رۆژى جیهانیى مۆسیقا یان جەژنى مۆسیقا

د.نازەنین عوسمان

لە هەڵبژاردنەکانى 1981 بۆ یەکەمجار پارتى سۆسیالیستى فەڕەنسى حوکمى گرتەدەست. جاک لەنگ بوو بە وەزیرى کولتوور، جاک لەنگ کەسێک بوو هەر لە تەمەنى گەنجى لە زانکۆوە حەزى بە شانۆگەرى کردووە و لە ساڵى 1963 فیستیڤاڵى شانۆى لە زانکۆ داهێناوە و ئەو فیستیڤاڵە گەورە بووە و سنوورى زانکۆى تێپەڕاندووە و ناوى ئەو فیستیڤاڵە لە سەرتاسەرى  وڵات و لە پاشا لە جیهان ناسراوە. 

لە 1982 جوێل کۆهێن کە مۆسیقارێکى ئەمریکى بوو، بەڵام بۆ رادیۆیەکى فەڕەنسى کارى دەکرد لەگەڵ موریس فلورێ ئەویش مۆسیقاژەنێکى فەڕەنسى و بەڕێوەبەرى مۆسیقا و سەما بوو، بیرۆکەیەکیان بۆ هات کە ریگا بدەنە هەموو گروپى مۆسیقا ومافیان هەبێت لە رۆژى 21ى حوزەیران کە درێژترین رۆژى ساڵە مۆسیقا بژەنن لە شوێنى ئاسایى و بۆ خەڵکى ئاسایى، (لە فەڕەنسا تاکو ئێستاش قەدەغەیە بەبێ مۆڵەت لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان مۆسیقا بژەنى، چونکە ئەمە دەبێتە مایەى بێزارکردنى خەڵک).

جاک لەنگ ئەم بیرۆکەیەى لێوەرگرتن و خستییە بەرنامەى جێبەجێکردن و ناوى لێنا فیستیڤاڵى مۆسیقا، بیرۆکەکە لەوەبوو کە مۆسیقا بگاتە هەموو کەسێک لەو رۆژە بەبێ پارە و لەو شەو و رۆژە هیچ کۆنسێرتێک نەبێت بەپارە و هەروەها رێگا خۆشبکات بۆ نمایش چ بۆ گروپ چ بۆ تاک کە نەناسراون و ئیشى پیشەییان نییە تا بتوانن خەڵک ئاشنا بکەن بە زانیارى و هونەرەکانیان، گرنگ نییە چ جۆرە ئامێرێک دەژەنن یان چ جۆرە مۆسیقایەکە یان هى چ میللەتێکە گرنگ ئەوەیە خەڵک ئاشنا بکەن بەو جۆرەى دەیانەوێ.

جەژنى مۆسیقا لە ساڵى 1982 هێندە سەرکەوتو بوو کە هەموو پێوەرێک و پێشبینییەکى تێپەڕاند، بە هەزارەها کۆنسێرت بەخۆڕایى لە هەموو شار و شارۆچکە و کۆڵانێک هەبوو، نزیک 1800 کۆنسێرت کرا و 5 ملیۆن مۆسیقاژەن وئەو کەسانەى خولیاى  گۆرانین بەشدارییان تێدا کرد، ئەمە دەریخست کە مۆسیقا و گۆرانى چەند گرنگە لە ژیان و رۆحى خەڵکدا.

لە 1985 لە میانەى (ساڵى ئەوروپا) ئەو جەژنە لە هەندێ وڵاتى دى ئەوروپى ئەنجامدرا و لە 1997 لە بۆدابێست پەیمانى جەژنى مۆسیقا لە ئەوروپا دامەزرا و رێگایدا بە هەر وڵاتێک کە حەزبکات هەتا لە دەرەوەى ئەوروپاش بێتە ناو ئەو پەیمانە و پەیڕەوى بکەن.

لەئێستادا زیاتر لە 120 دەوڵەت بەشدارى ئەو جەژنە دەکەن. لەو رۆژەدا مۆسیقا لە دەرەوەى هۆڵە تایبەتییەکانە و لە ئەستێرە گەورەکانى مۆسیقا و گۆرانى لە خزمەت خەڵکى ئاسایى دان و بەبێ پارە، لە نەخۆشخانە و قوتابخانەکان دان، لە کوچە و کۆڵان، لە سەنتەرى شارى گەورە و بچوک، لە هەموو جۆرە مۆسیقایەک  و بە هەموو ئامێرێک، ئەمە وا دەکات خەڵک و کولتوورە جیاکان لێک نزیک بکاتەوە.

ئەم جەژنەى ئێستا هەیە بەرهەمى پیاوێکى شیاو بوو کە لە شوێنێکى شیاو دانرابوو. 

PM:05:00:19/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌