نەشتەرگەریى جوانکارى

د.نازەنین عوسمان

هەر لە کۆنەوە جوانکارى گرینگى پێدراوە شێوەو جۆرى بەکارهێنانى ڕێگاکان گۆڕاوە، کە دەڵێى نەشتەرگەرى بۆ جوانکارى مەبەست لەوەیە هارمونى و رێکى بخەیتە بەشێک یان چەند بەشێکى لەش بەپێى پێوەرى جوانى ئەو سەردەم، چونکە پێوەرى جوانى لەگۆڕان بووە بەپێى کات و شوێن. 

سەرەتاى نەشتەرگەرى جوانکاری دەگەڕێتەوە بۆ شارستانیەتى هیندى و لە دواییا بۆ فرعەونیەکان کە زیاتر لەسەر مردوەکانیان کردوە، ئیجا بۆ ئیغریقیەکان بریتى بوون لە جوانکارى چاککردنەوە بە تایبەتى بۆ شاسوارەکان تا شوێنى برینەکانیان بشارنەوەو وانیشان بدەن کە دوژمنەکانیان نەیان توانیوە زەبریان پێببەن. 
گە شەکردنى سەرەکى بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگەریانە زۆر پەرەى سەند دواى شەڕى جیهانیەکان بە تایبەتى لە ئەوروپاو ئەمریکا کە سەربازێکى زۆر توشى سوتانى پێست و تێکچونى شێوازیان هاتبون و پێویستیان بە چاککردنەوەو پینەى لەش هەبوە. 
ئەم جۆرە نەشتەرگەریانە دەکەوێتە خانەى پێداویستى بۆ بەکارهێنانى لەش، ئەم جۆرە نەشتەرگەریانە هەرچەندە نەشتەرگەرى جوانکارێن بەڵام لە قاڵبى پێویستییە تا ئەوکەسە ژیانێکى ئاسا وتەندروست بباتەسەر وەک یەکێک قاچێکى کورترە یان پەنجەیەکى زێدەیە یان سێلچە یان زگماکى پەڵەى بە لەشەوەیە یان قەڵەوى یەکجارزۆر وبچوککردنەوەى گەدەو لابردنى پێستى زۆر دواى کەمکردنى کێشى یەکجارزۆر یان بچوککردنەوەى مەمکى زۆر گەورە کەکارى خراپى هەیە لەسەر بڕبڕەى پشت. هەرچى ئەوەى لێرە باسى لێوەدەکەین لە نەشتەرگەرى جوانکارى ئەو نەشتەرگەریانە گەر نەشکرێن ئەوکەسە ژیانى بەڕێوەدەبات بەبێ هیچ ڕێگرێکى جەستەیى لەسەر تەندروستى. 

پێوەرى جوانى لە ولاتێکەوە بۆ ولاتێکى تردەگۆڕێو لە کاتێک بۆ کاتێکى تر و گرینگى بە جۆرى نەشتەرگەریەکان دەگۆڕین گەر سەیرى پەیکەرى ژنى سەردەمى کۆن بکەین زۆربەیان خاوەنى مەمکێکى بچوک و ورگێکى پڕن، ئەو جۆرە جوانیە لە لاى خۆشمان تا سى ساڵیک بەرلەئیستا هەر وابوەو گۆرانیە فۆلکلۆریەکانمان پرن لەباسى مەمک فنجان، پورێکم هەبو کە باسى جوانى ژنێکى دەکرد دەستى بڵاودەکردەوەو دەیگوت بەرو شۆڵدمى (ورگى) ئەوەندە پانە و ئیستاش ئەو پێوەرانە بە دەرەجەى ١٨٠ پێچەوانە بۆتەوە. لە ولاتە رۆژهەڵاتیەکان جوانکردنى دەم و چاو بە پلەى یەکەم دێت لە لوت بچوککردنەوەو بۆتێکس ورومەت و لێو پفدان و لابردنى ڕەشى و ئەستورى پێڵوى چاو ، هەرچى لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکانە جوانى و هارمۆنى جەستە یان زۆر بەلاوە گرنگە بۆیە نەشتەرگەرى مەمک و دەرهێنانى چەورى بە پلەى یەک دێن لەلایەن ژن و ماسولکە گەورەکردن لاى پیاو. 
بەپێى کۆمەڵەى نەشتەرگەرى جوانکارى جیهانى (ISAPS)، لەسەرتا سەرى دونیا نەشتەرگەرى جوانکارى زیادى کردوە، لە پێش هەمویانەوە ولاتى یەکگرتوى ئەمریکا، بەرازیل، یابان، مەکسیک و ئیتالیا. بە پێى داتاکانیان لە ٢٠١٨دا ١،٨ ملیون نەشتەرگەرى کراوە. زۆرترین جۆرى نەشتەرگەریەکان بەپێى داتاکانین بەم شێوەیە بوە: مەمک گەورە کردن، دەرهێنانى چەورى لەش، لوت چاککردن، جوانکردنى پێلو وەتوندکردنى ورگ. 

ئەو جوانکاریانەى کە بەبێ نەشتەرگەرى ئەنجامدراون لە ٢٠١٨ دا نزیک ١٥،٩ ملیون بوە لەسەرو هەمویانەوە بۆتێکس، فیللەر، ڕاماڵینى پێستى خراپ و لابردنى مو بە لێزەربوە بۆ ژنان وە لە ناو پیاوان بە پلەى یەکەم نەشتەرگەرى دەوروبەرى چاوو بچوککردنەوەى مەمک و جوانکارى لوت و لابردنى چەورى وقژ چاندن بوە، ٨٨% لە نەشتەرگەریەکانى جوانکارى ژنن. 
ڕەنگبێ ئەم کۆمەڵەیە هەمو داتاکانى لا نەبێت چونکە تەنیا لە ١٠٥ ووڵات داهەیە و ئەندامانى لە ٤٠٠٠ دکتۆرى جوانکارى پێک هاتوە. 
بە پێى لێکۆڵینەوەیەک لە لوبنان نزیکەى لە ٥٠% ى ژنانیان جارێک جۆرێک لەجوانکارى کردوە جا چ بە شێوەى نەشتەرگەرى یان بێنەشتەرگەرى. 
ئەوەى تازەگەریە کە ئەو حەزە بەدەرەجەیەکى زۆر لاى پیاوان زیادى کردوە. بەپێى دکتۆرێکى جوانکارى لە نەخۆشخانەى پێست و جوانکارى لە ریاز پایتەختى سعودیە جوانکارى لە نێو ژن و پیاودا بە شێوەیەکى بەرچاو لە زیاد بون دابوە. نەشتەرگەرى جوانکارى پیاوان لە و ووڵاتە بە پلەى یەکەم لە چاندنى قژو دەرهێنانى چەورى لەش و جونکردنى لوت بوە. 
تایبەتمەندیەکى ترئەوەیە ئەم جۆرە نەشتەرگەریە لاى گەنجان بە هەردو رەگەزیەوە زۆر زیادى کردوە و زۆربەى لەدەورو بەرى تەمەنى ٢٤ ساڵیدان. 

لە کوردستان هەمان دیاردە دیارە و جاران تاک و تەرا کەسێک گەر نەشتەرگەریەکى جوانکارى بکردابا دەیشاردە بەڵام ئێستا بوە بە دیاردەو بە ئاشکراو بۆ فیز نیشاندەدرێت. 
هەندێ لەو هۆیانەى کە بونەتە زیادبونى جوانکارى: 
باش بونى ئابورى و داهاتى خەڵک و هەرزان بونى تێچولەو جۆرە نەشتەرگەریانە کە جاران تەنیا لەتواناى دەوڵەمەندو ئاکتەرەکان دابوو. پێش کەوتنى تەکنیکى پزیشکى کە رێگاو جۆرەکانى ئاسان ترکردوە وژمارەى ئەو دکتۆرانە زۆر زیادىکردوە، دەرگایەکى گەورەی کردۆتەوە بۆ دەوڵەمەندان و دکتۆرەکان بۆکردنەوەى ئەوسەنتەرانەى ئیشى جوانکارى دەکەن. پەرش و بڵاو بونەوەى جۆرى تۆڕە کۆمەلایەتیەکان و گرتنى وێنەى زۆر کە رۆژانە رەسم دەگرێت و بڵاوىدەکەنەوە و رۆژانە دەکوێتە بەر پێوەرى جوانى لەلایەن دەورو بەرو لەلایەن خۆیەوە. گەڕان بەدواى رازى کردنى دەورو بەرى و ئاسانکارى بۆ دۆزینەوەى ئیش یان هاوسەرگیرى باش. جاران خەڵک بە دزیوە ئەم کارانەى دەکرد و دەیشاردەوە ئیستا زۆر بە ئاسانى باسى دەکەن و ێنەکانیان بڵاودەکەنەوە و ئەو هەستە شەرمیەو قەدەغەیە نەماوە ئیشى ئاشکرا ئاسان ترە لە ئیشى شاراوە. پڕوپاگندەى زۆر لە تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. چاولێکەرى لە نێوان خەڵک و هەوڵدان بە وەى بگا بە جوانى ناودارەکان بەتایبەتى ئەکتەرەکان. ئاڵۆزى ژیان و ناجێگێرى حالەتى دەرونى گەنج و مەترسى لە دواڕۆژ و پاڵنانى کۆمەل بۆ پێوەرى جوانى ئەمانە هەموى هاندەرن بۆ زیاد بونى نەشتەرگەرى جوانکارى. 
کاریگەرى خراپى نەشتەرگەرى جوانکارى: 

نەشتەرگەرى جوانکارى وەک هەموو نەشتەرگەریەک ریسک و مەترسى هەیە لەسەر ئەو کەسە دەکرێت مردنى بەدواوە بێت وەک ئەوکارەساتانەى کە بەهۆى بەنجەوەڕودەدات یان مەینى خوێن و جەلتە. خوێن بەربون سوتانى پێست، مانەوەى شوێن و ئاسەوارى برینەکە بە زەقى، مردن و فەوتانى بەشێک لە دەمارەکانى هەستیارى وداکەوتنى گۆشت و ماسولکەکان، هەو کردنى شوێنى برینەکە، گۆڕینى ڕەنگى پێست لەو ناوچەیەى دەستکارى تێداکراوە، لە هەمویان خراپتر ئەوەیە ئەوکەسە نەگا بەو ئامانجەى ئەو نەشتەرگەریەى لە پێناو ئەنجامداوە بە تایبەتى لە هەندێ حالەتدا توشى شێواندن بێت و چاککردنەوەى زەحمەت بێت یان پێویستى بەچەند نەشتەرگەریەکى تر دەبێت تا وەکو خۆى لێبێتەوە. 



PM:01:47:08/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 1044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌