چارەنووسی داعشە کوردەکانی زیندانەكانی هەسەدە نادیارە

چارەنووسی داعشە کوردەکانی زیندانەكانی هەسەدە نادیارە
مەوداپرێس- رەنگین عارف

زیاتر لە دوو ساڵە ژمارەیەک کورد کە چووبوونە ناو رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە لەلای هەسەدە زیندانین لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام تائێستا چارەنووسیان دیار نییە و حکومەتی هەرێمی كوردستانیش تائێستا وەرینەگرتوونەتەوە، فەرماندەیەکی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"ش رایدەگەیەنێت، لە کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادیدا تەنیا کورد ئاگادار بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی مەوداپرێس لە سەرکردەکانی پەیەدە و هەسەدەوە وەریگرتوون، نزیکەی 40 داعشی کورد لە زیندانەکانی هەسەدەدان لە رۆژئاوای کوردستان، لەو ژمارەیە 30 کەسیان کوردی هەرێمی کوردستانن و 10 کەسەکەی تریش کوردی پارچەکانی تری کوردستانن بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام تائێستا لەوێ ماونەتەوە و حکومەتی هەرێمی كوردستان هەسەدەی سەرپشک کردووە لەوەی چۆن مامەڵەیان یان دادگاییان دەکات.

چارەنووسی داعشە کوردەکان
سەرکردەیەکی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان باس لەوە دەکات بە دوو وەجبە هەندێ لە داعشەکانیان رادەستی عیراق کردووەتەوە و لەگەڵ هەرێمیش قسە کراوە.

لوقمان ئەحمێ، وتەبێژی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان بە مەوداپرێسی راگەیاند "چەند جارێک پەیوەندی هەبووە لەگەڵ حکومەتی عیراق و هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی داعشە کورد و عیراقییەکان  دوو وەجبەش داعش تەسلیمی حکومەتی عیراق کراونەتەوە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرکردەکانی هەسەدەوە وەرگیراون، حکومەتی هەرێمی كوردستان هەسەدەی سەرپشک کردووە چۆن مامەڵە لەگەڵ داعشە کوردەکان دەکات لە زیندانەکانی خۆیدا.

لەگەڵ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە هەندێ لە داعشە کوردەکان هەڵاتوون، بەڵام وتەبێژەکەی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و وتی زیندانەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان بەهێزن و چاودێریی ورد دەکرێن.

لەگەڵ درووستبوونی داعش لە ساڵی 2014دا، وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند 500 کورد لە هەرێمی کوردستان چوونەتە ناو داعشەوە.

مستەفا بالی، وتەبێژی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند "لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی كوردستان قسە کراوە بۆ وەرگرتنەوەی داعشەکان و ئامادەییان دەربڕیوە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخانەی روویان داوە قسە و گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەکردووەتەوە بۆ چۆنییەتی رادەستکردنەوەی داعشە کوردەکان".

وتەبێژەکەی هەسەدە بۆ مەوداپرێس وتیشی "بەشێک لە داعشەکان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و نازانین ئاخۆ دەیاندەینەوە بە ئێران یاخود نا."

هەر بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی كوردستان، لەو 500 داعشە کوردەی چوونە ناو داعشەوە، 300 کەسیان کوژراون، 150 کەسیان خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و لای هەسەدەش 40 داعشی کورد هەیە و نازاندرێت ئەو دە کەسەی تر چیان لێ بەسەر هاتووە.

کورد و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی
درەنگانی شەوی (شەممە،26ی تشرینی یەکەمی 2019) ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆكی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزێکی ئەمەریکی و هەسەدەدا، لەگەڵ دوان لە منداڵەکانی و چەند چەکدارێکی دیکەی داعش لە نزیك شاری ئیدلب، کوژران.

دوابەدوای کوژرانی ئەبوبەکرد بەغدادی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوانە ئەنجام دراوە و باسی لە رۆڵی کوردیش کرد لە ئۆپەراسیۆنەکەدا.

هاوکات مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە باسی لەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە ماوەی پێنج مانگ کاری هەواڵگری هاوبەشی کورد و ئەمەریکا ئەنجام دراوە و باسی لەوەش کرد کە کەسێکی هەواڵدەری خۆیان لە ناو خێزانی ئەبوبەکر بەغدادی هەبووە و زانیاریی پێ داون، کەسێکی شارەزاش لە شوێنی مانەوەی ئەبوبەکر بەغدادییان لا بووە و داویانە بە ئەمەریکییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە و وەک کۆبانی وتی ئەمەریکییەکان بە سەلامەتی چاوساغەکەیان بۆ گەڕاندوونەتەوە.

مستەفا بالی، وتەبێژی هەسەدە ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە کورد هەر لە سەرەتای ئۆپراسیۆنی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادیدا ئاگادار هاوکار بووە و بەشێک بووە لە ئۆپەراسیۆنەکە، لە کاتێکدا وەک ئەو دەڵێت گەورە وڵاتانی ناوچەکە و ئامادە لە سوریا بێئاگا بوون لەو ئۆپەراسیۆنە.




PM:01:18:02/11/2019