کنێر خەیلانی: لە ئەمنی سێتاقان بە پلیکانەدا هەڵواسرابووم تا دان بە هەموو شتێكدا بنێم

کنێر خەیلانی: لە ئەمنی سێتاقان بە پلیکانەدا هەڵواسرابووم تا دان بە هەموو شتێكدا بنێم
مەوداپرێس- نەرمین عوسمان

چەند ژنە کەسایەتییەکی ناسراو لە مێژووی کورددا هەن کە لەبواری جیاجیادا کەسانی لێوەشاوەو چالاک بوون، بەڵام هەرگیز ئەو چالاکییانەیان نەکردووەتە بانگەشە و کایەیەک بۆ خۆناساندن، لەوبارەیەوە لە ماوەی رابردوودا خاتوو نەرمین عوسمان کە بۆ خۆشی ژنێکی چالاکی بواری پەروەردە و تێکۆشەرێکی کایەی سیاسیشە زنجیرەیەک سەردان و بەسەرکردنەوەی دەستپێکردووە بۆ گفتوگۆو هەڵدانەوەی لاپەڕە پرشنگدارەکانی ژیان و کارو چالاکیی ئەو خانمانەی کوردستان کە وەک سەربازی ون خزمەتێکی زۆریان بە چەند نەوەیەک کردووە لە بواری جیاجیادا، بەڵام نەوەی نوێ وەک پێویست ئاشنا نییە بە بەخشش و کۆششە مرۆڤدۆستانەکانیان، بۆیە بەسوپاسەوە خاتوو نەرمین پوختەی ئەو گفتوگۆیانە و ئەرشیفی وێنەو بیرەوەرییەکانی ئەو خانمە چالاکوانانە دەنووسێتەوەو بۆ دەربازکرنیشیان لە فەوتان و لەبیرچوونەوە، پێشکەشی کوردستانی نوێ-ی دەکات و کوردستانی نوێش ناوبەناو وێنەکان و چیرۆکی ژیانی پڕ بەخششی ئەو کەسایەتییانە بڵاودەکاتەوە.

کنێر، یەکێکە لەو هەڤاڵ و دەستەخوشکانەى، کە لە سەردەمی دڕندەترین رژێمدا، لێبڕاوانە و بوێرانە و بە چەندین شێواز خەباتیان کرد و ئەو قوربانییەى ئەوان دایان هەتا ئێستاش کەس بوێریی ئەوەی نییە نەک هەر باسى بکات، بەڵکو بە خەیاڵیش بیری لێ بکاتەوە.
ئەوان بوون؛ لە ناو زیندانى پۆڵایین و ژێرزەمینە تاریکەکانى ئەمنى بەعس، لە ژوورە دابڕێنراوەکانى (قصاص)دا، زەمەن و قەدەرێکى بێبەزەیی جەستە و رۆحیانی دەکرۆشت، جگە لە ژەمێکى ترى ئازاردان، هیچى تر نەبوو چاوەڕێی بکەن. جگە لە دەنگى پێی جەللادەکان و هاوار و ناڵەى هەڤاڵەکانیان، هیچی تریان نەدەبیست.
هەر بۆیە مەبەستمە، بۆ تیشک خستنەسەر گۆشەیەکى ئەو مێژووە تاریکە، خاتوو کنێر وەک یەکێک لەو ژنە جوامێرانە بدوێنم، هەم وەک تۆمارکردنى بەشێکى کەمى خەبات و قوریانیدانى ئەو رۆژێ، هەم وەک ئاشنا کردنى گەنجان و نەوەى نوێ بەو کەسانەى وەک سەربازى ون خەباتیان کرد و تا ترۆپک قوربانییان دا.

تۆ بۆ ئێمەى نەوەى سەردەمی خەباتى نهێنیی ناوشارەکان و پێشمەرگایەتى شاخەکان و خەباتى مەدەنیی هەندەران، ناسراوى، بەڵام پێم خۆشە، بە پرسیاری ناساندنت دەستپێبکەم و بپرسم؛ کنێر، کێیە و کەى و لە کوێ هاتۆتە دونیاوە؟
-كنێر جەمیل حەسەن خەیلانی، لەدایكبووی ١٩٦٨، لە شارەدێی هەریر و لە گوندی خرواتان لەدایكبوومە.

کاتێک بیر لە سەردەمى لاوى و کچێنیی دەکەیتەوە،لاپەڕەکانى یادەوەرییت، لە خۆشی و ناخۆشی، کامیان زیاتر لەژیانتدا رەنگیداوەتەوە؟
کنێر خەیلانی: لەنێو لاپەڕەكانی ژیانمدا، تاڵی و سوێری و ناخۆشیی زۆرم چەشتووە، سەرەڕای سەرقاڵیی خوێندن و هەوڵ و تەقەللا و پێگەیشتنم، هەر لە منداڵییەوە خولیای سیاسەت و سەركەوتنی میللەت و ئاڵا و وڵات بووم، بۆیە پڕ لە حەز و خولیای بەدینەهاتوو، دوور لە مێژووی جوانی و ئەوین‌ و چێژ و كچێنیی گۆشكرا و بەخەم‌ و كارەسات‌ و ناخۆشی ‌و دەربەدەری‌ و ماڵوێرانی و كێشمەكێشی ژیان، نەخۆشی‌ و دەردەسەریی، لە سەرووی هەمووشیانەوە شەڕی نەبڕاوەی كوردبوون لە تەواوی تەمەنمدابەرۆكیان بەرنەدام.
لە هەموو قۆناغەكانی ژیاندا نووسین‌ و خوێندنەوە هاوڕێ ‌و هاودەم‌ و فریادڕەسم بووە. ناكرێ‌ بڵێم هەرگیز خۆشیم نەدیوە، بەڵام خۆشییەكانم ناكام بوون.

قۆناغی خوێندنت لە کوێوە دەستیپیکرد؟
کنێر خەیلانی: لە گوندی خرواتان، لەبەر زیرەكیی، لە شەشی سەرەتایی کاتێک مامۆستاکەمان نەخۆش کەوت، بۆ ماوەى ساڵێک بووم بە مامۆستا و وانەی ئایین و كوردیم بە قوتابییەکانی پۆلەکانی دیکە وتەوە. كەچووم بۆ رەواندوز، باوكم هەر لە پێشمەرگایەتی بوو، ماڵەكەمان هەر جارەی لە شوێنێك بووە. سەرەتاییم هەر لەوێ‌ تەواوكرد ‌و تێکەڵ بە جموجووڵی ئەوکاتی قوتابیانی ناوەندی بووم و ماوەیەكی زۆر بەردەوامبووم لە خوێندن‌ و بزۆزی و بەرەنگاریی، دواتر دەستمكرد بەپەیوەندیكردن بە رێكخستنەكانەوە، ماڵمان هات بۆ هەولێر، لەوێوە پەیوەندیم بە چەند كەسێكەوە كرد و توانیمان كۆمیتەی ژنان دروستبكەین‌. كۆمیتەكان لە ماڵان بوو، هەر جارەی لە ماڵێك كۆبوونەوەمان دەكرد.

کێ بوون ئەو کەسانەى لەو کۆمیتەیەدا بەشداربوون؟
کنێر خەیلانی: ئەو كۆمیتەیە بریتی بوو لە؛ كنێر جەمیل، شەرمین خۆشناو لە شەقڵاوە، مامۆستا نەرمین لە هەولێر و فەزیلە خان لە خانەقین. هەروەها شەرمین خانێكی ترمان هەبوو كە سەر بە كاك كۆسرەت بوو، خەڵكی هەولێر بوو. ئەوە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە لەگەڵ كەژاڵ عوسمان (یادی بەخێر) زۆر چالاكیمان ئەنجامدا لەناو شاری هەولێر،كە زانیاری و راپۆرت ‌و دەنگوباسی ناوشاری هەولێرمان كۆدەكردەوەو دەمانبرد بۆ راگەیاندنی (ی.ن.ک) كە ئەوكاتە لە (ناوزەنگ‌) و دواتر لە (بالیسان) بوو. ئەوەبوو جارێك لە خاڵی پشکنینی بالیسان گیراین‌و ئێمەیان برد بۆ پرسیار ‌و وەڵام، بەڵام زۆر بە هێمنیی قسەمان لەگەڵ كردن، كە هیچمان پێ نییە و مامۆستاین و دەچین بۆ بالیسان و لەوێ‌ دەوام دەكەین. کەچی هەر لێپرسینەوەیان لەگەڵ كردین. هەر سەیریان دەكردین! دوو كچی گەنج و جوان بووین،وتمان: «دەرچووی خانەی مامۆستایانین لە هەولێر، تازە ناومان دەرچووە لە بالیسان.» من وتم؛ وانەی كوردیی دەڵێمەوە كەژاڵیش وانەی ئینگلیزی. ئەفسەرەكە زۆر سەرسام بوو بە قسەكانمان و بڕوای پێكردین. كەچی ئەگەر گیراباین! ئەو هەموو چالاكی‌ و زانیارییانەمان پێبوو بۆ راگەیاندنی (ی.ن.ک) و وتی: «بڕۆن، بەڵام فەرموون جارێ‌ نان بخۆن.» ئێمەش وتمان: «سەمونی عەسكەرییەكە لەگەڵ خۆمان دەبەین.» ئەوەبوو چایەكەمان خواردەوە و سەمونەكەشمان لەگەڵ خۆمان برد بۆ بالیسان.
بە تاكسی چووین و بە تاكسی گەڕاینەوە، كە هاتینەوە هەموو بڵاوكراوەكانمان لەگەڵ خۆمان هێنا. لەگەڵ کەژاڵ لە ناوشاری هەولێر دابەشمانكردن.
جارێکى تر، كەژاڵ وتی: «كنێر، بابچین نامەیەك لە سەركردایەتییەکێتییەوە هاتووە بۆ (د.نافع ئاكرەیی) كە نۆڕینەگەی هەبوو لە لای قەڵات، دەبێ‌ ئەو نامەیەی بۆ ببەین.» هەرچەندە ئەو نامەیە هیچ پەیوەندییەكی بە منەوە نەبوو، لە مام جەلالەوە بۆ د.نافع ئاكرەیی هاتبوو. دەبوو كەژاڵ راستەوخۆ بیدابایەتە دەست د.نافع، كە چووین بۆ نۆڕینگەكەی د.نافع، كەژاڵ وتی: «تۆ لەدەرەوە چاوەڕێبكە.» منیش لەدەرەوە وەستام، كەژاڵ نامەكەی دایە دەست د.نافع.
ئێمە زۆر كاری ئاوامان ئەنجامداوە. زۆرجار جەبار فەرمان رێنمایی رێکخستنی دەنارد و دەبوو جێبەجێی بكەین. لە لایەك كاك كۆسرەت سەرپەرشتیی كۆمیتەی ژنانی ناو شاری هەولێری دەكرد راستەوخۆ لە رێگای شەرمین هەولێرییەوە، كە خوشكی مامۆستا نەجیبە بوو و ئێستا لەژیاندایە، كار و چالاكیی لەگەڵ كەژاڵ عوسمان ئەنجام دەدا. بە راستیی هەتا بڵێی چالاكبوو، سەرپەرشتیی هەموو ماڵە پێشمەرگاكانی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری دەكرد. منیش هاوکاریبووم تا ساڵی هەشتاكان دەستكرا بە خۆپیشاندان.

لە کاتى خۆپیشاندانەکاندا ئێوە رۆڵتان چی بوو؟
کنێر خەیلانی: کاتێک خوێندکاران و لاوان هەستانە سەر پێ‌، ئێمە لەوانە بووین کە رۆڵی سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنى خۆپیشاندانەکانمان لەئەستۆدا بوو.چەندین قوتابیی گیران و لە زیندان ئاخنران، بەو هۆیەوە من و كەژاڵیش لەگەڵ قوتابیان بۆ ماوەی چەند رۆژێك گیراین و لە دائیرەی ئەمن ماینەوە‌، دواتر بەریانداین. پاشان بەڵێننامەیان لێوەرگرتین كەكاری سیاسەت نەكەین، بەڵام هەر بەوە نەوەستاین و بەردەوامبووین لەكار و چالاكییەكان، وەك؛ نووسین‌ لەسەر دیوار و تابلۆ نووسین و بڵاوكراوە فڕێدانە ماڵ و كۆڵانەكان بۆ ئاگاداركردنەوەی خەڵك، كەپێشمەرگە هاتوونەتە ناوشار، بۆ ئەوەی دارودەستەی ئەمن لە خۆیان بترسن و ترس و دڵەڕاوكێ‌ بكەوێتە دڵیان، بەڵام رۆژ نەبوو ئاژاوە لەناوشار روونەدات و زۆربەی جار بە قسەیەك خەڵكیان بۆ خۆپیشاندان و هاتنە سەرشەقام كۆدەكردەوە.

جگە لەو گرتنە، جارى تریش دەستگیرکراویت؟
کنێر خەیلانی: بەڵێ، جاری سێیەم، لە ئەمنی سێتاقان گیرام بۆ ماوەی یەك مانگ.لەو ماوەیەدا بە پلیکانەدا هەڵواسرابووم تا دان بە هەموو شتێكدا بنێم،ئەوکات هێشتا باوكم لەژیاندا مابوو، وتی: «گەر بشتكوژن دان بەراستییەكاندا نەنێی.» با لەبیری نەكەم، كاك قاسم ژمێریار بوو لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، باش بوو بەرگریی لێكردم‌ و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆی هەولێری ئەوكات دەكەم، كە زۆر بەرگرییان لێكردم ‌و بەربووم، كە هەنجەتیان ئەوەبوو من ناونیشانی هەڵەم داوە.

جگە لەو کارانە، هیچ چالاکییەکى ترتان هەبوو؟
کنێر خەیلانی: براکانم پێشمەرگە بوون، دژی حكومەت خەباتیان دەكرد. یارمەتیی پێشمەرگەم داوە، دەرمانم بۆ پێشمەرگە بردووە و ساڕێژی پێشمەرگە بریندارەكانم كردووە. هەرچەندە زانییان من یارمەتیی سەرداری سەعید سۆفیم داوە، كە زۆر هاوڕێی كەژاڵ بوو و لەرێگای كەژاڵەوە ئاشناییم پەیداكرد و زۆر جاریش كارئاسانیم بۆ پێشمەرگە دەكرد. بە رۆژ دەست لەناو دەستی پێشمەرگە بۆ ئەوەی وابزانن كە ئەوانە دەستگیراندارن، چونكە ئەگەر ژنیان لەگەڵ پیاو بدیتبا بە هیچ شێوەیەك داوای ناسنامەیان لێنەدەكردن، بۆیە زۆربەی كارەكان بەم شێوەیە ئەنجام دەدرا. شەو پێشمەرگەبووین و رۆژیش عاشق ‌و خێزاندار، هەربۆیە ئاوا مایەوە تا ساڵی ١٩٨٩. ئەوەبوو دواجار کە دەستگیرکرام، دائیرەی ئەمن وتیان: «تۆمان بە هەموو بەڵگەیەکەوە گرت. زۆر لە مێژە بەدواتەوەین‌، بەڵام تۆ ئەوەندە زیرەك ‌و لێهاتوو بووی، قەت واتنەكرد شك بكەین، كە تۆ پێشمەرگەیت‌ و سەر بەرێكخستنەكانی ناو شاری هەولێری، بۆ نەبووی بە پێشمەرگە و نەرۆیشتی بۆ شاخ؟ خۆ ئەگەر هاوڕێكانت هەواڵیان نەدابا، ئێمە نەماندەزانی، بەڵام تۆ ئەوەندە جوان و زیرەك بووی، لای خێزانەكەت زۆر خۆشەویست بووی، خێزانەكەشتان ئەوەندە رۆشنبیر و تێگەیشتووبوون، كەس هەستی بەوە نەدەكرد كە كچێكی ئەو بنەماڵەیە یارمەتیی تێكدەران بدات.»
کۆتا جار کە زیندانیی کرام، ئەوەبوو ٢١ كەس گیراین و لەناو قەفەسی دادگا كراین، بە تۆمەتی ئەوەی لەنێو رێكخستنەكانی ناوشار كاردەكەین و زۆربەشیان ئەو تۆمەتەیان لەسەر ساغبووەوە. ئێمە (من، ئاشتى، نەرمین، فریال)، ئەم چوار کەسە لەوانى دیکە جیاکراینەوە و لە بەشى (قصاص) کە شوێنێکى دابڕاو و داخراوە دانراین، کە تایبەت بوو بەو زیندانیانەى کە سزای قورس و کاری سەختیان بۆ دەردەچوو، بۆیە بۆ ماوەی شەش مانگ لە ژێر ئازار و ئەشكەنجە و رەحمەتی كێبڵ و كارەبالێدان بووین. لە بەغدا لەژێرزەمینە تاریكەكانی جەللادەكان و ژوورە تاریك و تاكەكەسییەكاندا ماینەوە كە تەنیا ئاسمانمان لێ دیاربوو تا دواى داگیرکردنى كوێت و جەنگى کەنداو و پەرتەوازەبوونى سوپاى عیراق،کە گەلانى عیراق راپەڕین، بە لێبوردنى گشتیی، ئازادكراین و گەڕاینەوە شاری هەولێر.

جگە لە کورد، زیندانیی پێکهاتەکانى دیکەی عیراقتان لەگەڵدا بوو؟
کنێر خەیلانی: بەڵێ، جگە لەو کوردانەى کە لەوێ زیندانیی بووین، نزیکەى ٣٠٠ ژن و کچی عەرەب کە زۆربەیان خوێندکارى زانکۆى موستەنسریە و شیعە مەزهەب بوون، بە تۆمەتى لایەنگر و چالاکوانى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى باشوورى عیراق زیندانی کرابوون.

پەیوەندیتان چۆن بوو لەگەڵ ئەو زیندانیانەدا؟
کنێر خەیلانی: سەرەتا، نێوانمان باش بوو و بە یەکەوەبووین، بەڵام دواتر بەهۆى جیاوازیی بۆچوونمان بۆ پرسە نەتەوایەتییەکان، کێشە کەوتە نێوانمان و لە یەکترى جیاکراینەوە.

دواى گەڕانەوەتان بۆ هەولێر، چیتان کرد؟
کنێر خەیلانی: ئیتر دەستمانكرد بە تۆڵەكردنەوە لە حزبی بەعس، من لە هەموو حیزبەكانەوە پێشوازییان لێكردم لە بەغداوە بۆ هەولێر. یەكەمجار PKK دواتر پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دواتریش حیزبی شیوعی و هەموو حزبەكانی تر، داوایان لێكردم كە خۆم بە هیچ حزبێكەوە نەبەستمەوە، وەكو كوردێك هەوڵبدەم، بەڵام من كار و چالاكییەكانم زیاتر لەناو ی.ن.ک بوو. لەبەرئەوەى من یەكێكبووم لە سەرپەرشتیكارانی ژنان و خوێندكاران و كاسبكاران، بۆیە پەیوەندیم لەگەڵ هەموویان هەبوو. هەروەها هاوکاری بەرەی كوردستانیی بووم. زۆرجار كاك فاروق جەمیل و كاك شاسوار و هاوڕێ‌ تاهیر لە بەرەی كوردستانیی راوێژیان پێدەكردم. كە ئازاد كرام، لە هەموو شار و شارۆچكەكان لە هەولێر تاوەكو حاجی ئۆمەران، كۆمیتە و بارەگامان دانا بە پاڵپشتیی حەسەن كوێستانی و جەبار فەرمان و كاك كۆسرەت، كۆمەڵێك كادێری زۆر چاكیش پاڵپشتمان بوون، لەوانە؛ حاجی مەسیفی، رێباز بیركۆتی، كاك نەهرۆ سەعید سۆفی، بورهان، دانا، عەوڵا بۆر، مەلا سلێمان و شەهید رێباز.
من (ناوی خۆم نابوو؛ تەوارە هەڵۆ) ئەوکات گۆڤارى (سێبەر)مان دەردەکرد كە ژیان عەزیز گەردی خاوەن ئیمتیاز بوو منیش بەڕێوەبەری نووسین بووم. ئەوكات كاك نەوشیر بە ئۆتۆمبێلی خۆی ئێمە (ژیان خان و من)ی دەبرد بۆ گوند و شارەكان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ مەكتەبەكان و دروستكردنی كادێر، كە كاتی خۆی لەگەڵ كەژاڵ پێشمەرگە و كادێرمان دروست دەكرد و رەوانەی دەرەوەمان دەكردن. دوایی لەگەڵ ژیان خان پەیوەندیی راستەوخۆمان بە كاك كۆسرەتەوە كرد. لەو کاتەدا ئەتوانین بڵێین هەولێر پێشەنگبوو لە كار و چالاكیدا، ئینجا هێرۆ خان سێبەری بردە سلێمانی و ناوینا تەوار، كە ئێستاش بەردەوامە و سەر بە یەكێتیی ژنانە. دواتر كاك كۆسرەت وتی: «وەرەوە مەكتەبی سیاسی.» بووم بە بەڕێوەبەر و بەپارەیەكی زۆر كەم كارمدەكرد، بەڵام پێشەنگبووم لە کارکردندا و بەكچە ئازاكە بەناوبانگبووم، هەرچەندە پارەم كەمبوو، بەڵام ناو و كەسایەتیم زۆر گەورەبوو.


تا کەى بەو شێوەیە بەردەوامبوویت؟
کنێر خەیلانی: تا ٣١ی ئاب، كە سوپای عیراقیان هێنایەوە، بە پێ‌ بەرەو سلێمانی و لەوێشەوە بەرەو رانیە و قەڵاچوالان رۆیشتم، بۆ ماوەیەك لە قاسمەڕەش و نۆكان مامەوە. لەسەر سنووری دەستکردی ئێرانیش پسووڵەمان بەسەردا دابەشكرا.
لەسەر بستۆکەی سنووریش، چادرەکەمان بووە ماڵی پێشمەرگە. مامۆستا چەتۆ ئەوكات ئەندامی سەركردایەتی بوو، ئاگاداربوو كە من چیمكردووە.
دواتر گەڕاینەوە، چەند كەسێك بۆ ماوەیەك لای من مانەوە وەكو؛ دڵپاك تاهیر و ئاوێزان و فریال و كاك عوسمان و رێزانی خێزانی، دواتر لەگەڵ كەمال رانیە و ئازاد خالید و كاك ستار و سیروان،چووین بۆ سەركردایەتی لە زەڵێ‌ و لەوێ‌ ئەوەبوو هاتمە ماڵی ئێوە (كاك دارۆ و نەرمین عوسمان)، ماوەیەك لەوێ‌ مامەوە، جارجاریش هێرۆخان دەهاتە ماڵتان کە وەک نیمچە بارەگایەک بوو بۆ داڵدەدان. دواتر كاك دارۆ وتی: «كێ‌ دەبێتە ئەندامی مەكتەبی دارایی؟ دەبێت یارمەتیی پێشمەرگە دابەش بكات.» من و بەیان خان و بایز تاڵەبانی لە دارایی بووین بۆ ماوەیەك، تا گەڕاینەوە سلێمانی، لەوێ‌ من بە مۆڵەتى كاك دارۆ چوومە دەرەوە.
لەوێوە بەبێ‌ پارەوپول رێگەی هەندەرانم گرتەبەر بۆ ئێران، بۆ ماوەی یەك مانگ لە سەردەشت لای كاك سەعید سەردەشتی مامەوە، یارمەتیداین لە چوونمان بۆ توركیا و لەوێوە هەر بە پێ‌ بۆ یۆنان و لەوێشەوە بۆ هۆڵەندا کە كەژاڵی هاوڕێم چاوەڕێی دەكردم، چونكە ئەویش لەوێبوو.
زۆر ماندوو و هیلاك بووم، 12رۆژ بە قاچاغ لە ماڵی ئەو مامەوە، ماڵی لە دانهاخ بوو. دواتر چووم بۆ لاى پۆلیس و خۆم تەسلیم كرد. لە چاوپێكەوتنەكە من ئەنجامەكەم وەرگرت. دادوەرەكە وتی: «نەك ئەنجامەكەت بدەمێ‌، بەڵكو دەبێ‌ هۆڵەندا بە سوپاسەوە تۆ وەربگرێ‌، چونكە ئەو هەموو كارەت بۆ میللەتەكەت كردووە. ئەی بۆ ئێمە چی دەكەی؟» بۆیە هەر لەوێ‌ بەڵێنم دا؛ وەك كورد، دڵسۆزی وڵاتەكەی ئەویش بم. وتی: «بڕۆ بێ‌ خەم بە، تۆ دەبیتە پەناهەندەى سیاسی. «لەبەرئەوەی پێشتر لە كوردستان بووم، پێشوازیم لە چەندین شاندی ئەمنیی دەكرد، زۆرجار لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە كارم كردووە. دواتر لە هۆڵەندا بووم بە میدیاكار. هەروەها لەگەڵ میدیای (تێلبۆرخ) کارم دەکرد و هەوڵیشماندا بۆ دانانی مەكتەبی كوردی و دوایی لەگەڵ پەیمان خان و د.كەنار و پاڤێ‌ بووین بە سەرپەرشتیكاری ژنانی كورد لە ئەوروپا و بەتایبەتی لە هۆڵەندا.
لە تێل بۆرخ، بووم بە ئەندام و سەرپەرشتیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی شاری تێل بۆرخم دەكرد. دواتر چووم بۆ بەریتانیا، لەوێش هەر میدیاكار بووم و لەگەڵ خانمان؛ چنوور هەڵەبجەیی و مریەم خان و چەند ژنێكی تر كارمان دەكرد و ژنێكی ئینگلیزیش لەگەڵمان بوو بەناوی (جودیش) كە زۆر كوردی خۆشدەویست. زۆر یارمەتیداین، هەروەها زۆرێک لە كەنیسەكان یارمەتییان دام.پاشان بووم بە ئەندامی مافی مرۆڤی جیهانی، دواتر بووم بە ئەندامی خاچی سووری بەریتانی و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵیان كارمكرد وەكو وەرگێڕ. لە پاڵ ئەوەش دەمخوێند، كە بووم بە مامۆستا، لەقوتابخانەی چارلس دیكنز بۆ ماوەی ساڵێك وانەم وتەوە. دواتر گەڕامەوە كوردستان و لێرە چەندین بڵاڤۆکم دروستكرد و بەشداریی چەندین چالاكیم كرد، لەوانە؛ خێزانی تەندروست لەكوردستان، چەكوچی یاسایی و تا دوایی. لە لایەکى تریشەوە ئەندامی بۆردی ئەكادیمیای سیاسەت و هزری دیموكراسیم، كە تاكو ئێستاش بەردەوامە لە كار و چالاكییەكانی. هەروەها بەشداریی چالاكییە هونەری و رۆشنبیرییەکانم كردووە لە ئەكادیمیاشبەردەوامم لە کار و چالاکی و کۆبوونەوەى رۆژانە. جگە لەو بڵاوکراوانە، دوو كتێبیشم بە چاپگەیاندووە، یەكێكیان چیرۆكە و ئەوی تریان تایبەتە بە هاندانی لاوان بۆ خەباتكردن لە رێگای رۆشنبیریی.

بەرنامەت چییە بۆ ئێستا و داهاتوو؟
کنێر خەیلانی: درێژەدان بە رەوتی چالاکیی بواری مەدەنیی.


PM:03:25:31/10/2019