شاپەکەی مامۆستا نعمە و
وەعزەکانی پەرلەمانی کوردستان

شوان داودی

لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو..واتا ساڵانی سەرەتای شەڕی عێراق ئێران ،لە وانەی جوگرافیای پۆلی دووی ناوەندی بابەتێکمان دەخوێند بەناوی نەوت وەکو چەکە لە شەڕدا (نفط كالسلاح في المعركة).

بیرمە کاتێک مامۆستاکەم کە ناوی نعمە و خەڵکی بەغدا بوو داوای لێکردم شیکاری بۆ ئەو بابەتە بکەم ، منیش زۆر هەرزەکارانە بەگاڵتەوە وتم جا مامۆستا ئەوە شیکاری بۆ چیە نەوت دەفرۆرشین و چەکی پێ دەکڕین ، تا هێزی تێدا بوو شاپێکی تێ سرواندم ، ئەو شاپەی مامۆستا نعمە وای لێ کردم لەو تەمەنەدا بەدواداچونی زۆر ورد بۆ ئەو بابەتە بکەم و لەوە تێبگەم کە نەوت نەک وەک چەک وایە لە شەڕدا ،بەڵکو ئەگەر بزانی چۆن بەکاری دێنێ زۆر لەچەک گرنگترە.

مێژۇی  دروشمی( نەوت وەکو چەکە لەشەڕدا ) کە دروشمی  عەرەبەکانە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی چوارەم شەڕی  عەرەب ئیسرائیل  لە ئۆکتۆبەری 1973، کاتێک شا فەیسەڵی کوری عبدالعزیز شای سعودیە کە  نیشتمانی ترو نەتەوەیی تر شەریف تر بوو لەوانەی ئێستا ، کارتی نەوتی بەکار هێنا و کایگەری زۆری لێ کەوتەوە ، هەر لەباجی ئەو هەڵوێستەشی بوو کە ساڵی 1975بە دەستی برازایەکی خۆی کوشتیان .
نەوتی کوردی هەمووی ئەمڕۆ لە گەرووی  تورکیای ئەردۆگاندایە ، قازانجی ئەو نەوتە دەکرێتە باروت و خاکی کوردانی پێ دەسوتێنرێت و هاوڵاتیانی کوردی سڤیلێ پێ قەتڵ و عام دەکرێت.

چەند ڕۆژێکە هەموو جیهان ناڕەزایی و نیگەرانی دەردەبڕن و ئیدانەی ئەو لەشکر کێشیەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت ، دوو ڕۆژە کۆمەڵێ سزای ئابوری لە لایەن وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهانەوە رووبەرووی تورکیا دەکرێتەوە .
 هەرێمی کوردستانیش چەند ڕۆژێکە.

 لە بری هەڵوێست  وەرگرتن و بڕینی نەوتی کوردی یان لانی کەم راگرتنی  لە تورکیا و هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکان دەرکردنی کۆمپانیا تورکیەکان قەدەغە کردنی گەشت بۆ تورکیا و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئەو وڵاتە ، هەر خەریکی نوزانەوە و پاڕانەوەیە تەنانەت بەدەنگی بەرز ئیدانەی هێرشەکان نەکراوە تەنها نیگەرانی دەربڕین و پاڕانەوە بۆ وەستانی هێرشەکە هیچی ترمان نەبینی .

بۆ دەربڕینی هەڵوێستێکی نەتەوەیی ونیشتمانی  لە ئاستی رووداوەکە هەموو ئومێدەکان لە دەوری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ  15ی ئۆکتۆبەری  پەرلەمانی کوردستان چڕ بۆوە ،کە بە کۆمەڵە بڕیارێکی نەتەوەیی نیشتمانی کاربگەرەوە دەربچێت و لانی کەمی ئاستی چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە خۆ بگرێت بەڵام بەداخەوە کۆبونەوەکەی کرا وبە کۆمەڵێ وەعز و ئیرشادی مەلایانە تەنانەت بێ ناوهێنانی تورکیا و ئەردۆگان تێیانپەڕاند کە لەڕاستیدا بەقەد بڕیارەکەی کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن ئاسەواری نابێ لەسەر تورکیاو، ئازارەکەی لە ئازاری لەشکرکێشییەکەی سوڵتان کەمتر نیە بۆ گەلی کورد لەم میحنەتەدا چونکە بەنەوتی خۆمان گریان لێ بەرداوین و تاقە پەرلەمان کەی کوردیش لە ژێر لێوانەوە وەعزی بۆ دەخوێنێ .

شاپ=شەق= زله

PM:11:32:15/10/2019