1100 کۆمپانیای تورکی شتومەک ھاوردەی کوردستان دەکەن

1100 کۆمپانیای تورکی شتومەک ھاوردەی کوردستان دەکەن
مەوداپرێس_

پرسی بایکۆتکردنی شتومەک و کاڵای تورکی لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەچێتە پێشەوە و لەگەڵ ئەوەی داوای ئامادەکاری و شوێنگرەوە بۆ کاڵای تورکی دەکرێت، هاوکات داواش دەکرێت بایکۆتی شمەک و کاڵای ئێرانییش بکرێت، چونکە حکومەتی ئێرانیش لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتوانەکەی سیاسەتێکی نادیموکراسی و نامرۆییانە پەیڕەو دەکات.

بە پێی ئەو ئامارانەی دەست مەوداپرێس کەوتوون، لە ساڵی 2018دا بە بەهای 10 ملیار دۆلار کاڵا و شمەک و خۆراک لە تورکیا هاوردەی هەرێم کراوە و لە هەمان ساڵیشدا بایی 6 ملیار دۆلار شمەک لە ئێرانەوە هێندراوە، دەوترێت ئەگەر بایکۆت بکرێت کاریگەرییەکی ئابووریی گەورە دەکەوێتە سەر ئێران و تورکیا و ئەوەش ئەنجامێکی باشی دەبێت، بەڵام ئایا هەرێم لە ڕووی بەرهەمی ناوخۆیی و شوێنگرەوەی لە لایەن شمەکی وڵاتانی ترەوە دەتوانێت ئەو بایکۆتە بکات؟

فەتاح ئەحمەد شارباژێڕی، یەکێک لەو بازرگانانەیە کە لە تورکیاوە خۆراک دەهێنێتە هەرێمی کوردستان بە مەوداپرێسی ڕاگەیاند "ئەو بارودۆخەی لە ڕۆژئاوا و باکوور بەرامبەر کورد دەکرێت بۆ ئێمەی بازرگانیش جێگەی نیگەرانییە، ئێمە چەند بازرگانێکی گەورەی سلێمانین و لاریمان نییە لەو بایکۆتە، بەڵام بە پلان و بەرنامە دەکرێت و دەبێت بڕیاری گشتیی بازرگانەکانیشی لەسەر بێت.
ئەو وتی "ئێستا وەک بەرهەمی خۆماڵی بە هیچ شێوەیەک لە هیچ شتێکدا ناتوانین پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەستین، بەڵام ئەگەر بڕیاری گشتی هەبێت دەتوانیت وڵاتی تر بدۆزینەوە وەک میسڕ و ئیماڕات و ئەندەنوسیا، بەڵام ناکرێت منی بازرگان بایکۆت بکەم و دوو بازرگانی تر بچنەوە بۆ تورکیا شمەک بێنن، واتا بایکۆتەکە دەکرێت بازرگانەکانیش بەشدار بن، بەس نەک بە پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ، بەڵکوو بە گۆڕینی تورکیا بە وڵاتێکی تر".

پرسی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی لە ماوەی دە ڕۆژی لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ناو هەرێمی کوردستان برەوی سەندووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڵمەتێکی گەورەو فراوانی بۆ دەکرێت.

کاوە ئیسماعیل، یەکێک لە چالاکانی کەمپینی بایکۆتکردنی کاڵا و شمەکی تورکی، بە "مەودا پرێس"ی وت "ئێمە تیمێکمان هەیە و بەسەر سوپەرمارکێت و دوکان و بازاڕ و مۆڵەکاندا دەگەڕێین، ئەنجامێکی زۆر باشی هەبووە ئەو هەڵمەتە، مارکێتەکان پێمان دەڵێن هەرچی دێنە مارکێت و مۆڵەکانەوە داوای شتی غەیرە تورکی دەکەن، ئەوە دڵخۆشکەرە و هەوڵ دەدەن فراوانی بکەین بۆ سەر ئاستی حکومەت و پەرلەمان و بازرگانەکان".

بە پێی ئامارێک کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، بلیتی فڕۆکەی گەشتکردنی بۆ تورکیا لە هەرێمەوە 50% دابەزیوە و کەمیش نەبوون ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسیان لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان کرد بۆ تورکیا و پشتگیریی بایکۆتەکەیان کرد.
شێخ عەتا محەمەد، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانیی هاوردە و هەناردنکارانی هەرێم بە "مەودا پرێس"ی وت "50%ی کاڵاکانی کوردستان تورکین و کۆمپانیایەکی زۆر و جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بۆیە لە ئەگەری بایکۆتکردنی ئەم کاڵا و کۆمپانیایاندا ئەزمەیەک لە هەرێمی کوردستان درووست دەبێت".

وتیشی "هەم تورکیا پێویستی بە کوردستانە و هەم کوردستانیش پێویستی بە تورکیایە، بەڵام کاتێک بایکۆتی کاڵای تورکی بکرێت، دەبێت خەڵکیش بەرگەی ئەو ئەزمەیە بگرێت کە درووست دەبێت، چونکە کوردستان توانای خۆبژێویی نییە".

بە پێی زانیارییەکانی بەردەست مەودا پرێس، 1100 کۆمپانیای تورکی و 450 کۆمپانیای ئێرانی لە هەرێم تۆمارکراون و سەرقاڵی هاوردەکردنی خۆراک و بەرهەم و کاڵان ئەمە جگە لە بازرگان و کۆمپانیا خۆماڵییەکان.

ئەم پرسە خاڵی نەبووە لە تەنزیش لە لایەن هاووڵاتییانی کوردستانەوە، ئەوەتا هێرش ڕەسوڵ، مامۆستا لە یەکێک لە خوێندنگە بنەڕەتییەکانی سلێمانی بە "مەودا پرێس" دەڵێت "ئەگەر بایکۆتی کاڵا و خۆراکی تورکی و ئێرانی بکرێت، دەبێت هەفتەیەک سەرە بگرین تا هێلکە و تەماتەیەکمان دەست بکەوێت، ئەویش بۆ خواردن نا، بەڵکوو بۆ پۆز سێڵفییەکیان لەگەڵ بگرین و لە فەیسبووک دایبنیین".

وتیشی "هەمووی چەند مانگێکە کە سزاکانی سەر ئێران تووند بوون هەفتەیەک هێلکە و تەماتە لە ئێرانەوە نەهات هەموو خەڵک هاواری لێ هەستابوو، هەرێمی کوردستان هی ئەوە نییە کاڵای تورکی و ئێرانی لێ ببڕیت، ئەوە بۆ وڵاتێک دەبێت خاوەن ژێرخانی ئابووریی و کارگەی گەورە گەورە بێت کە بتوانێت شوێنگرەوە درووست بکات".

لە بەرامبەر بایکۆتکردنی شتەمەک و کاڵای تورکیدا، داوای بایکۆتکردنی کاڵا و خواردەمەنیی ئێرانییش دەکرێت، بەو پێیە دەیان ساڵە حکومەتی ئێرانیش خەریکی چەوساندنەوەی گەلی کوردە لەژێر دەسەڵاتی خۆی و مافە ڕەواکانیانی زەوت کردووەن.

مستەفا قادر، ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان باس لەوە دەکات بایکۆتی کاڵای ئێرانی و شمەک ئەو چەکە کاریگەرەیە کە وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمەریکا و ڕوسیاش بەرامبەر وڵاتێکی وەک تورکیا بە کاری دەهێنن، بایکۆتکردنی شمەک هێواش و کوژەرە بۆ ئەو دەوڵەتەی ئابوورییەکەی بایکۆت دەکرێت.

دەشڵێت "ئێران دەیان ساڵە گەلی کورد دەچەوسێنێتەوە و جێی خۆیەتی شمەک و خواردن و کاڵای ئێرانییش بایکۆت بکرێت".



PM:05:52:18/10/2019