ژمارەیەك كۆمپانیا لەهەرێمی كوردستان مامەڵەكانیان لەگەڵ توركیا راگرت

ژمارەیەك كۆمپانیا لەهەرێمی كوردستان مامەڵەكانیان لەگەڵ توركیا راگرت
مەوداپرێس- 

ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاری و بازرگانی  وەکو هەڵوێستێک بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ، مامەڵەكانیان ڕاگرت و داواش لە كۆمپانیاكانی دیكە دەكەن هەمان هەڵوێست بنوێنن. 

عەبدولواحید دوكانی، خاوەنی كۆمپانیای دوكانی فۆرس بەمەوداپرێس-ی راگەیاند، وەكو هەڵوێستێك لەدژی هێرشەكانی توركیا بۆسەر كوردانی رۆژئاوا سەرجەم گرێبەستەكانمان لەگەڵ کۆمپانیا تورکیەکان ڕاگرت.

ئاماژەی بەوەشكرد،  ئەوان پێشتر مامەڵەی هێنانی كەلوپەلی كارەبایی و دیكۆراتیان لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكان دەكرد و ئەمڕۆش چوار ترێلە لەدەرگا و كەلوپەلانە كە بڕی زیاتر لە 450000 چوارسەدو پەنجا هەزار دۆلار (45) دەفتەر بوو راگرت و  دوو ترێلە  بارکراویشمان کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بەڕێبکەون بۆ سلێمانی، لە ئەستەنبوڵ بەتاڵکردەوە.

عەبدولواحید دوكانی باسی لەوەكرد، لەبری توركیا لەمەودوا لەگەڵ ئێران و دوبەی مامەڵەدەكەن. 

باسی لەوەشكرد، ئەمڕۆ رۆژی نواندنی هەڵوێستە چونكە سەدان كۆمپانیای گەورە هەن لەهەرێمی كوردستان رۆژانە مامەڵە لەگەڵ توركیا دەكەن  و بەراگرتنی كارەكانيان لەگەڵ ئەو كۆمپانیانە ئابوری توركیا زیانی گەورەی پێدەگات. 

ناتوانین بچینە سەنگەرەكانی شەڕ لەرۆژئاوا بەڵام ئێمەش بەشێوەیەكی دیكە هەڵوێست لەدژی توركیا وەردەگرین و پشتیوانی كوردانی رۆژئاوا دەكەین كە بازرگانیان لەگەڵ ناكەین تا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە. خاوەنی كۆمپانیای دوكانی فۆرس وای وت.

لەلایەكی دیكەوە ژینۆ ئەفراسیاو بەڕێوەبەری گروپی کۆمپانیاکانی حاکم گروپ بە مەوداپرێس-ی راگەیاند، ئەوان وەکو هەڵوێستێکی نیشتیمانی دژی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاریانداوە سەرجەم گەشتەکانیان بۆ وڵاتی تورکیا رابگرن.

ئەوەشیخستەڕوو، تاکاتێک دۆخی ڕۆژئاوا هێور دەبێتەوە و شەڕ دەوەستێ بەردەوام دەبین لە بایکۆتکردنی گەشتەکانمان بۆ وڵاتی تورکیا.

رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کاتژمێر ٤:٢٠  ئەرۆدغان دەستپێكردنی هێرشەكانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان راگەیاند و لە یەکەم قۆناغدا بە بۆردوومانی چەند ناوچەیەک دەستیپێکرد و پاشان دەستی بە هێرشی زەمنیی کرد.

تا ئێستا چەندین وڵاتی جیهان هێرشکەی سەر ڕۆژئاوایان ئیدانە کردووە و بە کارێکی دژ بە مرۆڤایەتی ناویان بردووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامن کە بەرگریکردن لە خاکی ڕۆژئاوا و تا ئێستا چەندین ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سوپای تورکیا ئەنجامداوە.



PM:07:43:13/10/2019