ناونووسینی گەنجانی کورد بۆ وەزارەتی بەرگریی ئاشكرا دەبێت

ناونووسینی گەنجانی کورد بۆ وەزارەتی بەرگریی ئاشكرا دەبێت
مەوداپرێس- رەنگین عارف

لە دوای راگەیاندنی دامەزراندن لە وەزارەتی بەرگریی عیراق، گەنجانی کورد لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان ناویان بۆ دامەزراندن لە وەزارەتی بەرگریی عیراق دەنووسن بەمەبەستی دامەزراندن و کارەکەش لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەکرێت.

حکومەتی عیراقی 28 هەزار هەلی دامەزراندنی لە وەزارەتی بەرگری راگەیاندووە و ناونووسین و پڕکردنەوەی فۆڕمیش بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمیش لە بەشێک لە نووسینگەکانی وێنەگرتن و فۆتۆکۆپی ئەو فۆڕمانە پڕ دەکرێنەوە بۆ دامەزراندن.

ئارام عومەر، تەمەن 27 ساڵ و دەرچووی کۆلیژی زمان بەشی عەرەبیی زانکۆی سلێمانی بە مەوداپرێسی راگەیاند ناوی لە یەکێک لە نووسینگەکان نووسیوە و فۆڕمی پڕ کردووەتەوە بۆ دامەزراندن لە وەزارەتی بەرگریی عیراق.

وتیشی "دوازدە کەس بووین کە زانکۆمان تەواو کردووە و دانەمەزراوین، ئەو فۆڕمەمان بە ئۆنلاین پڕ کردەوە و بەهیواین ناومان بێتەوە و دابمەزرێین."

بە وتەی ئارام، لە ناو گەنجان ئەو دامەزراندنە زۆر بڵاوبووەتەوە و بەشێوەیەکی فراوانیش گەنجان ئەو فۆڕمە پڕ دەکەنەوە بۆ دامەزراندن لە وەزارەتی بەرگریی عیراق.

ئەگەرچی مەوداپرێس ئامارێکی تەواو و فەرمی دەستنەکەوتووە لەسەر ئەوەی کە چەند گەنجی کورد ئەو فۆڕمەی وەزارەتی بەرگریی عیراقی پڕکردووەتەوە، بەڵام بەپێی ئاماری هەندێ نووسینگە و لێکدانەوەیان لەسەر و سێ هەزار فۆڕم لە هەرێمی كوردستان پڕکراوەتەوە و بەردەوامیشە، ئەگەر ناوچە کێشە لەسەرەکانیش هەژمار بکرێت رەنگە ژمارەکە لە هەشت هەزار فۆڕم زیاتر بێت.

ئیدریس نەجم کە خاوەنی نووسینگەیەکی فۆتۆکۆپی و وێنەگرتنە لە شاری سلێمانی، فۆڕمی وەزارەتی بەرگریی عیراق پڕدەکاتەوە و وەک خۆشی رایدەگەیەنێت نزیکەی 100 فۆڕمی پڕ کردووەتەوە.

وتیشی "پڕۆسەکە ئاسانە و هەر کەسێک دەتوانێت لە ماڵەوە خۆشی بیکات، بەڵام بۆ زیاتر دڵنیابوونیان ئەوانەی دەیانەوێت دابمەزرێن دێنە لای ئێمە و فۆڕمەکانیان پڕ دەکەنەوە.

مەرجی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە ئەوەیە دەبێت تەمەن لە نێوان 18 بۆ 30 ساڵیدا بێت، دانیشتووی پارێزگایەکی عیراق بێت و بڕوانامەیەکی هەبێت ئەگەر بنەڕەتیش بێت ئاساییە بۆ دامەزراندنەکە.

شاخەوان رەئوف، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا لەڕووی دەستووری و یاساییەوە ئەوە کارێکی رێگەپێدراوە و کێشەی تێدا نییە کورد و گەنجی کورد لە وەزارەتی بەرگریی عیراق فۆڕم پڕ بکاتەوە دابمەزرێت.

وتیشی "جێی خۆیەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری ئەو پرسە بن تا ببنە هاوکار و بەشێوەیەکی رێکخراو پشکی کورد جێگیر بکەن لەو دامەزراندنەدا."

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی كوردستان، رێژەی کورد لەناو سلکی ئەمنی و سەربازیی عیراقدا دەبوو 17% بێت، بەڵام لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئەو رێژەیە بۆ 1% دابەزیوە.

ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی بەرگریی لە پەرلەمانی عیراق بە مەوداپرێسی راگەیاند "ئەو دامەزراندنە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە راگەیەندراوە، بەڵام بۆ هەر پارێزگایە و بەپێی ژمارەی دانیشتوان حساب کراوە و دوای پڕکردنەوەی فۆڕم لیژنەیەک یەکلاییان دەکاتەوە و بەشی پارێزگاکان جیا دەکاتەوە".

وتیشی "رێژەی کورد لە دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی عیراق لە کەمبوونەوەی بەردەوامدایە و ئەوەش بەردەوام جێگەی قسە و گفتوگۆی ئێمە بووە لەگەڵ وەزارەتی دیفاع و لەناو پەرلەمانیش، کە دەبێت ڕێژەی کورد بە ئەندازەی 17% یان 12% بوونی هەبێت لە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکاندا."

پێشی وایە هیچ کێشەیەک لە پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندنی وەزارەتی بەرگریدا نییە لەلایەن گەنجانی کوردەوە.

ئەم پرسە بەو شێوەیەی هەیە وەزارەتی پێشمەرگە لێی ئاگادار نییە، بەڵام ئەوانیش جەخت لە دیاریکردنی پشکی کورد دەکەنەوە لە دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی عێراقدا.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە مەوداپرێسی وت "بەوردی ئاگاداری پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمانە نین لە لایەن گەنجانی کوردەوە، بەڵام رێژەی کورد زۆر کەمبووەتەوە لەناو هێزە ئەمنییەکانی عیراق و لەگەڵ وەفدەکانی وەزارەتی بەرگریش باسی ئەوەمان کردووە دەبێت پشکی کورد دیاری بکرێت و دابمەزرێندرێن."


PM:01:32:23/10/2019