

سەبارەت بە ئامانجی ئەو سیمینارە دکتۆرە بینایی وتی "ئەم سیمینارە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکە، بۆی خەڵک ئاگاداربێت لەوەی خواردنی ناتەندروست و وەرزش نەکردن هۆکارە بۆ شێرپەنجەی مەمک، هەروەها هاوکاری کردنی ئەو کەسانەی کە ئەو نەخۆشیەیان هەبووە و چاکبوونەتەوە".

ناوبراو باسی لەوەشکرد "رێژەی توشبووانی خانمان بە نەخۆشی شێرپەنجە زیادی کردووە".



PM:03:25:10/10/2019