عەدنان عوسمان بۆ مەوداپرێس: لەماوەی شەش مانگدا چاكسازیی نەكرێت لە حكومەت دەكشێینەوە

عەدنان عوسمان بۆ مەوداپرێس: لەماوەی شەش مانگدا چاكسازیی نەكرێت لە حكومەت دەكشێینەوە
مەوداپرێس- كاروان رەسوڵ

سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت بزووتنەوەكەی سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەیە، ئەوەش دەڵێت سوورن لەسەر ئەنجامدانی چاكسازیی و ماوەی شەش مانگیان بۆ داناوە.

عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ مەوداپرێس وەڵامی زۆر پرسیار دەداتەوە و هەڵوێستی بزووتنەوەكەی بەڕوونی دەخاتەڕوو.

دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان چۆنە لەدوای ئەنجامدانی کۆنفڕاس وهەڵبژاردنە ناخۆییەکانتان؟
عەدنان عوسمان: دوای دەستلەکارکێشانەوەی چەند هاوڕێیەکمان لە پەرلەمان و حکومەت و حزب، دۆخێکی باش نەبوو و دابەزینی دەنگی گۆڕانیش کاریگەرییەکی تری هەبوو. ئێمە هاتینە سەر ئەو دۆخە نالەبارەی گۆڕان، بەڵام ئیرادەیەکی بەهێز هەبوو لای گۆڕانخوازان بۆ گۆڕانکاری لەدوای هەموو ئەمانە گەرموگوڕییەکی باشی ئیشکردن هەیە. بۆ نموونەش لە مەکۆی قەزا و ناحیەکان کێشەمان هەیە و واخەریکین چارەسەری دەکەین و کاری دامەزراوییمان بەهێز دەکەین، لەوانەیە پرسیار بکرێت بۆ پێشتر نەکراوە، بیانوویەکی دروست هەیە ئەویش ئەوەیە قۆناغی دوای کاک نەوشیروانە کە قۆناغێکی سەختە، من خۆم ناوم ناوە قۆناغی موئامەرەیەکی ناوخۆیی گەورە، هەرچەند من رقم لە نەزەریەی موئامەرەیە، چونکە خۆم وردەکارییەکانی دەزانم و دەشزانم هەوڵێکی زۆر هەبوو بۆ پەراوێزخستنی بزووتنەوەی گۆڕان و بچوک پیشاندانی، بەشێکی گەورەش لە بەشداریکردن لە حکومەت بۆ لایەنی چاکسازی دەگەڕێتەوە کە لەڕێگەی حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێت و پیشاندانی مانەوەی بزووتنەوەکە و بەهێزیی بزووتنەوەکەیە، خەریکی رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانین و لیکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ ئەدای حکومەت.

هیچ هەوڵێک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کادرانەی لە بزووتنەوەی گۆڕان زوویر بوون؟
عەدنان عوسمان: ئەوەی زویرە قسەی هەیە و دەبێت گوێی لێبگرین و گفتوگۆی لەگەڵ بکەین، ئایا ئەم بزووتنەوەیە تاچەند دەتوانێت وەڵامی ئەو رەخنانە بداتەوە وە وەڵامی ئێمە چەند بڕواپێكەر دەبێت لای ئەوان. ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە رۆژانە و هەفتانە و مانگانە لەگەڵ ئەو برادەرانە دادەنیشین، من لە زۆر شوێن وتوومە بەشێکی زۆر لە رەخنەی زویرەکان قسەکردنە لەسەر گوتاری بزووتنەوەکە، بزووتنەوەکە لەسەر شاڕێی خۆیەتێ، بەڵام گوتارەکەی لاواز بووە یان هێڵی گوتاری گۆڕان خەریکە لەگەڵ لایەنەکانی تر کاڵدەبێتەوە، ئەمانە دەبێت وەڵام بدرێنەوە، ئەوەشی وازی هێناوە لە گۆڕان ئازادن و دەبێت رێزیان لێبگیردرێت و ناویان نەزڕێندرێت.

تێڕوانینتان چییە بۆ کارەکانی حکومەت و ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان کردووتانە تاچەندی جێبەجێ كراوە بەتایبەت لە مەسەلەی ئەنجامدانی چاكسازیی؟
عەدنان عوسمان: حکومەتەکە لەسەر بەرنامەی چاکسازی دروست بوو و ئیمزاش کراوە و دەبێت هەموومان پەیوەست بین پێوەی، بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەکردووە و شەش مانگی یەکەم چاودێری و هەڵسەنگاندن دەکات، جارێ شەش مانگەکە تێنەپەڕیوە، سەرەتا گەرموگوڕییەک بەکاری حکومەتەوە دیاربوو، بەڵام دواتر ساردوسڕی پێوە دەركەوت، چاکسازیش داخوازی بزووتنەوەی گۆڕان نییە بەتەنیا، بەڵکو داخوازی خەڵکی کوردستانە، بۆیە چەند پەلەی لێبکرێت و بە پلان بێت زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگای کوردستان، پرۆسەی چاکسازی پەرت پەرت ناکرێت دەبێت یەک پاکێج بێت لە کوردستان هەموو کەرتەکان دەبێت چاکسازی تێدا بکرێت، پێویستمان بە پلان هەیە بە یەک پاکێج کاری بۆ بکەین. 

ئەگەر پارتی پەیوەست نەبوو بەو كاتەی لەسەری رێككەوتوون بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ئێوە بەدیلتان چییە؟
عەدنان عوسمان: ئێمە بە مەرجی چاکسازی و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک بەشداریمان لە حکومەت کردووە.

ئەگەر ئەم مەرجەتانتان جێبەجێ نەکرا، ئامادەیی کشانەوەتان لە حکومەت هەیە؟ 
عەدنان عوسمان: بەڵێ ئێمە ئەوکاتە هەموو قسەیەک دەکەین، بەڵام ئێمە لەئێستادا هیوامان لەسەر ئەوەیە چاكسازیی بكرێت و قسە لەسەر کردنەکەی دەکەین، جارێ قسە لەسەر ئەنجامنەدانی چاكسازیی ناکەین.

یەکێک لەو پرسانەی لەماوەی پێشوو ئێوە ورژاندتان پرسی لێپێچینەوە بوو لە نوێنەرەكانتان لە حکومەت و پەرلەمان، لەو رووەوە هیچ هەنگاوی كردەیتان ناوە؟
عەدنان عوسمان: پرەنسیپ و بەهاکانی گۆڕان ناکەینە قوربانی هیچ کەسێک لە هەر پۆستێکدا بێت، بەهاکانی گۆڕان لە هەموو شتێک لامان پیرۆزترە و ئەوەیش پەیوەستە بە ژیانی کۆمەڵگاوە بەهیچ شێوەیەک ساردی نانوێنین، هەروەها ئەو پڕۆسەیە لەوانەیە دەستکەوت بێت بۆ ئەو کەسە و لەم پڕۆسەیەدا بە پاکی دەرچێت و ئەوپەڕی سەربەرزییە بۆ کەسەکە.

ئەو لێکۆڵینەوەیەی ئێمە دەیکەین لە بواری حزبی و حکومیدایە و پڕۆسەیەکی بەردەوام دەبێت، نوینەرکانمان  لەژێر لێکۆڵینەوە و چاودێری وردی هەڵسوڕاوەکانمان دەبن بۆ ئەوەی هاوکاریان بن.

هەر بەڵگەیەکتان دەستبکەوێت دەیدەنە ژوورەکانتان و سزای حزبیی دەدەن  یان دەیدەنە حکومەت و دادگا؟
عەدنان عوسمان: ئێمە جیاوازتر لە حزبەکانی تر ژووری یاساییمان هەیە ئەو ژوورە ژوورێکی گرنگە لە بزووتنەوەی گۆڕاندا و هەر پرسێک پەیوەست بێت بە دادپەروەریی لەو ژوورەوە بڕیاری لێدەدرێت. هەر کەسێک ناوی هێنرابێت بانگ دەکرێت، بۆیە ئەویش بۆی هەیە لە ژووری یاسایی قسەی خۆی بکات و پاشان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت  لە کۆتاییدا ژووری یاسایی بڕیار دەدات ئەو دۆسییەی چی لێبکریت. 

پەیوەندیتان لەگەڵ یەکێتی لە چی ئاستێکدایە؟ رێککەوتنێکتان هەبوو بۆ جێبەجێ نەکرا؟ هەوڵتان نەداوە بۆ تەفعیلكردنەوەی ئەو رێکكەوتنە؟
عەدنان عوسمان: دەمەوێت شتیک راست بکەمەوە، رێککەوتنەکان یەکێتی جێبەجێ نەکردووە، ئێمە لەم سنوورەدا لە هەڵبژاردنی پێشووی پارێزگاکان یەکەمی هەڵبژاردن بووین و رێککەوتن کرا بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و بەشێکی جێبەجێکراوە و چەندین جاریش داوامان کردووە ئەو بەشانەی ماوە جێبەجێبکرێت و متمانە و گەرمی بگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەکانمان، تائێستا لە یەکێتی بەڵێنی باش دەبیستین و کردار نییە، رێککەوتنیشمان لەسەر ئاستی کوردستان بۆ هەموو پرسەکان هەبوو، بۆ ئەم پرسە هیچی جیبەجێ نەکراوە بەداخەوە.

هیچ دەستپێشخەرییک بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ یەكێتی كراوە؟
عەدنان عوسمان: دەستپێشخەری کراوە لەلایەن هەردوو لامانەوە، یەکیتی دەسپێشخەری باشی کردووە و سەردانیان کردین و پیرۆزباییان لێکردین  و هەر ئەو کاتەش باس لەوەکرا کە چۆن جاریکی تر گفتوگۆکان بخەینەوە سەر رێ. کەسانێک دۆستی هەردوولا دەستپێشخەریان کرد کۆبوونەوە بکەین و دوو کۆبوونەوەمان کردووە لەسەر ئەو پرسە هەڵواسراوانە، ئەوەی گرنگە هەنگاوی کردارییە، قسەی باشمان لەنێوانمان هەیە، مێژوومان هەیە و رێکكەوتنی باشمان هەیە و پێویستمان بە هەنگاوی کردارییە كە ئەمەش هێشتا هەنگاوی باشی بۆ نەنراوە.

نزیکبوونەوەی پارتی و گۆڕان بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی یەکێتی و گۆڕان؟ دەوترێت ئێوە موجامەلەی پارتی دەكەن؟
عەدنان عوسمان: وانییە و ئێمە موجامەلەی هیچ حزبیکمان نەکردووە نە پێشتر یەکێتی و نە ئێستاش پارتی، ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ پارتی هەیە و یەکێتیش رێککەوتنی لەگەڵ پارتی هەیە، ئێمە لەگەڵ پارتی لە حكومەت هاوبەشین و یەکێتیش بەهەمان شێوە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ یەکێتی نیەتێکی زۆر گەورەیە.

بۆ لە خراپی پەیوەندییەكانتان و جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكەتان تەنیا یەكێتی تاوانبار دەكەن، دەوترێت ئێوەش لەو مەسەلەیەدا دەستتان هەیە و بەشێكی هۆكارەكەیش ئێوەن؟
عەدنان عوسمان: ئەو بەشەی لای ئێمەیە و پەیوەندیدارە بە  ئێمەوە كە جێبەجێنەکراوە كامەیە فەرموو پێم بڵێ؟ ئەگەر یەکێتییەکانت بینیوە و قسەیان کردووە لەو بارەیەوە پێم بڵێ کە گۆڕان لایەنێکی ئەو رێککەوتنەی جێبەجێنەکردبێت. ئەوەی لای ئێمەیە دوو شتە رێککەوتنێکی گەورەمان کرد هەر لە سەرەتاوە مرێندرا و کاری لەسەر نەکرا و دواتر رێککەوتنی خۆجێیمان هەبوو و بەشیکی بەبێ هۆکار جێبەجێنەکرا، ئەگەر یەکێتی رەخنەی هەیە بۆ ئێمە بە سنگی فراوانەوە وەریدەگرین. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەنیوانماندا هەبێت.

کاراکردنەوەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان کاریگەری دەبێت لەسەر پڕۆسەی چاکسازی؟
عەدنان عوسمان: پێموایە کاریگەریی لەسەر هاوسەنگی هێز، پرۆسەی چاکسازی، ئاشتی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری و ئاسایشیش لە كوردستان دەبێت.
 
بزووتنەوەی گۆڕان تێڕوانینی چییە بۆ ئەم بارودۆخەی عیراق بەتایبەت خۆپیشاندانەكان و کاردانەوەی حکومەت بەرانبەر داواکارییەکانیان؟
عەدنان عوسمان: هەڵوێستی ئێمە دوو دیوە، یەکەم داواکاری خۆپێشاندەران ئێمە و لایەنە بەشدارەکانی حکومەتیش بە داوای رەوای خەڵکی دەزانین و نادادپەروەری و کەمی خزمەتگوزاری و گەندەڵی هەیە ئەمانە داخوازی رەوای خەڵکە و گۆڕان پشتگیری تەواوەتی دەکات، دیوی دووەمیشی ئەوەیە بە دامەزراوەکردنی حوکمڕانی کە ئێمە و لایەنەکانی تریش بڕوامان پێی بووە و لە دەستووری عیراقدا هاتووە کە خاڵە گرنگەکانی لامەرکەزیەت و سیستمی فیدڕاڵی و سیستمی پەرلەمانی و مافەکانی کوردیش لە دەستووردا دەستکاری بکرێت زەرەری گەورەی بۆ پڕۆسەی حوكمڕانی لە عیراق دەبێت، هەروەها بۆ هەرێمی کوردستانیش، بۆیە ئێمە سەیری ئەو دوو دیوە دەکەین.

بۆچی لایەنە کوردییەکان لەسەر ئەم دۆخەی عیراقی پێدا تێپەڕ دەبێت کۆنابنەوە و یەک هەڵوێست نین لەسەر گوتارێكی کوردستانی؟
عەدنان عوسمان: کۆبوونەتەوە و چەندین کۆبوونەوەش کراوە، بەڵام کێشەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە لە کاتی قەیرانەکان شتێک هەیە بیریان دەکەوێتەوە ئەویش یەکڕیزی کورد و هەوڵدانە بۆ رێككەوتن، یەکێتی و پارتی لە بەغدا ئەرکەکانت دەبینن و مافەکانت نابینن، لەم کاتەشدا یەکێتی و پارتی لە بەغدا کۆبوونەوەکانیان بۆ دابەشکردنی پشکەکانیانە، گۆڕان لە پشتی کەسەوە ناوەستێت و خۆی لێتێگەیشتنی هەیە و بەرگری لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و لامەرکەزیەت دەکات.

لە هەموارکردنەوەی دەستووری عیراقدا مەترسی بۆ سەر مافەکانی کورد دەبینن؟
عەدنان عوسمان: تائێستا نا، بەڵام بەهۆی خراپی سیاسەتی حکومەتی هەرێمەوە و کارکردنی لەگەڵ بەغدا نەزعەیەک هەیە بەرانبەر کورد و ویستێک هەیە بەرانبەر بە کورد مافەکانی کەمبکرێتەوە، هەروەها بۆ تێکدانی لامەرکەزیەت. 
 رۆڵی نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا چۆن دەبینن؟
عەدنان عوسمان: پێموایە ئەم خولە ئەو ئامادەییە بەهێزە نابینیت و بەشێکی پەیوەستە بە خودی ئامادەیی لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا و غەمی گەورەیان بۆ پشکی لایەنەکەیەتی و لە غەمی ئەوە نیین ئامادەیی سیاسی بەهێز بکەن بۆ هەموو کورد و ئێمە شەریکین لەم حکومەتە و نابێت گۆشەگیر بین لە بڕیاری سیاسی لە عیراقدا، دەبێت کورد بەشداربێت لە دانانی ئەو سیناریۆیانەی دادەڕژێت لە عیراقدا و تائێستا کارمان لەسەر ئەوە نەکردووە.



PM:03:20:24/11/2019