تایبەتمەندییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا

د.نازەنین عوسمان

پەرلەمانی ئەوروپی کە لە ساڵی 1979 وە دامەزراوە هەموو پێنج ساڵ جارێک 27 وڵاتی ئەوروپی و بە ئینگلتەرایشەوە 28 وڵات، 751 پەرلەمانتار هەڵدەبژێرن بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، نزیک 427 ملیون کەس مافی دەنگدانی هەیە. هەر وڵاتە ژمارەیەک کورسی بۆ دانراوە زیاتربەپێی ژمارەی دانیشتوانی، ئەڵمانیا بۆ نموونە 96 کورسی هەیە وفەڕەنسا 74 ئینگلتەرا و ئیتاڵیا کە هەریەکەیان 73 کورسیان هەیە و پێیان دەڵین چوار هێزە گەورەکە و وڵاتاکانی تر ژمارەی کورسییەکانیان کەمترە و تا دێتە خوارەوە کە لۆکسمبرگ و مالتا و ئیستۆنیا و قوبرس کەمترین کورسیان هەیە و هەریەکە خاوەنی 6 کورسین.
  
هەڵبژاردنی ئەم ساڵ هەندێ تایبەتمەندی هەبوو کە کاری کردە سەر جۆری هێز و پارتە هەڵبژێردراوەکان. لە هەموویان گرنگتر بڕیاری برێکست بوو کە بڕیار وابوو لە مانگی 3ی ئەمساڵ ئینگلتەرا لە ئەوروپای یەکگرتوو بێتە دەرەوە، بەڵام تێرزا مای، سەرۆک وەزیرانی ئینگلتەرا شکستیهێنا لەوەی کە بڕیارەکە بەسەر پەرلەمانی وڵاتەکەی تێپەڕێنی پێش کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپی، بۆیە دەبوایە بەشداری هەڵبژاردن بکەن بەهۆی ئەمەوە پارتی پارێزگاران دەنگی زۆرکەم هێنا و وەک هێزی چوارەم دەرچوو، بەڵام پارتی بریکست بەسەرۆکایەتی نایجل فاراج گەورەترین رێژەی بەدەستهێنا کە دژ بە ئەوروپای یەکگرتووە.

تایبەتمەندییەکی تر لە وڵاتی فەڕەنسا بوو ئەویش بەهۆی مانگرتن و خۆپێشاندانەکانی ئەو چەند مانگەی رابوردوی هێلەک زەردەکان، حکومەتی فەڕەنسا تووشی قەیرانێکی زۆرهاتبوو و تاکو ئیستاش رزگاری نەبووە ئەوە وای لە هێزی راستڕەوی فەڕەنسا بەسەرۆکایەتی ماری لوپێن کرد کە ئەم هەلە بقۆزتەوە و ئەو چەند مانگە کاری زۆر لەسەر ئەو قەیرانانە کرد و گرەوی لەسەر ئەوە دەکرد کە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بەدەست دێنێ و هێزی ماکرۆن زۆر خراپ دەدۆڕێنێ و دوای دۆڕانەکەش دەبێت ریفراندۆم بکرێت تا زووتر هەڵبژاردن بکرێتەوە و هێزیکی تر وڵات بەڕێوە ببات، بەهەمان شێوە هێزی (ژێردەستەکان) کە ئەوپەڕی چەپە خۆی دانابوو کە دەنگی زۆر بێنێ، بەڵام ئەوە رووینەدا. راستە لەو هەڵبژاردنە هێزی راستڕەوی کە لەژێر ناوی گردبوونەوەی میللەت رێژەی یەکەمی هێنا و هێزەکەی ماکرۆن پلەی دووەم، بەڵام بە جیاوازی تەنیا یەک کورسی و ئەوەی چاوەڕێ دەکرا رووی نەدا، ئەوەی جێی تێڕمانە لەو هەڵبژاردنە کە دوو هێزی سەرەکی کاریگەرلەسەر مێژووی هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا  تا 2017 و رۆڵی سەرەکیان هەبووە ئەویش پارتی دیگۆلیەکان و پارتی سۆسیالیستە کە هەردووکیان بەڕادەیەکی زۆر روویان لە لێژی کردووە. هێزی سێیەم لەو هەڵبژاردنە لە فەڕەنسا هێزی سەوزەکان بوو و ئەمەش یەکەمجارە لە فەڕەنسا ئەو رێژە زۆرە بهێنێ.

تایبەتمەندییەکی تر لە ئیتالیا بوو کە هێزی ئەوپەڕی راستڕەو بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران ماتیۆ سالڤینی لەسەرووی 30% ی هێنا، ماتیۆ سالڤینی ئێستا وەک کارەکتەرێکی نیۆنازی و نیۆ ناسیۆنالیست و دژ بە کۆچبەرانە و زۆر دۆستی ماری لوپێن وەزیرانی هەنگاریا ئۆربان کە سەرۆکی پارتی فیدیسی راستڕەوە و هەر ئەو هێزە رێژەی یەکەمی (56%) لە هەنگاریا هێناو خۆی بە پاسەوانی دەرگای ئەوروپا دادەنێ و دژی کۆچبەرانە هەروەها دۆستی جاک وڵسکی پۆلۆنیە کە هێزە دووەمە لە پۆلۆنیا و بەرەیەکی راستڕەویان هەیە و بە هەماهەنگی کاردەکەن.

کارەکتەرێکی تری ئەم هەڵبژاردنە ریژەی بەشداربووان بوو، لە بیست ساڵی رابردوو یەکەمجارە کە لە سەروو 50% دەنگدەرانی ئەوروپای یەکگرتوو بەشداری هەڵبژاردن بن و رێژەیەکی زۆر لە گەنجانی ژێر تەمە نی 24 ساڵیەوەن  و رێژەیەکی زۆر لەو گەنجانە دەنگیان بۆ سەوزەکان داوە، ئەمەش بەهۆکاری  ئەو بزووتنەوەیەی خوێندکارانی دواناوەندی کە بەناوی (مانگرتنی هەینی)ی وەیە و چەند مانگێکە  لە زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی تر دەستیپێکردووە بۆ رزگارکردنی زەوی لە تێکدانی ژینگەیی.

لەگەڵ ئەوەی راسترەوەکان بەرەو پێشەوە چوون، بەڵام ئێستاش نابنە هێزی سەرەکی کە کاریگەریان هەبێت لەسەر گۆڕینی هەندێ یاسا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەوروپای یەکگرتوو یا لادانی ئیڕۆ. لەم هەڵبژاردنە هێزی یەکەم گروپی ناوەڕاستی راستە (180کورسی) و گروپی دووەم سۆسیالیست و دیموکراتییەکانن  (146کورسی) هەرچەندە هەریەک لەو دوو گروپە نزیک 40 کورسیەکیان لەدەستداوە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2014، بەڵام لە رێزبەندییەکە نەگۆڕاوە. هێزی سێیەم هێزی لیبراڵەکانن، سەوزەکان هێزی چوارەمن گەر هێزە راستڕەکان و پۆپۆلسیتەکان و پارێزگارەکان هاوپەیمانی دروست نەکەن کە ئەوە ئەگەری زۆرە ئەو هاوپەیمانییە دروستبێت و ببن بە هێزی سێیەم یان هێزێکی کاریگەر لەسەر دوارۆژی ئەوروپای یەکگرتوو.

PM:01:31:30/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌