هەرێمی كوردستان و بەرهەم ساڵح لەسەر هەمواركردنەوەی دەستور ناكۆكن

هەرێمی كوردستان و بەرهەم ساڵح لەسەر هەمواركردنەوەی دەستور ناكۆكن
مەوداپرێس- 

پرسی هەمواركردنەوەی دەستور كە ئێستا بابەتی گەرمی شەقام و كۆبوونەوەی لایەنەكان و   ناكۆكی لەنێوان بەرپرسانی عیراق و هەرێمی كوردستان دروستكردووە و  هاتنی سەرۆككۆماریش هیچ دەستكەوتێكی بۆ لایەنگرانی گۆڕینی دەستور نەبوو. 

مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمەوداپرێس-ی راگەیاند" هەرێمی كوردستان لەگەڵ گۆڕینی دەستور نییە چونكە كێشەی ئێستای عیراق جێبەجێ نەكردنی دەستورە". 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، لایەنە كوردستانییەكان یەك هەڵوێست دەبن لەسەر ئەو پرسەو لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆش ئەوە جەخت كرایەوە".
پەرلەمنتارانی كوردیش لەئەنجومەنی نوێنەران هۆشداری دەدەن لەهەمواركردنەوەی دەستور و پێكهێنانی لیژنەكە بەمەترسی دەزانن. 

حەسەن ئاڵی ئاماژە بەوەدەدات" گۆڕینی دەستور لەم كاتەدا فەوزای سیاسی دروست دەكات و عیراق بەرەو تونێلێكی تاریكی دەبات"
ئاڵی بۆ مەوداپرێس جەختی لەوەشكردەوە" كورد لەگەڵ هەمواركردنەوەی دەستور نیە و ئەو داواكارییەش لەئێستادا بەمەترسی بۆسەر كیانی خۆی دەزانێت". 

ئەوەشیخستەڕوو" پێویستە كورد یەكهەڵوێست بێت بۆئەوەی ئەو دەستكەوتانەی لەساڵی 2005 بەدەستی هێناوە لەدەستی نەدات". 

هاوكات سەرچاوەیەكی  ئاگادار لەكۆبوونەوەكانی ئەمڕۆی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەگەڵ سەرۆككۆمار ئاشكرایكرد"  بەرهەم ساڵح  و هەرێمی كوردستان ناكۆكن لەسەر هەمواركردنەوەی دەستور. 

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرێمی كوردستان پشتیوانی هەمواركردنەوەی دەستور ناكات و ناكۆكە لەگەڵ داواكارییەكەی بەرهەم ساڵح و هەربۆیە لەكۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ وەڵامێكی دڵنیاكەرەوەیان پێنەداوە.
بەگوێرەی دەستوری عیراق ئەگەر بێت و سێ پارێزگا دژی هەمواركردنەوەی دەستوربن ئەوا هەموارەكە هەڵدەوەشێتەوە هاوكات تائێستا بەرپرسانی هەرێم بەگومانەوە لە هەمواركردنەوەی دەستور دەڕوانن و جەخت لەوەدەكەنەوە دەبێت كۆنفیدراڵی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت. 

لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستور كۆبوەوە كە ئەندامی كوردی لیژنەكەش تێیدا بەشدرابوون. 
بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش بڕیاریان داوە بەشداری بە پسپۆرانی دەستوور بكەن لە زانكۆكانی عێراق ، تا دارشتنێكی پێویست. 

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و كەسی یەكەمی لایەنەكان كۆبوونەوە هەرچەندە لەكۆبوونەوەكە مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ بەشدارییان تیادا نەكرد بەڵام بەگوێرەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی نێچیرڤان بارزانی وتی، سەركردەكانی عیراق و هەرێم دەبێت هەوڵی چاككردنی ژیانی خەڵك بدەن".



PM:09:34:05/11/2019