خۆ دوان

د. نازەنین عوسمان

خۆدوان یان قسە لەگەڵ خۆکردن بیرکردنەوەیە بەدەنگى بەرزە، هەندێ جار وەک خەونە بەڵام بەخەبەری، جیاوازى لەگەڵ خەونى کاتى نوستن  خەونى زیندو لەژێر کۆنترۆلى خۆت دایە بەلام بەبێ ئەوەى ئامادەباشیت بۆکردبێ و خۆت بۆحازرکردبێ پێش وەخت و بەرنامەت بۆدانابێ کە ئەبێ لەوکاتە قسەلەگەڵ خۆتدابکەى، بەڵام هەروەختێ ویستت ئەتوانى وسکت بى  و ئەتوانى خۆدوانەکە ڕاگرى.

بێشک هەر یەک لە ئێمە کاتێک لەکاتەکان بەدەنگى بەرز لەگەڵ خۆمان دواوین و قسەمان لەگەڵ خۆمان کردوە وەک ئەوەى لەگەڵ یەکێکى تردا بین و هەرخۆمان لەهەمانکاتدا قسەکەرو گوێگربوین. 
 قسەکردن لەگەڵ خۆ بەپێى تەمەن و شێوەى ژیان و کەسایەتى کەم و زۆر دەکا، لە تەمەنى منداڵیا زۆرزۆرە و بەبەردەوامى منداڵ قسە لەگەڵ خۆى دەکا بەتایبەتى کاتێک یارى بەتەنیا دەکا، لەبەرئەوەى ریى لێناگیرێ و کەسیش بە نا ئاسایى نایبینێت بەردەوام دەبێت بەبێ ترس و شەرم، ئەم جۆرە قسە کردنە لاى منداڵ یاریدەدەرە بۆ گەشەکردنى.

کاتێک مرۆڤ گەورە دەبێت بۆئەوەى کەس بەشێتى نەزانێت کۆنترۆلى خۆى دەکات کە بەدەنگى بەرز لەگەڵ خۆیدا نەدوێت لەناو خەڵکا، بەڵام زۆر بەئاسایى قسە لەگەڵ خۆى دەکا کاتێک خۆى بەتەنیایە وترسى لەسەر نیە کە کەسى گوێى لێبێت. 
ئەو مۆنۆلۆگەى لەگەڵ خۆتدادەیکەى زۆربەى کات باسى روداوێکە کە پێشترپێیداد رۆیشتوى و زۆربەى کات رووداوێکى تازەیە یان تەماتوایە روبدا یان حەزدەکەى ڕوبدا.

قسەکردن لەگەڵ خۆدا خراپ نیە، زۆر جار یارمەتیت دەدا بیرکردنەوەکانت ریک بخەى و بە قۆڵ تر بیرى لێبکەیتەوە بەتایبەتى گەر لەسەر بڕیاردانى بڕیارکى گرنگ بیت لە ژیانتا، هەندێ جار بە حاڵەتێک داڕۆیشتوى کە مێشکى پڕ کردوى لە رق وکین بەرامبەر بەکەسێک یان چەند کەسێک، خۆدوان یارمەتى دەرە بۆ خۆخاو کردنەوە وەدەربڕینى ئەوهەستەى کەلەکاتى خۆیدا نەت توانیوەدەرى ببڕى و مێشکت رزگاربکەى لەو پاڵەپەستۆ قورسەى کەلەسەریەتى. ئەو کەسانەى کەشەرمنن وناتوانن زۆر بەرانبەر بە خەڵک قسەبکەن و خەفەتى پێدەخۆن بەڵام بەو قسەکردنە لەگەڵ خۆیان ئەوخەفەتە سوکدەبێ لایان.

هەندێ جار قسەلەگەڵ خۆتدا دەکەى بۆئەوەى ئەوکارەى دەتەوێ بیکەى زیاتر لە مێشکتدا بچەسپێ و بیرت نەچێ وەک ئەوەى بەخۆت بڵیى پێش گەڕانەوەم بۆماڵ تلفۆن بۆفڵان کەس بکەم یان فڵان شتم بیرنەچێ بیکڕم، کەواتەبۆ باشکردنى زاکیرەو بیرە.
هەندێ جار قسە لەگەڵ خۆت دەکەى تاخەیاڵت فراوان بکەى، زۆر لە شاعیرەکان پێش شعرنوسین لەگەڵ خۆیان دەدوێن، زۆر لەزاناکان وەک ئەنیشتاین زۆر لەگەڵ خۆی دواوە.

جۆرى قسەکردن لەگەڵ خۆ یان پۆزەتیڤانە یە یان نێگەتیڤانە، کاتیک پۆزەتیڤانەیە کە بەشێوەیەکى باش بیر لە خۆت دەکەیتەوە بۆ نمونە تاقیکردنەوەیەکى ئۆرالت هەیە یان چاوپێکەتنێک هەیە بەیاشى خۆت تێدادەدۆزیەوە و پاڵ بەخۆتەوە دەنێت کە لە توانات دا هەیە بەباشى بەڕیوەى ببەى یان  بە واتایەکى تر لەخۆت رازى و چاوەڕوانى داهاتویەکى باش دەکەى، وە کاتێکیش کە باسکێشەیەکیش هەبێت شێوەى پرسیارکردنەکەت بەشێوەیەکە کە چۆن لەو ئارێشەیە دەربچى.

 بەڵام  مۆنۆلۆگ بەشێوەى نێگەتیڤانە کاتێک کە خۆت سەرزەنشت دەکەى وهەرچى بەخراپ روىداوە خه تاکە دەخەیتە سەر خۆت و بەخت و قەدەرى خۆت و هەردەم ناڕازى لەخۆت و لەژیانت و لەکارت و دوارۆژێکى تاریکى پر خەم و ئەستەم دەبینى. وە کاتێکیش کە کێشەیەکیش هەبێت شێوەى پرسیارکردنەکەت بەشێوەیەکە کە نەک چۆن لەو ئارێشەیە دەرچى بەڵکۆ بۆچى لەگەڵ تۆیا هەر بەوشێوەیە روودەدا. ئەم جۆرە خۆدوانە نێگەتیڤانە کە لەگەڵ خۆت دەیڵێ و دەیڵێیەوە زۆربەى  جار دەبێتە نائومێدی لە ژیان ئەتخاتە ناوگێژاوەوو بەرەو خەمۆکی دەتبا و نائومێد دەبى لەژیان گەر ئاگات لە خۆ نەبێت. 

هەندێ جار ئەو دیاردەیە زۆرەلاى هەندێ کەس و خۆى پێى بێزاردەبێت کە چەند لەگەڵ خۆى دەدوێ بەتایبەتى کاتێک دەورو بەر پێى دەزانن و باسى بکەن، دەتوانن خۆدوان کەمکەنەوە لە رێگاى خۆسەرقاڵکردن بەهەندێ کارەوە یان زیاتر تێکەڵى خەڵک بن یان بخوێنەوەو سەیرى تلفزیۆن بکەن یان بنێشت بجون یان لە جیاتى خۆدوانەکە ئەوەى لەمێشکیان دایە بینوسنەوە.
رێگایەکى تر هەوڵدانە لەجیاتى گفت وگۆی تاکلایەنە لەگەل چەند کەسێکى نزیکتدا گفت و گۆ بکەى، هۆکارێکى سەرەکى  بۆلەگەڵ خۆدوان تەنیاییە و بێهاوڕێیە یان بێکەسییە یان ترسە لەوەى بەرامبەرت حوکمى خراپت لەسەر بدا یان شاردنەوەى کێشەکەیە لەدەورو بەرت یان شەرمت پێیەتى لایەنى تر بیزانێ.

خۆدوان هەیە نەخۆشیە وەک لە حاڵەتى شیزۆفرینیا بەڵام لەمحاڵەتە دەنگەکەى گوێت لێیە دەنگى خۆت نیە ودەنگێکى جیاوازە و یەکێکى ترە یان چەند دەنگێکن کە بەردەوام لەگەڵتایە ونازانى دواى ئەوە چیت پێدەڵێ وقسەکان لەژێر کۆنترۆڵى تۆ دانیە کات و ساتى نیە، لەو حاڵەتەدا ئەو کەسە پێویستى بە یارمەتى دەرەکى هەیە لە پزیشک و دەرونناس.

PM:03:49:22/11/2019