دەستگیركردنی رۆژنامەنووس هێمن مامەند كاردانەوەی لێكەوتەوە

دەستگیركردنی رۆژنامەنووس هێمن مامەند كاردانەوەی لێكەوتەوە
مەوداپرێس- 

دەستگیركردنی هێمن مامەند ئەندامی دەستەی نوسەرانی مەوداپریس كاردانەوەی شەقامی كوردی و میدیاكانی كوردستانی لێكەوتەوە. 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە هێمن مامەند لەلایەن دادگای هەولێرەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆدەركرا پارێزەری خۆبەخشی هێمن مامەند بە مەوداپرێسی وت "هێمن مامەند بەپێی ماددەی 2ی یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2008 خراپ بەکارهێنانی ئامێرە کانی پەیوەندییکردن دەستگیرکراوە لەسەر سکاڵای مەتین دلۆڤان بارزانی".

بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو ماددەیە لەگەڵ کێشەکەی هێمن مامەند ناگونجێت بەڵکو دەبوو بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ  بکرێت، هەروەها ئێستا بە فەرمانی دادوەر تاوەکو 3ی 11ی 2019 راگیراوە و دەشتوانرێت ماوەکەی درێژ بکرێتەوە".

باسی لەوەشكردبوو ''هێمن مامەند بەبێ ئەوەی بچێتە بنکەی پۆلیس راستەوخۆ داواکەی گوازرایەوە بۆ دادگا، هەروەها ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تاوەکو ئازاد دەکرێت".

دەستیگركردنی هێمن مامەند لەنێو میدیاكان  باسكرا و هەریەكە لە _ كەناڵی گەلی كوردستان، وێستگە نیوز، پرس میدیا، ستوون میدیا، سنوور میدیا و  پێشەنگ و ژمارەیەكی دیكە هەواڵەكەیان بڵاوكردەوە. 

هاوكات چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەنوسانیش هاوخەمی خۆیان بۆ دەستگیركردنی ئەندامەكەی دەستەی نوسەرانی مەوداپرێس دەربڕی. 

سۆران حوسێن سەرنوسەری ماڵپەڕی رۆژ نیوز نوسیویەتی، هێمن مامەند، یەكێكە لە دەنگە جوانەكانی هەولێر،كە ئەو دەنگانە یان تیرۆردەكرێن یان دەخرێنە زیندانەكانەوە، هێمن جاری یەكەم نییەدەستگیردەكرێت، بێگومان دەیان جاریتر دەستگیربكرێت هێمن سورتر دەبێت لە كارەكانی دژی دەسەڵاتی گەندەڵی هەرێم.

هەروەها گۆران دیبەگەیی پارێزەر بۆ هێمن مامەند نوسیویەتی، پێویستمان بەفشاری جدی هەموو رۆژنامە نوس و دەنگە ئازاو ئازادەکانە
بۆ ئەوەی چیتر یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 ی تایبەت بە رۆژنامەنووسان بە میزاجی شەخسی و حزبی پەراوێز نەخرێت!

ئیبراهیم عەلی  كە هاوڵاتییەكە نوسیویەتی، "هێمن مامەند، یەکێکە لەرۆژنامەنوسە چالاک و بوێرەکانی ئەو شارە، کارێکی زۆر باشە لەبری هەر ئامرازێکی تر بەرامبەر بەهێمن، پەنەتان بردووەتە بەر دادگا. بەڵام بەداخەوە پەنەتان بردووە بۆ مەترسیدارترین رێگە. ئاخر چی لەوە مەترسیدارتر هەیە، تەنیا لەپێناو ئەوەی هێمن بخەنە زیندان، ماددەی یاسایی بۆ بگۆڕان.

هەروەها نوسیویەتی، هێمن گەنجێکی سەرەرۆ نییە، رۆژانە بەئامێرەکانی پەیوەندیکردن سەرقاڵی دروستکردنی ڤیدیۆی روتی خەڵک بێت تا بەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن دەستگیری بکەن. ئەو رۆژنامەنوسەو ئازایانە هەر زانیارییەکی مەترسیداری دەست دەکەوێت بەناوی خۆیەوە بڵاوی دەکاتەوە. هێمن ئەو ئامرازەی بەکاری هێناوە میدیایە، نەک ئامێرەکانی پەیوەندیکردن. بۆیە دەبێت بەیاسای رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرابایە.

لەلایەكی دیكەشەوە شادمان مەلا حەسەن نوسەر و رۆژنامەنوس بۆ هێمن مامەند نوسیوتی، هێمن مامەند
دەنگێكی راستگۆ و ئازای هەولێر و كوردستان .ئازادی بۆ هێمن مامەند .
شادمان مەلا حەسەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە،   خەڵەف غەفور خاوەنی  دەزگای میدیای مەوداپرێس لەسەر هەمان پرس دەڵێت، ئازادی بکەن و واز لەم رۆژنامەنووس زیندانیکردنە بێنن.

هەروەها لەهەژماری خۆی نوسیویەتی"بەداخەوە ئەمڕۆ رۆژنامەنووسی دیاری مەوداپرێس، ھێمن مامەند لە شاری ھەولێر زیندانیکراوە، ئەگەرچی لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساین بەیەکسانی بەسەر ھەموو تاکێکی کۆمەڵدا، بەڵام دڵگرانین لەوەی ئەبینین دەیان کەسی گەندەڵ و پیاوکوژ و ژنکوژ لە ھەرێمی کوردستان بەئازادیی دەسوڕێنەوە و رۆژنامەنووسێکی مەوداپرێس زیندانی دەکەن.

دەشڵێت" داوا لە ھەموولایەک ئەکەین بێنە دەنگ و ئێمەیش لە چوارچێوەی یاسادا ھەموو رێکارێکی پێویست ئەگرینەبەر و نەک ھەر بێدەنگ نابین، بەڵکو بۆ ئازادیی ھێمن و ھەموو رۆژنامەنووسەکانی دیکەیش کاری جدی ئەکەین.


PM:11:04:27/10/2019