نەوت، چەکە بەهێزەکەی دەستی ئەمریکا

سەرکەوت کەریم


ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا گەورەترین وڵاتی بەرھەمھێنی نەوتە، "رۆژانە زیاتر لە ١٢ ملیون بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنن"، لەگەل ئەوەشدا برێکی زۆر نەوت لە وڵاتانی دیکەوە ھاوردەی ئەو وڵاتە دەکرێت بەشێوەیەک بڕی ھاوردەی نەوت زۆر زیاترە لە ئەو بڕەی کە ھەناردەی دەرەوی دەکەن.

بە پشتبەستن بەو داتانەی کە "پەیمانگای جیۆساینسی ئەمریکی American Geoscience institute " بڵاویکردۆتەوە، لە چارەکی سێیەمی سالی ٢٠١٨ ئەمریکا بڕی ١٠،٢ملیون بەرمیل نەوتی رۆژانە ھاوردە کردوە. لە ھەمان کاتتدا رێژەی ٧،٥ ملیون بەرمیل رۆژانە ھەناردەکردووە.

رەنگە لای زۆرێکمان پرسیاری ئەوە دروستبوبێت کە بۆچی ئەو وڵاتە کە گەورە بەرھەمھێنەرەی نەوتە تا ئێستا ئەو برە زۆرە ھاوردە دەکات لە کاتێکدا خۆی خاوەنی ئەو رێژە زۆرەی یەدەک و بەرھەمی رۆژانەیە؟ 

بەشێوەیەکی گشتی یەکێک لە تایبەتمەندێتیەکانی نەوتی خاو(Crude oil ), چڕی (Density), کە مەوداکەی لە نەوتی سووک(Light oil) دەستپێدەکات بۆ نەوتی قورس (Heavy oil).

ئەو نەوتەی کە لە ئەمریکا بەرھەمدەھێنرێت بەشێوەیەکی گشتی لە (نەوتی بەردیین-Shale Oil)ەوە بەرھەم دەھێنرێت، ئەویش نەوتێکی سوک ە (light oil )واتە(چری و خەستییەکە زۆر کەمە و API* بەرزە)

.
لە دە ساڵی رابردوودا ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە پاڵاوگەی زەبەلاح ی دروستکردووە و ئەو پاڵاوگانە بەبەردەوامی لەکاردان و سوتەمەنی بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە دابیندەکەن.

لێرەدا کاری ئێمە زیاتر خستنەڕوی ئەو چەند ھۆکارەیە کە ئەمریکای ناچار بە ھاوردەکردنی نەوت کردووە ، کە ئەویش ئەمانەن:

-جۆر و تایبەتمەندێتی نەوتی سوک (Light Oil ) کە وەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان بە وردەکارییەکەی کرد، ناتوانرێ بەتەنھا لە پاڵاوگەکانی ئەو وڵاتە پشتی پێببەسترێ چونکە دیزاین و کۆنفیگەری ئەو پاڵاوگانە بۆ پرۆسێس کردنی نەوتی (قورسترە لەوەی خۆیان) ھەربۆیە پێویستی بەوە ھەیە کە تێکەل بە نەوتی قورس بکرێت واتە(Heavy oil) بۆ ئەوەی بتواندرێت API* نەوتە سوکەکە داببەزێنێت و پاڵاوگەکانی بەردەوام بن لە پاڵاوتن.

-رای ھەندێک لە کەسانی شارەزا و لێکۆڵەریش ئەوەیەکە ھۆکاری دیکەش ھەن لەپشت ھێنانی نەوتەوە بۆ ناوخۆی ئەو ولاتە، سەرەکیترینیان باڵانس کردنی نرخی نـەوتـە لە بازاڕەکانی جیھاندا(لە بەرژەوەندی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا) بەڵگەش بۆ نزیکی ئەو گریمانەیە لە ڕاستیەوە ئەوەیە کە ھەرکاتێک بڕی ھەناردەی نەوتی ئەمریکا روو لە کەم بوون بێت، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، و لە ئەگەری زیاتر کردنی ھەناردە بە پێچەوانەوە نرخ دادەبەزێت. ھەر بۆیە ئەمریکا لەبری ئەوەی بەتەنھا نەوتەکەی لەناوخۆدا ساغ بکاتەوە برێکی زۆری ھەناردە دەکات و لە کەنەدا و مەکسیک و سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکەوە ئەو نەوتە ھاوردە دەکات کە پێویستییەتی.

-گریمانە و تێگەیشتنێکی دیکە ھەیە کە پێی وایە ئەمریکا کاتێک بازار سەقامگیر و جێگیرە برێکی زۆر نەوت عەمباردەکات (ئەمریکا خاوەنی گەورەترین و کەم تێچووترین عەمباری نەوتە لە جیھاندا)، و ھەرکات نرخی نەوت بەرزبوویەوە دەتوانێت بەکاری بھێنێت بۆ سودی خۆی. 

لەھەموو خاڵەکاندا ئەمریکای گەورە و زلھێز کۆنترۆلی بازاری نەوت و سەرچاوەی وزەکانی لەدەستە و لەھەرسەردەم وکاتێکدا بۆ بەژەوەندی خۆی و ھاوپەیمانە راستەقینەکانی سودیان لێوەردەگرێت. 

- API یان American Petroleum Institute 
گەورەترین کۆمەڵەی بازرگانی ئەمریکایە بۆ نەوت و گازی سروشتی.٦٢٠ کۆمپانیای نەوت تێیدا بەشدارن، دەستەواژەی (API) بەکار دەھێندرێت بۆ پێوانەکردنی چڕی نەوت.

AM:11:22:09/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 1420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌