سبەی پەرلەمانتارە كوردەكان دەگەڕێنەوە بەغدا

سبەی پەرلەمانتارە كوردەكان دەگەڕێنەوە بەغدا
مەوداپرێس- هێمن مامەند

بڕیارە سبەی شەممە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوەو بۆئەم مەبەستەش  پەرلەمانتارە كوردەكان   دەگەڕێنەوە بەغداو بەشداری دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمان دەكەن.

ناسر هەركی پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی عیراق تایبەت بەمەوداپرێس- ی راگەیاند "بڕیاروابوو ئەمشەو سەرجەم پەرلەمانتارە كوردەكان بگەڕێنەوە بەغدا، بەڵام بەهۆی نەبوونی فڕۆكە بڕیاریدا سبەی كاتژمێر نۆی بەیانی بەرەو بەغدا بگەڕێینەوە".

هەركی ئاماژەی بەوەشكرد "دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمانی عیراق كاتژمێر یەكی دوای نیوەڕۆ دەست پێدەكات، تائەو كاتەش ئێمە دەگەینەوە بەغداو بەشداری دانیشتنەكە دەكەین".
 
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەش پەرلەمانتارە كوردەكە وتی  "لە كۆبوونەوەی سبەینێدا باس لە بەردەوامیی خۆپێشاندانەكان و داواكارییەكانی خۆپێشاندەران لەبارەی هەڵوەشانەوەی حكوومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەنگاوەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران دەكرێت".

وتیشی  "لە كۆبوونەوەی سبەینێدا هەروەها قسە و گفتوگۆ لەسەر یاسای خانەنشینی دەكرێت، لەگەڵ یاسای ئیمتیازاتی بەرپرسان".

 




PM:07:23:08/11/2019