وردبینی لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمدا دەکرێت

وردبینی لە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمدا دەکرێت
مەودا پرێس_

ژمارەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم سەرلەنوێ لە نێوان هەرێم و بەغدادا سەرهەڵدەداتەوە و پەرلەمانی عێراقیش دەزگای چاودێریی دارایی عێراقی ڕاسپاردووە بۆ وردبینیکردن لە مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام هەرێم ڕایدەگەیەنێت بەغدا تەنها کار لەسەر داتای شانزە ساڵ پێش ئێستا دەکات بۆ ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم و دەڵێ داتای تازە وەرناگرن.

کێشەی ژمارەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم لە نێوان هەرێم و بەغدادا تازە نییە، لە دوای ساڵی ٢٠١٠ـەوە هەرێم ئەو کێشەیەی لەگەڵ کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عێراقیدا هەبووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی بودجەی ١٧% ڕاستەوخۆ دەدرا بە هەرێم زۆر کێشەی درووست نەکردبوو، ئێستا کە هەرێم و بەغدا بۆ بودجەی ٢٠٢٠ لە گفتوگۆدان، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم لە نێوانیاندا بووە بە کێشە و جیاوازیی نێوانیشیان زیاتر لە ٦٠٠ هەزار مووچەخۆرە.

سەرەتای ئەم مانگە حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دیوانی چاودێری دارایی عێراقی ڕاسپاردووە وردبینیی تەواو لە مووچەخۆرانی هەرێم بکات و ئەوانیش هەرێمیان ئاگادار کردووەتەوە کە لیستی مووچەخۆرەکانیان بۆ بنێرن تاکو بەدواداچوون و وردبینییەکانی خۆیانی لەسەر بکەن.

سەرچاوەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی بهێندرێت ئاماژەی بەوە دا هەرێم لیستی مووچەخۆرانی سەرجەم وەزارەتەکانی ئامادە کردووە و ناردوویەتی بۆ بەغدا، ئەمە یەکەم جاریش نییە هەرێم ئەو لیستە بنێرێتە بەغدا، بەڵکوو لە ساڵانی ڕابردووشدا هەرکات بەغدا داوای کردبێت ئەوا هەرێم لیستەکەی بۆ ناردوون.

ئەو سەرچاوەیە بە "مەودا پرێس"ی وت: "کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا ئەوەیە ئەو داتایەی ئەوان قسەی لەسەر دەکەن هی ساڵی ٢٠٠٣یە و ١٦ ساڵ پێش ئێستایە، لەو کاتەشەوە سەدان هەزار فەرمانبەر دامەزرێندراون لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمدا، هەرچەند داتای تازەش دەنێرین ئەوان قبووڵی ناکەن و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بە کەمتر لە ٧٠٠ هەزار فەرمانبەر داناوە، لە کاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێم نزیکەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار فەرمانبەرن."

لە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا بڕی ٤٥٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە دەکرێت و حسابی ٦٨٠ هەزار فەرمانبەر کراوە، بەڵام هەرێم دەیەوێت لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠دا تەواوی ڕێژەی فەرمانبەران بچەسپێنێت و بەغداش ڕێگە بەوە نادات.

پێشتر عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو پرسە ڕایگەیاندبوو: گومان هەیە سەبارەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و مووچەکانیان، کە تا ئێستا نەچوونەتە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە.

لە ناو پەرلەمانی عێراق کۆدەنگییەک درووست بووە کە مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم ڕابگیرێت تا ئەوکاتەی هەرێم پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەرێم لە ٢٠٢٠دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش نانێردرێت.
عەبدولهادی سەعداوی دەشڵێت: "پەرلەمان پابەندە بەوەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕابگرێت تا ئەو کاتەی وردبینیی دەکرێت بۆ زانینی ژمارەی ڕاستەقینەیان، ئێستا لە لایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە سەرگەرمی لێکۆڵینەوەیە لەسەر تۆماری بایۆمەتریی فەرمانبەرانی هەرێم."

هەرچی پەرلەمانتارانی کوردیشن پێیان وایە ئەگەر هەرێم و بەغدا لەسەر پشکی دیاریکراوی هەرێم ڕێک بکەون وەک ساڵانی پێشوو ڕەنگە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم زۆر نەبێتە کێشە.

ئه‌حمه‌د سه‌فار، پەرلەمانتاری کورد و ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "مەودا پرێس"ی ئاشکرا کرد، حکومەتی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێم کردووە بایۆمەتریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ بنێرێت.

وتیشی: "ئەگەر هەرێم و بەغدا لەسەر ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە و پشکی دیاریکراوی هەرێم لە بودجە ڕێک بکەون ئەوا ژمارەی فەرمانبەران زۆر نابێت بە کێشە و چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنەکە تەنها لەسەر مووچەی فەرمانبەران بێت وەک ئەمساڵ دەبێت هەرێم و بەغدا لەسەر ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن."



PM:06:22:16/10/2019