کچان بە سەری بەرزەوە

نێرگز قادر

کارکردنى کچان و ژنان لە بوارى راگەیاندن لەو ژینە سیاسى و کۆمەڵایەتییەى هەرێمى کوردستاندا سەختە، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ دەیان هۆکارى ئایینى، فەرهەنگی، سیاسى و کۆمەڵایەتی کە پێکەوە وایان کردووە کچان و ژنان نەتوانن بەتەواوی و بێ ترس و دوو دڵى لە بوارى راگەیاندن کاربکەن.

لەگەڵ ئەوەیشدا ژنان و کچانى خاوەن ئیرادەی خۆیان و ئەوانەیشی کە خێزان پشتیوانییانى کردووە باشتر دەستیان داوەتێ و مرۆڤ ئەگەر بەویژدان بێت دەبینێ و دەبیستێ کە رۆڵى ژنان دیارە و سەرەڕاى ئەو هەموو رێگرییە هێشتا نەک چۆکیان دانەداوە، بگرە رۆڵ و ژمارەیان زیاتر بووە و لەئێستایشدا پێگەیان دیارە و زۆریان بوونەتە "ئەستێرەى راگەیاندن" لەو شوێنەى ئیشیان تێدا کردووە.

رووداوی نەخوازراوی کوشتنى لانە و منداڵەکەى راچەنینێکى دروستکرد و خەڵکى قسەى جیاواز و هەندێکێش بۆ بەلاڕێدابردنى کەیسەکە کەوتوونەتە تۆمەت بەخشینەوە، لەو رووەیشەوە "لانە"ى کردووەتە نیشانە و دەیانەوێ ئاراستەى کەیسەکە بەرەو شوێنێکى دیکە ببەن.

کچانى راگەیاندنکارى یەکێتى و بەتایبەت ئەو راگەیاندنکارانەى لە کەناڵى ئاسمانیی کوردستات کاردەکەن لە نموونەى ئەو کچە رەوشتبەر و پاکانەن کە شانازین بۆ خۆیان و خێزان و کورد و کەناڵەکەیش کەوا کارى تێدا دەکەن. ئەو کچانە بەهۆى ئاستى بەرزی خۆیان و پەروەردەى دروستى خانەوادەکیانیان و دواتریش بوونى بەڕێوەبەرێکى سەرکەوتووەوە دۆخێکیان خوڵقاندووە کەوا کەم کەس زاتى ئەوەى هەبێت "مەگەر بێ ویژدان بێت"، قسەیان لەسەر بکات و هەمیشە جێگاى رێزى هەموولایەک بوونە.

لانە، نموونەى راگەیاندکارێکى سەرکەوتووى خاوەن رەوشتى بەرز بوو، ئەو کچێکى خاوەن توانا و ئیرادە بوو، لە کەرکوکی قودسی کوردستان لەدایکبوو و لە سلێمانى پایتەختى رۆشنبیریی پەروەردە بوو و لە کەناڵى کوردساتیش بەهرەى خۆی زیاتر پێشخست و بووە فیگەرێکى گرنگى کەناڵەکە.

تۆمەتبەخشینەوە بۆ لانە نەک هەر لە راستى ئەوە ناگۆڕێ کەوا لانە و منداڵەکەى شەهیدکران، نەک لەو راستییە ناگۆڕێ کە چەندین خەونى ژنێکى راگەیاندنکاریانلە بەهارى تەمەندیدا کوشت، بەڵکو دەبێتە دەرخەرى ئەو حەقیقەتەیش کە لانە سەربەرزانە ژیان و ئیرادەى خۆى تەسلیمى هیچ کەس و پیاوێک نەکرد و دواجاریش لە دڵ و رۆحی هەموو کەسێکى بەویژداندا دەمێنێتەوە.

PM:09:56:21/10/2019