ئەبوبەكر بەغدادی لەنێوان میسی ‌و مارادۆنادا

ئەبوبەكر بەغدادی لەنێوان میسی ‌و مارادۆنادا
ئا: بارام سوبحی

نوسەرێكی ئەمریكی، بەوردی ژیانی ئەبوبەكر بەغدادی لە منداڵیەوە تاوەكو بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆراو پەیوەندیكردنی بە گروپە جیهادییەكان‌ و راگەیاندنی دەوڵەتەكەی دەگێڕێتەوە و رایدەگەیەنێت بەغدادی كەسێكی گۆشەگیر بوەو زۆر ئارەزوی لە تۆپی پێ‌ بوە.

نامیلكەی باوەڕدارە تیرۆریستەكە: ئەبوبەكر بەغدادی كەسێكی گۆشەگیرو داخراو، چۆن هۆگری ئایین ‌و تۆپی پێ‌ بووە؟ لە نوسینی ویلیام مكانتس‌و وەرگێڕانی سۆران عەلی یە، نامیلكەكە لە بڵاوكراوەكانی دەزگای ئایدیایەو (44) لاپەڕەیە. ویلیام توێژەرێكی سەنتەری سیاسەتەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە لە پەیمانگای برۆكینگزو بەڕێوەبەری پڕۆژەی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لە جیهانی ئیسلامییە لە هەمان پەیمانگا، مامۆستای یاریدەدەرە لە زانكۆی جۆنز هۆبكنز. لەماوەی نێوان ساڵانی (2009)و (2011)دا راوێژكاری یەكەمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بووە بۆ بنبڕكردنی توندڕەوی‌و توندوتیژی. هاوكارە لە سەنتەری بنبڕكردنی تیرۆر لە ئەكادیمیای وێست پۆینت.

منداڵی ‌و هەرزەكاری بەغدادی

بەغدادی ناوی تەواوی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم ئەلبەدرییەو لە ساڵی (1971) لە سامەڕا لەدایكبوە. كوڕی پیاوێكی لە خوا ترس بووە، كە لە مزگەوتێكی ناوچەكەدا وانەی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزی وتۆتەوە. ویلیام دەڵێت: ئیبراهیم كەسێكی داخراوو كەمدوبووە، لەكاتی قسەكردندا بە ئەستەم دەنگی بیستراوە. ئەو دراوسێیانەی لەكاتی هەرزەكارییدا ناسیویانە وەك كەسێكی شەرمن دێتەوە یادیان كە تێكەڵ بە كەسانی تر نەبووە. تەنانەت كاتێك كەسانێك لەكاتی یاری تۆپی پێدا كە وەرزشە پەسەندەكەی بووە، خۆیان پێدا دەكێشا هێنمی خۆی دەپاراست‌و هیچ كاردانەوەیەكی نەدەنواند.
لەزوەوە نازناوی "ئیبراهیمە باوەڕدارەكە" بوە. ئەو سەردەمەش كە لە قوتابخانە نەبوو، زۆربەی كاتەكانی لە مزگەوتی ناوچەكە بەسەر دەبردو سەرقاڵی لێكۆڵینەوە ئاینییەكان بووە. شامسی برای دەڵێت: كاتێك لە كۆتایی رۆژدا دەگەڕایەوە ماڵەوە، خێرا دەستی دەكرد بە ئامۆژگاریكردنی ئەو كەسە گومڕایانەی پابەندی رێنماییەكانی شەریعەتی ئیسلام نەدەبوون.

نوسەر دەڵێت: بەغدادی لە تەمەنی هەرزەكاریدا لە خوێندنەوەی قورئاندا سەرپەرشتی منداڵانی گەڕەكەكەی دەكرد، ئەوە یەكەم ئەزمونی بوو لە بواری وتاربێژی‌و فێركردنی ئاینیدا.

بەعس ‌و بەغدادی

بەپێی گێڕانەوەی نوسەر، دوان لە مامەكانی بەغدادی لە دەزگاكانی ئەمنی بەعس لە سەردەمی سەدامدا خزمەتیان كردوە. یەكێك لە براكانیشی بۆتە ئەفسەری سوپا. برایەكیشی لە جەنگی عێراق ئێراندا كوژراوە. رەنگە بەغدادیش هەمان چارەنوسی هەبوایە ئەگەر ئەو چاوكزییەی گیرۆدەی ببوو، نەبوایەتە هۆی شیاو نەبونی بۆ خزمەتی سەربازی. 

بەغدادی، لە قۆناغی ناوەندی نمرەكانی مامناوەند بوون‌و لەوانەی ئینگلیزی لە لێواری كەوتندا بوو، بەو هۆیەوە نەیتوانی كۆلێژی یاسا بخوێنێت. لەبری ئەوە قورئانی خوێند. لە ساڵی (1996) زانكۆی بەغدای تەواوكرد، پاشان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر، پەیوەندی بە زانكۆی سەدام بۆ لێكۆڵینەوەی ئیسلامی كرد. ساڵی (1999) ماستەری بەدەستهێناو دەستبەجێ‌ پەیوەندی بە بەرنامەی دكتۆراوە كرد، لە ساڵی (2007) دكتۆرای وەرگرت. نوسەر دەڵێت: بۆ ئەوەی بچێتە نێو بەرنامەی خوێندنی باڵاوە، بێگومان كەسانی بەعسی ناسراوی خانەوادەكەی، یارمەتیدەری بوون.

بەغدادی ‌و ئیخوان

قۆناغێكی تری ژیانی بەغدادی، پەیوەندیكردنە بە گروپی ئیخوان موسلیمنەوە. لەمبارەیەوە نوسەر بەسەرهاتەكە بەم جۆرە دەگێڕێتەوە: لەو ماوەیەی لە خوێندنی باڵا بوو، ئیسماعیل بەدری مامی خستیە سەر ئەو باوەڕەی بچێتە ریزەكانی گروپی ئیخوان موسلمینەوە، بەڵام بەغدادی بەخێرایی بەلای ئەو كەمینەیەی سەلەفییەكاندا پەلكێش بوو كە ناوی سەلەفییە جیهادییەكان لەخۆیان نابوو. جومعە كە برا گەورەی بوو ئەندامی ئەو بزوتنەوەیە بوو، رابەرەكەشیان محەمەد حەردان بوو كە لە هەشتاكاندا بەشداری شەڕی دژی سۆڤێتی لە ئەفغانستان كردوە.

بەغدادی دەستی دایە خوێندنەوەی نوسینەكانی ئەو كەسایەتیانەی ئیخوان كە جیهادیان كردبووە بیروباوەڕیان. لەژێر سەرپەرشتی ئەوانیشدا لەو رەوتە باوەی نێو گروپی ئیخوان بێزار بوو كە پێیوابوو ئەندامانیان "خەڵكانێكن قسە دەكەن، بەڵام كردارییان نییە". لە ساڵی (2000)دا بەغدادی بەپەرۆش بوو بۆ شەڕكردن.

بەغدادی ‌و میسی

بەغدادی، دوو ژنی هێناوەو شەش منداڵی هەبووە. ژنی یەكەمی "ئەسما" خاڵۆزای خۆی بووە. ژنی دوەمیشی ناوی "ئیسرا"یە. لە شوقەیەكی بچوك لەنزیك مزگەوتی حاجی زێدان لە گەڕەكی تۆپچی هەژارنشین لە بەغدا دەژیان. قورئانی بە منداڵان دەوتەوەو لە مزگەوتیشەوە بانگی دەدا. 

نوسەر ئاشكرای دەكات، بەغدادی لە مزگەوتەكەی تیپێكی تۆپی پێی هەبوو، خۆی ئەستێرەكەی بوو بە "میسی" تیپەكە ناسرابوو. لەوكاتەشی لە زیندانی بۆكا بووە، لەكاتی یاری تۆپی پێدا ناوی "مارادۆنا"یان لێنابوو. 

قاعیدەو زیندان

لە كۆتاییەكانی ساڵی (2003)دا بەشداری لە دامەزراندنی سوپای ئەهلی سوننەو جەماعەدا كرد، كە دژی سوپای ئەمریكا دەجەنگان. لە شوباتی (2004) كاتێك سەردانی هاوڕێیەكی كرد لە فەلوجە كە ناوی لە لیستی داواكراوان لەلایەن ئەمریكاوە هەبوو دەستگیركرا، لە هەشتی كانونی یەكەمی (2004) ئازادكرا، لە دۆسیەكانی زینداندا بە "بەندكراوی مەدەنی" پۆلێنكرابوو، ئەوەش مانای وایە بەندكەرانی نەیانزانیبوو كەسێكی جیهادییە.

سەبارەت بە ماوەی ژیانی لە زیندان، نوسەر دەڵێت: دە مانگ لە زیندان مایەوە‌و كاتەكانی بۆ خۆ رۆشنبیركردنی ئاینی تەرخان كردبوو. پێشنوێژی دەكردو رۆژانی هەینی وتاری دەداو وانەی ئاینی بە زیندانییەكانی دیكە دەوتەوە.
لە ساڵی (2006) گروپەكەی بەغدادی پەیوەندی بە لقی عێراقی رێكخراوی قاعیدەوە دەكات. بە لەبەرچاوگرتنی ئامادەییە زانستییەكانی، بەرپرسیارێتی كاروباری ئاینی لە دەوڵەتی ئیسلامی لە هەندێك لە پارێزگاكانی عێراقدا پێدرا. پاشان دەبێتە سەرپەرشتیاری لیژنەی شەریعەت. دواتر دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی شورا كە لە یانزە كەس پێكهاتوە. دواتر بووەتە ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی كە لە سێ‌ كەس پێكهاتوە. لەم ماوەیەشدا بەغدادی داڕشتنی ئەو نامانەی گرتە ئەستۆ، كە بۆ ئوسامە بنلادن رەوانە دەكران.

لە ساڵی (2010) هەردو سەركردەی قاعیدە، ئەبو عومەر بەغدادی‌و ئەبو ئەیوبی میسری كە لە خانویەكدا دەبن لە تكریت لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی عێراقەوە گەمارۆ دەدرێن، بەڵام خۆیان دەتەقێننەوە. دوای ئەو رووداوە بەغدادی تەمەن (39) ساڵ بە زۆرینەی نۆ دەنگ بەرانبەر دو دەنگی ناڕازی بە ئەمیر هەڵدەبژێردرێت‌و نازناوی ئەبوبەكری بەغدادی لە خۆی دەنێت.





PM:07:37:27/10/2019