خوێنى سوڕى مانگانە و پیسى و نەجسى

د. نازانین عوسمان

هەرچەندە مرۆڤایەتى زۆر چۆتە پێش و لەزۆر لاوە هەوڵدراوە یەکسانى ژن و پیاو بەگەڕبخرێ و لەزۆر شوێن و سێکتەرا وەرگرتنى مافەکانى ژن زۆر پێش چوە، بەلام ئێستاش خۆێنى سوڕى مانگانەى ژن هەستێکى  تێکەڵەیی دروست کردوە لە پیسى و نەجس و شەرم. سوڕى خوێنى مانگانە بە چەندەها ناو دەناسرێت بەپێى شوێن وچین وەک بێنوێژى، عادە، پریۆد، حەیز.  باس کردنى حەیز یان عەیبە و بەلوغز ئیشارەتى پێدەدەن یان بەشەرمەوەیە ئەویش کاتێک کە پێویست بکا. 

بەدەگمەن ژنێک لە کاتى رەمەزانە گەر لە حەیز دابێت ئاشکراى دەکا بۆدەوروبەرى کەبەڕۆژو نیە یان ژنێک ئازارى هەبێت هۆکارەکەى بڵێ. ئیستاش کرینى پەڕۆى تەندروستى بەشەرمەوە یە و زۆربەى کات دایک بۆ کچەکانى دەیکڕێ و کچ لە ڕویان نایە بەو ئەرکە هەڵسن و هەوڵدەدەن لەشوێنێک بیکڕن کەدوکاندارەکە نەیان ناسێ.

 هەمومان دەزانین بونى سورى مانگانەیە کەوادەکا مرۆڤایەتى بەردەوام بێت و بەچە دروست بێت و ژیان بەردەوام بێت و توخمى مرۆڤ نەفەوتێ. ئەو ژنەى سورى مانگانەى نەبێت هێلکەى پێنیە و ناتوانێ منداڵ دروست بکا.  ئەوخوێنەى ژن لەکاتى حەیزا دەیبنێ جیاوازى نیە لەگەڵ ئەو خوێنەى لە برین دێت بۆ ئەو خوێن پیس و نەجس بێت و خوێنى برین نەجس نەبێت؟ 

هەموو مانگ مێینەى باڵغ تا وەستانى لە سوڕى مانگانەى بەگشتى هەمو بیست و هەشت ڕۆژ هێلکەیەک دروست دەکا ورەحم ئامادە باشى دەکا بۆ هێلکەکە گەر بگا بە خاوەن شکۆى تۆوى حەیمەن و پیتێن بى و ببێ بە بەچە و خۆ ئەگەر پیتێن نەبو ئەوا هێلکەکە فڕیدەدرێتە دەرەوەو  لەگەڵ دیوارەى ناو رەحم کە ئامادەباشى کردبو لە ڕیگاى خوێنى سوڕى مانگانە. جارێکى تر ڕەحم بە هەمان ئامادەباشى هەڵدەستێتەوە بۆ هێلکەى مانگى داهاتو وە هەمو مانگ هەمان بەزمە.

ناوى سوڕى مانگانە لەوە هاتووە کە نزیک 28 رۆژە وەک خولى مانگ، هەرچەندە لە شیردەرى تر وە بەتایبەتى ئەو شیردەرانەى خوێن دەبینن هەر هەمان ماوە نیە لە مەیمون و سەگ بۆنمونە جیاوازە. ڕەنگبێ هەر بەهۆى ئەو سوڕى مانگانە شەوە لە زۆربەى ئەفسانەکان مێینە بە مانگ دانراوەو نێرینە بە ڕۆژ.

هەر لە دێر زەمانەوەو لە سەرەتاى دروست بونى خواکان و ئاینەکان خوێن نیشانەى  هێز بووە و لەلاى بابلیەکان خواى عەشتارکە بەشێوەى ژن بوە گەورەترین خوا بووەو سونبلى خۆشەویستى و ژیان و هێزبوە. خوێنى مانگانەى ژنان بۆ داو و دەرمان بەکارهاتووە چ بۆ چاکبوونەوەى نەخۆش چ بۆ سحرکردن، هێزى ژن لەوە دابوە کە هەمو مانگ خوێنى لێچۆڕاوەو نەمردوە و ژن بوە کە توانیویەتى ژیان بەبەردەوامى بهێڵیتەوە و پیاوى بەهێز دروست بکا، هەربۆیە ڕەنگى جلى مەلیک و پیاوە ئاینیەکان سوربوە تا ئەو کاتەى ڕژێمى باوکایەتى پەتریارکدا گەشەى کردو دەسەڵاتى ژن کەمکراوەو خرا ژێر رکێفى پیاو ولە تواناو بایەخى ژن کەمکراوە زۆر چیرۆکى ئەفسانەى لە ناو میللەتان بڵاو بونەەوە دژ بە ژنى حەیزدار وەک لە لاى هەندێ هۆز لە  ئوستورالیا گەر ژنێک لەکاتى حەیزدا لە روبارێک مەلە بکا ئەوا ماسیەکان هەموى دەمرن و روبارەکە وشک دەکا، یان لە ناو هۆزێکى ئەفریقیا نابێت ژنى حەیزدار بەشەو بێتەدەرەوە و سەیرى پیاو بکا دەنا دەبێت بەدار، لە ئیتالیاى کۆن نەدەبوایە ژنى حەیزدار دەست نە لە ئاژەڵ نە پەنیر نە شەراب بدا دەنا خراپ دەبون...

لەناو ئاینە ئیبراهیمیەکان ژنى حەیزدار پیس و نەجسە. لە  لاى جو لە زۆربەى ئاینەکانى تر ڕێساکانیان توند ترن بەرامبەر بە ژن کە لە حەیز دابێت، لەوکاتە ژن بە نەجس و پیس دادەنرێت لەو ماوەیە بەهێچ شێوەیەک نەک هەر نابێت لەپاڵ هاوسەرى بێت، بەڵکو نابێت دەستى بەریشى بکەوێت دەنا تا ئێوارە پیاوەکە نەجس دەبێت و لە هەرشوێنێک دانیشت ئەو شوێنە بەپیس دادەنرێت  و دەستى بەهەر شتێک بکەوێت ئەو شتە بە پیس دادەنرێت تا ئیوارە دادێ، قاپ و کەوچکى دەبێت جیا بێت ، لە یەکەم دڵۆپى خوێنیەوە تا بە باشى پاک دەبێتەوەو نەک هەر خوێن نەبینێت بەڵکو ئاوەکەى کە لەلەشى دێتە دەر دەبێت رۆشن بێت و هەندێک جار تا دوو حەفتە بەردەوام دەبێت هەندێک جاریش دەبێت ڕاى حاخام وەرگرێ لە هەندێ حاڵەت گەر لەشکا بو لە خاوێنبونەوەى. دواى ئەوە ئەبێت خۆى بسمیل بکا دواى خۆشوشتن و بسمیلکردنەکەیان بە ڕێوڕەسمێکى تایبەتى بەڕیدەکرێت لە حەمامى تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دروست کراوە، ئەم جۆرە خۆ بسمیلکردنە تەنیا بۆدواى حەیز نیە بەڵکو بۆ پیاویش بەکاردێت دواى جێکردن لەگەڵ هاوسەرەکەى یان پێش رۆژى شەممە یان پێش چونە سیناگۆگ ( شوێنى خواپەرستنى ئاینى جوەکان) وپێش زۆرلە  نەریتە ئاینیەکانیان و کۆمەڵایەتیەکانیان وەک هاوسەرگیرى.

هەرپیاوێک لەشى بە خوێنى حەیزى ژن کەوت ئەوا پیاوەکەش بۆ ماوەى حەوت رۆژ پیسە و پاش حەوت ڕۆژەکە ئەبێت خۆى بسمیل بکا. بەپێى تەوراتى بابلیەکان هەرپیاوێک سێکسى کرد لەگەڵ ژنێکى بێنوێژ حەقى کوشتنى هەیە و وەک زینا حسابیان بۆکردوە.
لە ئاینى مەسیحدا دیسان ژنى حەیزدار بە پیس دانراوە بەتایبەتى لاى ئۆرسۆدۆکسیەکان کە ژن مافى نیە بچێتە کڵیساو بەشدارى کۆمنیۆن بکا و تا رادەیەک لاى هەندێ لە مەزهەبەکانی ئۆرسۆدۆکسى روسی دەبێت ئەوژنانە دورکەونەوەو لە ژور یان لە خانوى تایبەت بە ژنانى حەیزدار بژین بۆ ماوەى حەوت رۆژ. بەڵام لە مەزهەباکانى ترى مەسیحى تۆزى نەرمترن.

لە ئیسلامدا بە پێى ئەو ئایەتە (ويسألونك عن المحيض قل هو أذى فاعتزلوا النساء في المحيض ولا تقربوهن حتى يطهرن فإذا تطهرن فأتوهن من حيث أمركم الله إن الله يحب التوابين ويحب المتطهرين) لیت دەپرسن حەیز چیە  بڵێ زەرەر بەخشە دورکەونەوە لەو ژنانە تا خاوێن دەبنەوە و خۆیان بسمیلدەکەن ئەو کاتە بڕۆنەوەلایان بەوشێوەیەى خوا ئەمرى پێکردون و خوا تۆبەکارو پاقژکراوەکانى خۆش دەوێت. 

ژنى حەیزدارنابێت قورئان بەدەستەوە بگرێت و بیخوێنتەوەو نوێژ بکا و بەرۆژى بێ (هەرچەندە ئایەتێک نیە ژنى حەیزدار لە ڕۆژو بەدور بگرێت)و بەدەورى کەعبەدا بسورێتەوە و بچێتە مزگەوت.  دواى تەواو بونى لە خوێن دیتن وەکو جو دەبێت خۆى بشواو خۆى بسمیل بکا  و دواى ئەوە دەتوانێت سەرجێى بکا لە گەڵ هاوسەرەکەى. 
لە ئاینى زەردەشتیدا وەکو ئاینەکانى تر ژنێک لە سورى مانگانەدابێت بە پیسى دادەنێن، لە زەردەشتیدا هەمو خوێنێک بە پیسدادەنێن هەتا کاتێک کە کاهینەکانیان خوێنیان لە برینێکیان هاتوە هەر بەپیس دانراون.
لە کۆنفۆشى و هیندۆسى دیسان ژنى حەیزدارهەر بە پیس و نەجس دانراون.



PM:12:40:03/10/2019