پەرلەمانی عیراق پڕۆژە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی پەسەند کرد

پەرلەمانی عیراق پڕۆژە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی پەسەند کرد
مەوداپرێس-سازگار ئەحمەد

لەکۆبوونەوەی دوێنی پەرلەمانی عیراقدا بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو لە حکومەتی عیراقدا پەسەند کرا.

لەو بارەیەوە حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە مەوداپرێسی راگەیاند "لە کۆبوونەوەی دوێنی پەرلەمانی عیراق دەنگمان لەسەر پڕۆژە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو حکومەتی عیراق دا و بەزۆرینەی دەنگ پەسەند کرا".

حەسەن ئاڵی وتیشی "ئەم پڕۆژە یاسایە بەشێوەیەکی گشتی هەندێک چاکسازی تێدا کراوە، کە تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ کەم کراوەتەوە، هەروەها ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 45 بۆ 50 ساڵدایە و 15 ساڵ خزمەتیان هەیە دەتوانن خانەنشین ببن بە لەسەر داوای خۆیان".

لە باسی خاڵێکی دیکەی ئەو یاسایە ناوبراو باسی لەوەكرد "لەدوای ئەوەی ژمارەیەک کارمەند لە فەرمانگە حکومیەکاندا خانەنشین دەبن هەلی کار بۆ ژمارەیەک خەڵک دروست دەبێت نزیکەی 200 هەزار هەلی کار دەهێنێتە ئاراوە".

حەسەن ئاڵی ئاماژەی بەوەشکرد ''ئێمە داوای ئەوەمان کردووە ئەو کەسەی خانەنشین دەبێت مووچەیەکی وای بدرێتێ شایستەی خزمەتەکەی بێت".

ئەو پەرلەمانتارەی عیراقیش ئەوەشی خستەڕوو "دوای ئەوەی پڕۆژە یاساکە لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە پەسەندکراوە نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر جێبەجێ کردنی بدات، بەڵام ئەگەر تێبینی هەبێت لەسەری ئەوا تێبینی خۆی دەدات دووبارە پڕۆژەکە دەنێرێتەوە پەرلەمان وە بەپێچەوانەوە ئەگەر تێبینی نەبوو ئەوا پڕۆژە یاساکە پەسەند دەکات و دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە".








PM:05:52:20/11/2019