ئەمەریکا بەشدارى شەڕى قەندیل و پەکەکە دەکات؟

ئەنوەر حسێن (بازگر)

سەرچاوە هەواڵگرییەکان دەڵێن "تورکیا لەلایەک خەریکى دانوستانە لەگەڵ کانتۆنەکانى خۆرئاوا (PYD) و (تەڤدەم) لە لایەکى تریشەوە بە نیازى پەلاماردانى قەندیلە بۆ سەر(PKK) بە ئومێدى دەرپەڕاندنى یەکجارى لە شاخە سەختەکانى قەندیل".

ئەم دوو هەڵوێستە پارادۆکسە، جێگەى تێڕامان و سەرنج و لێکدانەوەیە، ئایا کامیان دروست و براوەیە، ئاشتى یان شەڕ، کە بە پێى دیفاکتۆ دەبێت یەکەمیان بێت، بەڵام ئاماژەکان دەڵێن "شەڕ دەبێتە بژاردەى یەکەم"، بۆ...؟

لە دروستبوونى ئەم حزبەوە لە 27ى نۆڤەمبەرى 1978 لەلایەن ئۆجەلانەوە و دەستگیرکردنى بەشێک لە سەرکردایەتییەکەى لە 12ى سێپتەمبەرى 1980لە کاتى کودەتا سەربازییەکەدا تا بە یەکەم ساتى شەڕى چەکدارى (ARGK) لە 15 ئابی 1984، شەڕ بەردەوام ڕووى لە هەڵکشان کرد، هیچ نییەت باشیەکى ئەنکەرە نەبینرا بۆ گفتوگۆ و تا لە 20 مارسی 1993، پەکەکە ئاگربەستى ڕاگەیاند و گفتوگۆى نهێنى بە میانگیرى مام جەلال دەستیپێکرد کە قۆناغێکى یەکجار گرنگ بوو، بەڵام کوشتنى تورکت ئۆزال لە 17ئەپرێڵى 1993 پرۆسەکەى پەکخست، کە دواتر دەرکەوت پرسەکە لەلای ئۆزاڵ – ئۆجەلان – مام جەلال پرسیکى جددى بوە، بەڵام میت مردنى ئۆزاڵى ڕاگەیاند و پرۆسەکەى لەبار برد و هەر ئەوکات تانسۆ چیللەر سەرەک وەزیران وتى "یان کۆتایی بە پەکەکە دێنم، یان کۆتایی بە پەکەکە دێنم"، واتا هیچ ئەڵتەرناتیڤێکى نەهێشتەوە و دواتریش لە مایۆ – ئایارى 1993 هاتنى سلێمان دەمیڕاڵ پرۆسەکەى بە یەکجارى پەکخست.

لەو ماوەیەدا (کەنعان ئیڤرین، ئەرداڵ ﺋﯿﻨﯿﻨﯚ، مەسعود یەڵماز، بوڵند ئەجەوید، دەنیز بایکاڵ، نەجمەدین ئەربەکان، سلێمان دەمیڕاڵ) هەرچى پێیانکرا کردیان دژى پەکەکە، بەڵام تەنها یەکجار پرسی ئاشتى خۆى دەرخست بێ ئاکام مایەوە.
تازەترین وتارى جەمیل بایک لە تەمموزى 2019 لە ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆستى ئەمەریکى بەناوى "عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئێمە نوێنەرى دانوستانە"، پەیامى ناردوە بۆ تورکیا کە دانوستان دەستپێبکەنەوە و پەکەکەش ئامادەیە، بەڵام دەڵێن "ئۆجەلان نوێنەرى ئێمەیە و پێویستە لە ئیمڕاڵیەوە بگوازرێتەوە بۆ ماڵێکى ئەمنى".

هەرچەندە نامەکەى بایک پڕە لە پارادۆکس و خۆیشی هیچ گەشبین نییە بە وەڵامێکى پۆزەتیڤى ئەنکەرە و ئەردوگان، بۆیە هەم داواى ئاشتى و هەم بێ ئومێدى لە خواستى ئاشتى دەردەبڕێت.

ئەم نامەیە لەسەروبەندى پیلانێکدا بڵاو دەبێتەوە، کە تورکیا لە هەوڵى ڕازیکردنى ئەمەریکادایە بۆ هاوکاریکردنى ئۆپراسیۆنى گەورە و یەکجارى بۆ دەرپەڕاندنى پەکەکە لە قەندیل.
ئەنکەرە، تەواو خۆى ساز و ئامادە کردوە بۆ هێرشی یەکجارى و کۆتایی بۆ دووبارە کردنەوەى ئەو ڕووداوانەى کە (تۆپاک ئامارۆ) لە 1995 لە پیرۆ بەسەریدا هات و پاشەکشەى گەورەیکرد.

کۆتایهاتنى (بزوتنەوە بەورەکانى تامیل) لە سریلانکا لە ساڵى 2009 و کوشتنى (فیلۆبیلاى برابهاکاران)ى سەرکردەیان، وەکو چۆن لە ساڵى 2001دا کۆمۆنیستە ماوییەکانى نیپاڵ زەربەى گەورەیاندا لەو بزوتنەوەیە ماوئیستە.

بێگومان تێکشکاندنى ئەم سێ بزوتنەوە چەپ و مائویستە چەکدارییە بە پاڵپشتى ئەمەریکا بوە، بۆیە ئێستا ئەنکەرەش چاوى لەسەر ئەوەیە واشنتۆن چراى سەوزى ڕازیبوون هەڵکات.
ماوەى زیاتر لە ساڵێکە تورکیا بەردەوام بۆردومانى قەندیل دەکات لە ڕێگاى فرۆکەى بێ فرۆکەوان و هێزى کۆماندۆسی خۆیشی هێناوەتە ناوچەکانى باشورى کوردستانى ژێر دەسەڵاتى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کانى ماسی، شیلادزێ، خوا کورک و باتوفە.

ئەنکەرە جیا لەوە باس لە دروستکردنى خەتێکى ئەمنى دەکات لەو ناوچانە و زۆر ئومێدى لەسەر ئەوە هەڵچنیوە قەندیل لە چنگ پەکەکە دەربێنێت.

شەهیدکردنى زەکى شەنگاڵى ئەندامى کۆنسەى سەرۆکایەتى پەکەکە لە ئۆپۆراسیۆنێکى فرۆکەى بێ فرۆکەوان لە شەنگاڵ لە (15 ئابی 2018)، شەهیدکردنى دیار غەریب ئەندامى کۆنسەى سەرۆکایەتى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە قەندیل لە (5/7/2019) و هەوڵى پێشتووترى دەزگاى میت لە (2017) بۆ تیرۆرکردنى موراد قەرەیلان بەرپرسی ناوەندى بڕیارگەى هێزەکانى پاراستنى گەل (HPG) و سوتاندنى (5) پێنج ملیۆن دۆلارى پەکەکە لەلایەن فرۆکەکانى تورکیاوە لەناو ماشینێکى مەدەنیدا و ڕاکردنى چەند بەرپرسێکى پژاک بۆ ناو پارتى دیموکراتى کوردستان و تەرخانکردنى (12) دوانزە ملیۆن دۆلار بە ئامانجى گرتنى سێ سەرکردەى پەکەکە (موراد قەرەیڵان، دوران کاڵکان، جەمیل بایک). (6 تشرینى دووهەمى 2018) لەلایەن ئەمەریکاوە

هەموو ئەوانە ئاماژەن کە تورکیا، بە چڕى سەرقاڵى لێدانى سەرکردەکانى پەکەکەیە، هەرئەوەى کە دوو دەیەى ڕابردوو ئیسرائیل، دژى حەماس و جیهاد و حزبوڵڵا دەیکرد.
بەپێی زانیارى حکومەتى تورکیا داوای لە پارتى کردوە کە بە ڕەسمى شەڕ لەگەڵ پەکەکە ڕابگەیەنێت و لێدوانەکانى ئەم دواییەى بەرپرسانى کەجەکە و سەفین دزەیی بە ناوى حکومەتى هەرێمەوە و بێ دەنگى حکومەتى عێراق ئاماژەن بۆ شەڕێکى چاوەڕوان نەکراو ئەوەش کە شەڕەکە پێشدەخات ئاڵۆزى و قەیرانەکانى نێوان واشنتۆن و تارانە، ئەنکەرە چاوى لەو دۆسیەیە، کە واشنتۆن ناچار بکات بەشدارى بکات لە ڕووخانى قەڵاى پەکەکە (قەندیل) دوریش نییە لە کاتى جەنگدا لە بەرامبەر ئەم داوایەدا بێتە جەمسەرى ئەمەریکاوە.

چونکە تورکیا ئامادەیە هەموو هاوپەیمانى و باجێک بدات بۆ لە کۆڵبوونەوەى پەکەکە بە مەرجى قەندیل، چونکە وەکو محەمەد نورەدین دەڵێت "شەڕى پەکەکە ساڵانە دەیان ملیار دۆلار لەسەر تورکیا دەکەوێت".

لەلایەکى ترەوە باس لەوە دەکرێت، ئەنکەرە دانوستانى نهێنى لەگەڵ ئێران دەستپێکردوە سەبارەت بە هەماهەنگى و ئۆپۆراسیۆنى هاوبەشی نێوانیان دژى پەکەکە، بەو مەرجەى لە هەڵگیرساندنى جەنگى ئێران – ئەمەریکا تورکیا بەشدار نابێت، واتا تورکیا دەیەوێت گەر شەڕ بوو پشتیوانى ئەمەریکا بکات و گەر شەڕیش نەبوو ئێرانى ڕازیکردوە هەر بۆیە پەکەکە (800) گەریلاى هێزەکانى هێناوەتە سنورەکانى ئێران لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە چیاکانى ئاسۆس و هێزەکانى (هەرەکە – HRK) و پژاک و کۆدارى لە ناوچە سنورییەکانى هەورامان تا دەگاتە کێلە شین و خوا کورک بڵاوە پێکردوە و سەرکردایەتى پژاکیشى لە قەندیلەوە گواستۆتەوە بۆ ناوچەى زەلان لە شارباژێر.
سەرەڕاى ئەوانە باس لە خۆ پڕچەکردنى پەکەکە دەکرێت، بە پێى بۆچوونى چەند شارەزایەکى ئەڵمانى و خۆرئاوایی پەکەکە دەستى گەیشتوە بە چەک و تەکنەلۆژیاى پێشکەوتوو لە بابەتى فرۆکەى بێ فرۆکەوان و دژە تانکى فرۆکە.
سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوەشدەکەن کە
پاش ئەوەى حەشدى شەعبی لەژێر فشارى ئەمەریکا بڕیاریداوە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و گشت چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانى دەفرۆشێت لە چەکى قورس و سوک.

بە پێى چەند سەرچاوەیەک لە ماوەى چەند مانگى ڕابردودا پەکەکە بە نرخى (400,000) دۆلار چەکى قورس و نیو قورسی لە حەشدى شەعبی کڕیوە.

جیا لەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکانى نێوان تورکیا و لیبیا و دەخالەتى تورکیا لەو وڵاتە پشتیوانى لە حکومەتى نیشتمانى - سەراج لە بەرامبەر سوپاى نیشتمانى خەلیفە حەفتەر یان ململانێى نێوان بلۆکى تورکى و قەتەرى لەگەڵ سعودیە و ئیمارات وایکردوە ئەو وڵاتانە سەرنج بدەنە سەر پەکەکە و باس لەوە دەکرێت بەمنزیکانە پەکەکە لەگەڵ ئەو لایەنانە دادەنیشێت.
پەکەکە کە قەندیلى کردوە بە بنکەى سەرەکى خۆی و تەحەکوم بە پێگە و جێ نفوز و جوڵەى هێزەکانى دەکات، گرنگى تایبەتى هەیە و ئەو (25) حزب و ڕێکخراوە سیاسی و سەربازییانەى کە سەر بە پەکەکەن لە هەر چوار پارچەى کوردستان و ئەوروپا، لە قەندیلەوە بەڕێوە دەبرێن (باکور (HDP) – ڕۆژئاوا (PYD) و تەڤدەم، سوپاى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) – کانتۆنەکان) باشور (تەڤگەر) لە ڕۆژهەڵات (HRK) – پژاک و کۆدار، PKK و KGK، برۆکسل...).

AM:09:43:29/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 16776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌