ئێران لەسەر چارەنوسی عەبدولمەهدی بڕیاریدا

ئێران  لەسەر چارەنوسی عەبدولمەهدی  بڕیاریدا
مەوداپرێس- 

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری پێنج سەرچاوەی باڵای عیراقەوە بڵاویكردەوە، دەسەڵاتدارنی ئێران لەسەر دۆخی عێراق هاتونەتە سەرخەت و رێگرییان لە دورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی كردووە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆیتەرزی بەریتانی كە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی باڵاوەریگرتووە، تاران پشتگیرییان لەمانەوەی عەبدولمەهدی كردووە و هۆكارەكەشیان بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە كە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی لاوازبونی هێزی سەربازی و  سیاسی حەشدی شەعبی. 

هەروەها ئاژانسەكە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بڵاویكردووەتەوە، لە کۆبونەوەکانی ئەم دواییەدا عامری جەختی لەوەکردوەتەوەکە دواین هەنگاوی چاکسازییەکان بۆ هێورکردنەوەی شەقام بریتیە لە کارکردن بۆ دورخستنەوەی عەبدولمەهدی لە سەرۆکایەتی حکومەتدا.

ئاماژەی بەوەشداوە، رۆژی 30ی تشرینی یەکەم قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لەگەڵ سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کۆبوەتەوە و داوای لێکردون لە پشتیوانی کردنی عەبدولمەهدی بەردەوامبن.

هاوكات هەر لەراپۆرتەكەی رۆیتەرز سەرچاوەیەكی ئێرانی قسەیكردووە و وتویەتی "دۆخی عێراق بۆ ئێمە گرنگە پێشوتریش رامانگەیاندوە، قاسم سولەیمانی سەردانی عێراق  و وڵاتانی ناوچەکە دەکات لە کاتێکدا هاوپەیمانەکانمان پێویستیان بە هاوکاری بێت".

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی باڵای ناو حەشدی شەعبیش باسی لەوەکردوە، ئەوان ترسیان هەیە لەوەی دورخستنەوەی عەبدولمەهدی ببێتە سەرەتای لاوازبونی هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی.

 بەرپرسێکی سیاسی نزیک لە کۆبونەوەکانی ئەم دواییەی سەرکردەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی عێڕاقيش، باسیلەوەكردووە، هادی عامری لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ سەدر و قاسم سولەیمانی رایگەیاندوە "ئێمە پێمانوایە ئێستا کاتێکی گونجاو نیە بۆ دورخستنەوەی عەبدولمەهدی، لەبەر ئەوەی دۆخەكە بەرەو پارچەپارچە بون دەبات و ئارامی وڵات دەخاتە مەترسیەوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە، لەچەند رۆژی رابردوو موقتەدا سەدر داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد دەستلەکاربکێشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت رابگەیەنێت.

 لە وەڵامیشدا عەبدولمەهدەی هەڵبژاردنی پێشوەختی رەتکردەوە و پێشنیازی کرد سەدر و عامری لەسەر کەسێکی دیکە بۆ سەرۆکایەتی حکومەت رێکبکەون ئەو ئامادەیە دەستلەکاربکێشێتەوە. 



PM:04:33:01/11/2019