ئەبوبەکر کاروانی: دەبێت کورد هەوڵ بدات جیهان وەک گەمەکاری سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکات نەک کارتی فشار

ئەبوبەکر کاروانی: دەبێت کورد هەوڵ بدات جیهان وەک گەمەکاری سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکات نەک کارتی فشار
سازدانی: مەودا پرێس

زیاتر لە دە ڕۆژە لەشکرکێشییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیا دەستیان پێکردووە ئەوەش دوای بڕیاری ئەمەریکا بە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا هاوكات دوای ئاگربەستیش هێرشەكان رانەگیراون و شەڕ بەردەوامە. ئەم پرسە بووەتە گەرمەباسی تەواوی جیهان و هەڵوێستی جۆراوجۆری تێدا دەبیندرێت. بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری ئەوەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو دەدات، مەودا پرێس زنجیرە دیدارێک ساز دەکات.

لەم گفتوگۆیەدا ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و سیاسەتمەدار وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژئاوا ڕوو ده‌دات چییه‌، بۆ هه‌موو جیهان ده‌نگی لێ به‌رز بووەته‌وه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی قه‌راره‌ ڕوو بدات هه‌ر ڕوو ده‌دات؟

ئەبوبەکر کاروانی: ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژئاوا ڕوو ده‌دات سێ ڕه‌هه‌ندی هه‌یه‌:

١-دژایه‌تیی مێژوویی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ كێشه‌ی كورد و هه‌ر قه‌واره‌ و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كی كوردی. به‌ تایبه‌تیش له‌ ئێستای ڕۆژئاوادا كه‌ هه‌رچی له‌وێ ڕوو ده‌دات به‌ نه‌خه‌شه‌ی په‌كه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌ زلهێزه‌كانیشی ده‌زانێ.

٢-تێوه‌گلانی زۆرتری توركیا له‌ زۆنگاوی سوریا و فشار له‌سه‌ر درووستكردنی و لاوازكردنی ئابوورییه‌كه‌ی و زیاتر شێواندنی ناوبانگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی و سنوورداریی به‌رزیخوازییه‌كانی كه‌ ئه‌ویش به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی نێوان كۆمه‌ڵێ ده‌وڵه‌ته‌.

٣-ڕێگەخۆشكردن بۆ كۆتاییهێنان به‌ دۆخی ئیستا و له‌ قاڵبدانی توانای كورد و نزمكردنه‌وه‌ی ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كانی و زه‌مینه‌سازكردن بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتی یاخود ڕاستتر بڵێین فۆرمێ له‌ چاره‌سه‌ر كه‌ هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان له‌ سوریا و ڕژێم ده‌یخوازن. ده‌نگ به‌رزبوونه‌وه‌ی جیهان و ڕوودانی به‌شی له‌وه‌ش كه‌ ده‌بێ ڕوو بدات ده‌چێته‌ ئه‌و چوارچێوه‌ی سه‌ره‌وه‌.

مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م داگیركارییه‌ نوێیه‌ی توركیا له‌سه‌ر دۆزی كورد به‌ گشتی چییه‌؟

ئەبوبەکر کاروانی: ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاكامی هه‌وڵی داگیركردنه‌كه‌ چی ده‌بێت و چه‌ند سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و ئه‌و گۆڕانانه‌ی دێنه‌ ناوه‌وه‌ چی ده‌بن و هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چی لێ به‌سه‌ر دێت. چونكه‌ سه‌ركه‌وتنی په‌لاماره‌كه‌ به‌و جۆره‌ی توركیا ده‌یخوازێت به‌ره‌نجامی جیاوازتری له‌وه‌ ده‌بێت كه‌ په‌لاماره‌كه‌ شكست بێنێت یاخود لانی كه‌م نه‌توانێ هه‌موو ئامانجه‌كانی به‌دی بێنێت و ئه‌و نه‌خشه‌ی بۆی كێشراوه‌ تێك بچێت.

سه‌ركه‌وتنی په‌لاماره‌كه‌ (كه‌ له‌ ئێستادا زه‌حمه‌ته‌ لانی كه‌م به‌و جۆره‌ی توركیا ده‌یه‌وێت) مه‌سه‌له‌ی كورد له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو ناوچه‌كه‌ لاواز ده‌كات. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر لاوازكردنی كاره‌كانی ده‌ستی كوردی ڕۆژئاوا ده‌بێت له‌ قۆناغی چاره‌سه‌ری سیاسیدا. به‌ڵام ده‌بێت حساب بۆ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش بكه‌ین له‌ هه‌ندی حاڵه‌تدا بچێته‌ خزمه‌ت زیاتر به‌ دیفاكتۆكردنی ئه‌زموونی ڕۆژئاوا و چاره‌سه‌ری ئاشتییه‌وه‌. كه‌ لێره‌دا ناتوانین بچینه‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌.

كورد ده‌توانێت چی بكات تا هه‌میشە كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ نه‌كرێت. تا ئه‌و بارودۆخانه‌ی هه‌میشه‌ وبونه‌ته‌ ناسنامه‌ی كورد هه‌ر چه‌ندساڵ جارێك دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌؟

ئەبوبەکر کاروانی: زۆر به‌ كورتی ده‌بێت تا ئه‌وپه‌ڕی توانا و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی دێت، هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات جیهان وه‌ك گه‌مه‌كاری سیاسی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات نه‌ك كارتی فشار. ئه‌وه‌ش پێش هه‌موو شتێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی كورد و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م وزه‌ و توانا نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ ده‌خوازێت.

چۆن هه‌ڵوێستی حزبه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌ ڕه‌سمییه‌كانی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌وان چۆن ڕه‌فتار بكه‌ن و هه‌نگاو و هه‌ڵوێستی كاریگه‌ر و به ‌په‌له‌ چی بێت كه‌ بینێن؟

ئەبوبەکر کاروانی: ساده‌ترین شت له‌م ڕووه‌وه‌ كه‌ بووترێت ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوێسته‌كان ڕاشكاوانه‌ نه‌بوون و ته‌نها هه‌ڵوێست تۆماركردن بووه‌. ئه‌وه‌ی له‌ پشت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌وه‌یه‌ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌یه‌.
١-سنوورداری توانای هه‌رێم و پێویستیی به‌ توركیا.
٢-په‌یوه‌ندیی خراپی نێوان په‌كه‌كە و پارتی.
٣-ڕه‌خنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ سیاسه‌تی په‌كه‌كه‌ و په‌یه‌ده‌.
٤-بوونی به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی.
ئه‌وه‌ی به ‌په‌له‌ش هه‌رێم بتوانێ ئه‌نجامی بدا ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
- ئه‌نجامدانی هه‌رچی له ‌ده‌ست دێت بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕه‌كه‌ له‌ڕێی كه‌ناڵه‌ دیبلۆماسییه‌كانه‌وه‌.
- پشتیوانیی مه‌عنه‌وی گه‌لی ڕۆژئاوا.
- كه‌مكردنه‌وه‌ له‌ ئازاری گه‌له‌كه‌مان له‌و به‌شه‌ و پێشوازی و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان.
- یارمه‌تیدانی خۆڕاگری به‌و جۆره‌ی بۆی ده‌گونجێ.
- كاركردن له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی هێزه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌و به‌شه‌.



PM:07:59:20/10/2019