یەکەم دانیشتنی دادگا بۆ دۆسیەی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو

یەکەم دانیشتنی دادگا بۆ دۆسیەی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو
مەوداپرێس-سازگار ئەحمەد

یەکەم دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو لە دادگای سلێمانی و لە دانیشتنەکەدا دادوەر بڕیاریدا بە دواخستنی دادگایەکە.

ئەمڕۆ 17ی تشرینی دووەمی 2019 یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی هاوسەری سێوان قادر لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، لەو بارەیەوە بنار عادل، پارێزەری سێوان قادر بە مەوداپرێسی راگەیاند "ئەمڕۆ یەکەم دادبینی دۆسیەی سوتانی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو کە لەم دۆسیەدا سەرەتا دوو تۆمەتبار هەبوو، بەڵام لە ئێستادا تەنها تۆمەتبار کە مابێتەوە هاوسەری سێوانە".

ئاماژەی بەوەشکرد "هاوسەری سێوان قادر بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی تۆمەتبارە کە تاوانی کوشتنە".

پارێزەرەکەی سێوان باسی لەوەشکرد "لە دادگایەکەی ئەمڕۆدا وتەی هەریەک لە دایک و باوک و براکانی سێوان وەرگیران".

سەبارەت بە دادگای کردنی داهاتوو بنار عادل وتی "سبەی کاتی دانیشتنی دووەمی دادگا سەبارەت بە دۆسیەی سێوان قادر و منداڵەکانی دیاری دەکرێت".

هەر لەسەر هەمان بابەت دانا، برای سێوان قادر بە مەوداپرێسی وت "دانیشتنی یەکەمی دادگا بۆ کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو".

ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە وەک کەسوکاری سێوان دەمانەوێت بە زووترین کات تاوانبار سزای خۆی وەرگرێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی 16/12/2018 سێوان قادر و منداڵەکانی لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەودا سووتان و گیانیان لەدەستدا، بە وتەی سێوان قادر کە پێش ئەوەی گیان لەدەست بدات لە نەخۆشخانە وتەی دا وتی "لەلایەن هاوسەرەکەوە ئاگر لە خۆی منداڵەکانی بەردراوە".






PM:04:09:17/11/2019