دۆزینەوەى رێگا راستەکەى سەرکەوتن

کاروان رەسوڵ

کێشەى کورد لەسەر ئاستى هەموو بەشەکانى کوردستان دووچارى مەترسی زۆر بووەتەوە، لەهەموو لایەکەوە دوژمنانى مێژوویی کورد بە بەرنامە و پیلان و پلان لێ هەستاونەتە سەرپێ و هەریەکەیان بەجۆرێک و هەندێکجاریش پێکەوە کار بۆ سڕینەوەى دەکەن، رەنگە هێرشی سوپاى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان دواترینیان بێت، بەڵام هیشتا نابێتە کۆتا هەوڵ بۆ داگیرکاریی کوردستان.

دنیاى ئێستا دنیاى بەرژەوەندییە، بەرژەوەندی ئابووریی زیاتر لەهەر هۆکارێکى تر لە جیهانى سەرمایەداریدا وڵاتانى دۆست و دوژمنى لەیەکتر نزیکتر کردووەتەوە و بلۆکی سیاسى جۆراوجۆرى لەسەر پێکهێنراوە، لەو نێوەدا لەبەرئەوەى کوردستان دەوڵەت نییە و بەتایبەت لەسەر وەختى رێککەوتن و ململانێکاندا بووەتە قوربانی و چیتر توانراوە لە دژى کراوە.

رێگاى سەرکەوتنى کورد و دەربازبوونى لەو پیلانانەى لەسەرى تاقیدەکرێتەوە هێشتا پڕ هەوراز و نشێوە، کۆسپەکانى زۆرن و هەندێکجاریش بۆ ماوەیەک ئەزموونێکى کورد راستەڕێیەکە دەدۆزێتەوە، بەڵام دواتر بەهۆکارى زاتى و بابەتى لەسەر رێگاکە لادەچێ و مێژووى خوێناویی و شکستەکان دووبارە دەبنەوە.

بەرژەوەندی ئەمنى کە هێندەى بەرژەوەندی ئابوورى گرنگە بۆ دروستکردنى پەیوەندی سیاسى، ئەزموونەکانى کورد سوودیان لێوەرگرتووە، بەڵام لەبەرئەوەى بەرژەوەندی ئابووری زیاتر لەنێوان وڵاتان و نەتەوە خاوەن دەوڵەت و دژە کوردەکاندا دروستبووە گڵۆڵەى بەختى کورد کەوتووەتە لێژی و سەرئەنجام کورد کەوتووەتەوە بەردەم مەترسییە گەورەکان.

سێ خاڵ گرنگە بۆ ئەوەى بتوانرێ بۆ سەرکەوتن و لانەچوون لەسەر رێگا راستەکە ئەزموونە کوردییەکان بەردەوام بن:

یەکەم: یەکگرتوویی هێزەکان و حزبەکان و رەوتە سیاسییە جیاوازەکانى کوردستان و کۆکبوون لەسەر ئەوەى بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان لەسەرووى بەرژەوەندییە زاتى و حزبییەکان بێت، هیچ هۆکارێکیش وانەکات لەیەک دووربکەونەوە و سیاسەتى جیاوازیان بەرانبەر نەتەوەکەیان هەبێت.

دووەم: ئەزموونە کوردییە جیاوازەکان و بەتایبەتریش هەرێمى کوردستان هەوڵبدات بەرژەوەندییەکانى ئابووریی تۆکمە لەگەڵ زلهێزەکانى دنیا دروستبکات بەشێوەیەک کە بەئاسانى دەستبەرداری نەبن، بەتایبەت لەئێستادا کەوا کوردستان نەوت و غازی زۆرى هەیە و دنیاى سەرمایەداریش پێویستیان پێیەتى.

سێیەم: خۆبەهێزکردن لەسەر ئاستى سوپایەکى نیشتیمانى تۆکمە، بوونى پەروەردەیەکى نیشتیمانیی تیایدا، سوپایەکى خاوەن بڕوا و ئیرادەی دوور لە چاو و سیاسەتى حزبەکان بۆ ئەوەى رێگاى بەرەو سەرکەوتن بپارێزێت.

دۆزینەوەى رێگاى سەرکەوتن چەند گرنگە، دۆزینەوە و بەکارهێنانى میکانیزمەکانى پاراستنیشی گرنگە، لەمەیاندا بەشى زۆرى سەرکردایەتى سیاسى کورد کەمتەرخەمە و حەقە ئیتر بەجدی و بەشێوەیەکى دامەزراوەیى هەڵەکان بدۆزرێنەوە و لەسەر رێگا راستەکە دەرنەچن.


PM:01:27:13/10/2019