هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی ئینگلیزی ١٤ ملیار دیناری بە هەدەر دا

هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی ئینگلیزی ١٤ ملیار دیناری بە هەدەر دا
مەوداپرێس- رەنگین عارف

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی ئینگلیزیی وانەکانی زانست و بیرکاری تا قۆناغی چواری بنەڕەتی لە خوێندنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی ١٤ ملیار دینار بەهەدەردانی لێ کەوتەوە کە درابوون بە چاپکردنی مەنهەجی ئەو خوێندنە و بۆ دووبارە چاپکردنەوەی مەنهەجی نوێش بڕی ١٤ ملیار دیناری تر خراوەتەوە پڕۆسەکەوە.

بە پێی ئاماری ڕاپۆرتێكی ئەمساڵی ئینستیتیوتی پەی، باس لەوە کراوە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی وانەكانی بیركاری و زانستە گشتییەكان بە زمانی ئینگلیزی، كۆمەڵێك بەهەدەردانی ماددیی تێدا كراوە و بەدواداچوونیش نەكراوە و كەسیش لەسەریان سزا نەدراوە، كە لە ماوەی ساڵێكی  بڕیارەكەدا 17 ملیۆن كتێبی ئەو دوو وانەیە بە بەهای 14 ملیار دینار بە ئینگلیزی چاپ كراون، جگە لە ڕاهێنانی سەدان مامۆستای ئەو دوو وانەیە، بەڵام بە بڕیارێك وەزیری پەروەردە لە كابینەی پێشوو خستییە بواری جێبەجێكردنەوە و لەم كابینەیەش وەزیرە تازەكەی كابینەی نۆ بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە و جارێكی تر بڕیار لەسەر چاپكردنی پەرتووكی ئەم دوو وانەیە درایەوە و كرانەوە بە كوردی.

ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە "مەودا پرێس"ی ڕاگەیاند: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بە ئینگلیزی خوێندن درووست و لە شوێنی خۆی بوو، چونکە ئەو پلانەی کە داندرابوو لە خوێندنگە و کادر و مامۆستاوە ئامادە نەکرا و ئێستاش هەڵنەوەشایەتەوە هەر دەبوو هەڵبووەشێتەوە، چونکە بڕیارەکە تا قۆناغی ٤ بوو وە تا ئەوکاتەش خوێندکار مامۆستای تایبەت و ڕاهێندراوی دەویست و بەردەستیش نەدەبوو.

وتیشی "بڕیارەکە بۆ زمانی کوردیش باشە، چونکە کاریگەریی لەسەر زمانی کوردی هەیە و ناکرێت مناڵ بەر لە فێربوونی زمانی دایک زەڕب و تەقسیم بە ئینگلیزی فێر ببێت، ئینگلیزی و زمانەکەی گرنگە بەڵام نابێت لەسەر حسابی زمانی دایک بێت."

سەبارەت بە لێپێچینەوە لە بەرپرسان و خاوەنانی ئەو بڕیارە کە پارەیەکی زۆری تێدا خەرج کراوە، پەرلەمانتارەکەی لیژنەی پەروەردە وتی: "ئەو وەزیرەی بڕیارەکەی دەرکردووە هی کابینەی پێشووە و ئێمە دەنگمان پێ نەداوە و لە ڕووی یاساییەوە ناتوانین لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەین، بەڵام بەم وەزیرەی ئێستامان وتووە ناکرێت هەر چوارساڵ وەزیرێک بێت و بڕیارەکان بگۆڕێت ئەوە کاریگەریی لەسەر پەروەردە و خوێندن و داهاتووی پێگەیاندنی نەوەی نوێی کورد دەبێت."

گۆڕین و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری وەزیرە کۆنەکان لە لایەن وەزیرە نوێکانەوە لە کابینە یەک لە دوای یەکەکاندا حاڵەتێکی بەرچاوە و وەک پسپۆڕانی پەروەردەش دەڵێن ئەوە کارەساتی پەروەردەیی درووست دەکات.

پەیمان ئیکرام، شارەزا و پسپۆڕی پەروەردەیی بۆ "مەودا پرێس"ی ئاشکرا کرد، دەرکردنی بڕیار و گۆڕانکاریکردن و دواتر هەڵوەشاندنەوەیان کارەساتی پەروەردەیی درووست دەکات کە ئێستا هەستی پێ ناکرێت، دەبێت بڕیاردان لە پەروەردەدا بۆ ٢٥ ساڵ کەمتر نەبێت ئەگینا نە ئامانجەکەی دەپێکێت نە دەتوانێت کاریگەر بێت، بە پێچەوانەوە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا کارەساتی پەروەردە و فێرکردن دێنێتە ئاراوە.

وتیشی: "جگە لە مەسەلەی دارایی کە پارەیەکی زۆر لە بڕیارێکی لەو شێوەیەدا بە هەدەر دەدرێت، ئەوە لایەنە پەروەردەییەکەشی هەر بەو شێوەیەیە، بەڵام لێپێچینەوە نییە بێدەنگبوون هەیە وەک ئەوەی شتێکی ئاسایی ڕووی دابێت، بە داخەوە ئەوە ڕێگەخۆشکەرە ئەو هەڵانە دووبارە ببنەوە."

بڕیاری بە ئینگلیزیکردنی وانەکانی بیرکاری و زانستی قۆناغی بنەڕەتی لە دیارترین بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردەی کابینەی هەشت بوو، بەڵام لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی نۆدا ئەو بڕیارە هەڵوەشێندرایەوە.

هاوكات  دڵشاد عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم پێی وایە نەبوونی بودجەی پێویست کێشەی بەردەم جێبەجێکردنی پلانەکانی وەزارەتی پەروەردەیە.


PM:10:44:21/10/2019