تاوانی خه‌ڵه‌تاندنی مێینە به‌ به‌ڵێنی هاوسه‌رگیری كردن

تاوانی خه‌ڵه‌تاندنی مێینە به‌ به‌ڵێنی هاوسه‌رگیری كردن
مەوداپرێس-سازگار ئەحمەد

دیاردەی هەڵخەڵەتاندنی کچان لەلایەن کوڕانەوە بە بەڵێنی هاوسەرگیری زوربووە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەپێی یاسا ئەمەش تاوانە.

لەو بارەیەوە رەوا محەمەد، پارێزەر بە مەوداپرێسی راگەیاند "ئه‌گه‌ر پیاوێك هه‌بێت به‌ڵێن به‌ كچێك بدا كه‌ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بكات، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كه‌ی ڕه‌ت بكاته‌وه‌، به‌پێیی مادده‌ 395ی یاسای سزادانی عیراقی ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌بێته‌وه‌". 

هەروەها رەوا محەمەد ئاماژەی بە ڕوكنه‌كانی ئه‌و تاوانه‌ کرد وتی، رووکنەکانی لەم چەند خاڵەی خوارەوە پێکدێت:

1-ده‌بێت كوڕ یان پیاو به‌ڵێنێكی ته‌واو به‌ كچ یان ئافره‌ته‌كه‌ بدات كه‌ ده‌یهێنێت (هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن).

2-سه‌رجێییكردن له‌گه‌ڵ ئافره‌ته‌كه‌، واته‌ له‌گه‌ڵیدا كرده‌ی سێكسی ئه‌نجام بدات له‌ ڕێگه‌ی خه‌ڵه‌تاندنی و له‌ژێر كاریگه‌ریی به‌ڵێنی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی، به‌ كورتی ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌ نه‌بووایه‌، كچه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو خۆی 
بداته‌ ده‌ستی. 

3- پیاو یان كوڕه‌كه‌ به‌جێگه‌یاندنی به‌ڵێنه‌كه‌ی ڕه‌ت بكاته‌وه‌ و ئاماده‌ نه‌بێت كچه‌كه‌ بهێنێت.

4- ده‌بێت ئه‌و كچ یان ئافره‌ته‌ی له‌م مادده‌یه‌دا باسی ده‌كرێت، تەمەنی ١٨ ساڵی ته‌واو كردبێت. 

ئەو پارێزەرە باسی لە سزای تاوانه‌كه‌ کرد و ئاماژەی بەوەکرد، به‌پێی مادده‌ی 395، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌ هه‌بوون، ئه‌وا تاوانبار (جانی) به‌ زیندانیکردن سزا ده‌درێت، کە زیندانیەکە له‌ 24 كاتژمێر تاوه‌كو و زیاتر نه‌بێت له‌5 ساڵ، ئه‌ویش به‌پێی بارودۆخ و لێكه‌وته‌كان و گه‌وره‌یی تاوانه‌كه‌، ده‌سه‌ڵاتی خه‌مڵاندن و دیاریكردنی سه‌رجه‌م ﻻیه‌نه‌كانی تاوانه‌كه‌ش بۆ دادوەر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 

هەروەها، له‌و بارودۆخانه‌ی كه‌ كوڕه‌كه‌ به‌ڵێنی هاوسه‌رگیریشی دابێت، ئه‌گه‌ر كرده‌وه‌ی سێكسی رووی نه‌دابێت، ئه‌م مادده‌یه‌ جێبه‌جێ ناكرێت، ره‌نگه‌ له‌و دۆخه‌دا دادوەر به‌ مادده‌ی دیكه‌ی یاسایی ته‌كیفی دۆخه‌كه‌ بكات، به‌پێی خه‌مڵاندن و قه‌ناعه‌تی دادگا.


PM:08:16:23/10/2019