لەماوەی 24 کاتژمێردا لە رۆژائاوا، بە ئەندازەی ساڵێک گۆڕانکاری روویدا

لەماوەی 24 کاتژمێردا لە رۆژائاوا، بە ئەندازەی ساڵێک گۆڕانکاری روویدا
مەوداپرێس-داهۆسالم

دیارە دوێنێ شەو رەوشی سەربازی لە بەرژەوەندی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" بوو، ئەوەش بەهۆی پاشەکشە پێکردنی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا لەسەرێکانی، هەربۆیە پێش نیوەڕۆی دوێنێ لە گۆڕانکارییەکی سەربازیدا، سوپای تورک فەوکەسی سەربازی گواستەوە بۆ هێڵەکانی پشتەوەی هەسەدە لە "عەین عیسا" و بۆردوومانی قورسی ناوچەکەی دەستپێکرد، کە یەکێک لە بنکە سەربازییە سەرەکیەکانی ئەمەریکا و کامپی داعشەکانی لێ بوو.

چەند کاتژمێرێک دواتر رەوشەکە بەتەواوەتی گۆڕا، هەرچەند پێشتر ووتبووی تەنها 50 سەربازمان لەناوچەی جەنگ دوورخستووەتەوە، لە هەڵوێستێکی لەناکاودا "ترەمپ" بڕیاری کشانەوەی تەواوەتی سەربازی لە سوریا راگەیاند، ئیتر هەموو شتێک تێکچوو.

پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ، بە نێوەندگیری رووسیا، دەنگۆی گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە بڵاوبوویەوە، پاش جموجوڵەکانی سوپای ڕژێم لە هێڵەکانی تەماس لەگەڵ هەسەدە بۆ گەڕانەوە، ئەمەریکا بۆردومانی کاروانێکی سەربازی سوریای کردووە لە ڕۆژئاوای ڕەقە، ئەمەش ئاماژەی گومانە لە هەڵوێستی ئەمەریکا لە بەرژەوەندی تورکیا.

شەوی رابردوو، تا ئەندازەیەک بەرەکانی جەنگ لەنێوان هەسەدە و تورکیا هێوربوو. هەر هەمان شەو پێشەنگی کاروانی سەربازی سوریا دوای نزیکەی شەش ساڵ، گەیشتە عەین عیسا و حەسەکە.

بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە، خاوە خاو و تەمومژێک لەگەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ ناوچەکانی هەسەدە بەتایبەت ناوچەکانی نزیک لە جەنگ لەگۆڕێدایە، بێگومان تورکیا دژبە و هەنگاوە دەوەستێتەوە، ئەو ئەیەوێ بەشی خۆی لەژێر ناوی ناوچەی ئارام لەخاکی سوریا ببات، چونکە پێی وایە ئەوە فشار و هێرشی ئەوان بوو ئەمەریکای وەدەرنا و کۆتای بەدەسەڵاتی نیمچە دەوڵەتی کوردی هێنا لە باکوری سوریا و هەسەدەی ناچارکرد سازش بۆ دیمەشق بکات، بۆیە بەدڵنییاییەوە، تورکەکان لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدان ڕووسەکان قایل بکەن بۆئەوەی دەسبەسەر چەند ناوچەیەک بگرن لەو سنوورەی بۆ ناوچەی ئارام دیاریکردووە، بۆیە هێشتا مەترسی خیانەتێکی تریش لەدژی کورد لەلایەن رووسەکانیشەوە لەئارادایە.


PM:03:13:14/10/2019