چاكسازیی و كاریگەرییەكانی لەسەر كوردستان

دنیا ئیبراهیم 

قۆناغی ئێستا وا دەخوازێت لەسەر ئاستی سیاسی و ئیداری حكومەتی هەرێمی كوردستان چاكسازیی خێرای تێدا بكرێت،لەئێستادا بارودۆخی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی وا هەستیاردا تێپەڕدەبێت كە دەبێت هەنگاوی بەپەلە و جدی بنرێن بۆ رزگاربوون لەم دۆخە ناهەموارەدا.هەتا چاكسازیی ریشەی نەكرێت لەسەر ئاستی سیاسی و ئیداری ناتوانرێت هیچ هەنگاوێك بنرێت بۆ گۆڕانكاری،پێویستیشە ئەو چاكسازیانە هەموو سێكتەرەكان بگرێتەوە بەئامانجی هێنانەكایەی سیستەمی حوكمڕانی دیموكراتی.

دوورخستنەوەی دەستی حزب لەناو كاروبارەكانی حكومەت لە هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەریی ،قەدەغەكردنی رێكخستنی حیزبی و سیاسی لەناو هێزی پاسەوانی هەرێم و وەزارەت و دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییەكاندا، گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن و مەشق لە خول و پەیمانگا و كۆلێژەكانی سەربازیی و پۆلیس بەشێوەیەكی هاوچەرخ،بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و سەربەخۆكردنی هەموو سێكتەرەكانی حكومەت، دروستكردنی پاسەوانی هەرێم بەپێی دەستوور.

بچوككردنەوەی حكومەت و كەمكردنەوەی وەزارەتەكان،چونكە بارگرانین بەسەرشانی خەڵك و بودجەوە، وا پێویست دەكات ئەم هەنگاوانە بنرێت،زانكۆ سەربەخۆ بكرێت و وەزارەتی خوێندنی باڵا لاببرێت، شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و پلاندانان بكرێت بە یەك وەزارەت، ئەوقاف و كاروباری ئایینی بكرێت بە فەرمانگەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی یاخود بكرێتە بەشێك لە وەزارەتی پەروەردە،وەزارەتی پەروەردە و رۆشنبیری و لاوان بكرێنە یەك وەزارەت، وەزارەتی كارەبا لەگەڵ سامانە سروشتییەكان بكرێنە یەك وەزارەت بەناوی وزە و سامانە سروشتییەكان، وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە بكرێنە یەك وەزارەت.

دانانی خەڵكی شیاو لە شوێنی شیاو،ئەوەش پرۆسەی چاكسازیی پێشدەخات،پێویستە دەستی حزب دوور بخرێتەوە لەناو دامودەزگاكاندا و لابردنی كەسە حزبیەكان لە پۆستە باڵاكاندا دانانی كەسانی شارەزا و بێلایەن لەو پۆستانەدا بەبێ ئەوەی حزب دەستی لە یەكلاییكردنەوەی پۆستەكان هەبێت، دانانی كەسەكان بەپێی ئاستی خوێندن و ئەزموون و شارەزاییان بۆ كارەكە لەڕێگەی سیڤی و یاسایی باوەڕپێكراو.

پێویستە پەرلەمانی كوردستان زیاتر رۆڵی بۆ لێپرسینەوە لە حكومەت و شەفافیەت هەبێت، ئەمەش بەوە دەكرێت بە خێرا پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و كاراكردنی پەرلەمان دوور لە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و سەربەخۆكردنی پەرلەمان، هەوڵدان بۆ پێداچوونەوە و بەدواداچوون و لێپێچینەوە و سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان، كاراكردنی رۆڵی دادگاكان و دەستە و دەزگاكانی نەزاهە و چاودێری دارایی لە بەدواداچوون و لێپێچینەوە و سزادانی بەرپرسە حكومی و حزبییەكان، بەڵام ئەو سزادانە لەڕێگەی پەرلەمانەوە بكرێت، سپاردنی پرسی بودجە بە پەرلەمان پاش پێشنیازكردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە. 
شەفافیەت لە داهاتی نەوت و بودجەی هەرێم  و چۆنیەتی خەرجكردندا،چاكسازییی دارایی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، شەفافیەت لە خاڵە گومركییەكاندا و نەهێشتنی دەستی حزب و گەڕانەوەی بۆ ژێر دەستی دەسەڵاتی حكومەتێكی بێلایەن، رۆشنكردنەوەی مووچە و پاككردنەوەی لیستی مووچەخۆران، پێویستە زانیاری دەربارەی بودجە و سیاسەتی دارایی هەرێم لەبەردەم پەرلەمانتاران و هاوڵاتیاندا واڵابێت. پەیڕەوكردنی یاسای شەفافیەت، هەوڵدان بۆ وردبینی كردن لە داهاتی نەوت.

ئەنجامدانی ئەو كارانە دەبێتە هۆی پێشخستنی زیاتری كوردستان و پێكهێنانی حكومەتێكی كارا بەشێوەیەك خزمەتی زیاتری خەڵك بكات، یاسا سەروەر بێت و قۆناغێكی دیكە لە ژیانی سیاسی و ئابووری بۆ حوكمڕانی خەڵكی كوردستان دەستپێبكات.

PM:06:13:04/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 159 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌