دیدى ژن

ئەمەل جەلال

خوینەرانى ئازیزى رۆژنامە سەنگینەکەى باشورى کوردستان دەمەوێت هەفتانە لەگەڵتان بم لە ڕێگەى گۆشەیەکى هەفتانە بەناوى ( ژن پۆلەتیک )
بۆ ئەم ناونیشانەم هەڵبژارد ...؟

دەمەوێت لە ڕێگەى ئەم گۆشەیەوە دیدى ژن بخەمە روو بۆ سیاسەت و سیاسەتکردن لە فەزاى سیاسى و ڕەهەندو لێکەوتەکانى و پەیوەندى لایەن و بوارە جیاوازەکانى ژیانى سیاسى و یاسایی و کۆمەڵایەتى و ئابورى و کلتورى لە سەر مە جراى سیاسەت و بەرێوەچونى پرۆسەى سیاسى و پەیوەندى بە مافە مەدەنى و سیاسیەکانى ژنانەوەو چۆنیەتى  کارابونى ژنان لە پرۆسەى سیاسى و تێکەڵکردنى بنەماکانى مەفهومى جێندەرى لە تەواوى کایە سیاسى و کۆمەلایەتى و ئابورى و هتد.

پەیوەندى هەریەک لەم بوارانە بە مافەکانى ژنان و کاریگەریان لە ڕەوتى گەشەکردنى کۆمەڵگە و ڕیشەکێشکردنى ئەو  هۆکارانەى بونەتە هۆى پەراوێزخستنى  ژن و بەهەند وەرنەگرتنى تواناو وزەى ژنان وە بەستنەوە و هێشتنەوەى  ژنان لە چوارچێوەى سنوررێکى دەستکرد کە ژن وەک ڕەگەزێکى کۆمەڵایەتى وێنا دەکات و دەیەوێت لەو چوارچێوەیەدا بهێڵتەوە ئەمەش ئەوە دەخوازێت کە ژنان دەبێت ریگاکانى گەیشتن بە مافەکانیان بە هەموو شیوازەکانى خەباتکردن بگرنەبەر بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخە چەقبەستووەى کە بوەتە هۆى لاوازکردنى ژنان لە تەواوى جومگە ئەساسیەکانى پرۆسەى سیاسى و غیابى ژن لە ئۆرگان و پایە سەرەکیەکانى حوکمرانى کە وا دەکات ئاستى بەشداریکردنى ژنان وابەستە بیت تەنها بە و پێگەو دامەزراوانەى کەئەرکێکى کۆمەلایەتى یاخود پەروەردەیی و تەندروستى لە خۆ دەگرێت، بە مانایەکى تر ژنان لە چوارچێوەى دەزگا خزمەتگوزارییەکان دە هێڵتەوە بۆیە دەمەوێت لە ڕیگەى ئەم گۆشەیەوە تەواوى ئەو بابەتانە شرۆڤە بکەین کە بونەتە هۆکارو لە هەمانکاتدا تەواوى بوارە جیاوازەکانى ژیانى سیاسى و کۆمەلایەتى و یاسایی و ئابورى و کلتورى و پەروەردەیى و کاریگەرى و لێکەوتەکانى و چۆنیەتى هەنگاو نان بەرەو چارەسەرکردن و تێپەراندنى ئەو قۆناغە هەنگاو نان بۆ قۆناغ و سەردەمێکى جیاوازو پێویست کە وەڵامى پێویستى پێبیت بۆ خواست و پێداویستییەکانى ژنان. 

لەم گۆشەیەدا تەواوى ئەو رێکەوتنامە و پرۆتۆکۆل و بڕیارو راگەیاندنەکانى نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتوەکان و تەواوى ئەو سیستم و ستراتیژانە دەخەینە روو لە هەمانکاتدا دەپرسین تا چەند لە روى سیاسی و  لە سیستمى حوکملاِانیدا  گرنگى پێدراوە ؟ 

تاچەند ئەو مبادیئانە لە ناو سیاسات و ستراتیژەکان ڕەنگى داوەتەوە ؟ ئایا لە ڕوى دامەزراوەییەوە تا چەند ئەم پرسە بۆتە پرسێکى دامەزراوەیی و نیشتمانى هەموو ئەمانە ئەو بابەتانەن کە پێویستە شرۆڤەیان بکەین  و رۆڵ و کاریگەرییەکانى بەشدارى سیاسى ژنان و گرنگى  ئەو بەشداریکردنە لە پرۆسەى بنیاتنانەوە و گەشەسەندنى کوردستان بخەینە بەرباسى ئەم گۆشەیە.

چۆن دەکرێت ژنان بەشێک بن  لە پرۆسەى  پەرەپێدان و پێشخستنى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان ؟ چۆن دەتوانرێت ژنان وەک ڕەگەزێکى گرنگ و کاریگەرو وەک هاوبەشێکى سەرەکى ئەژمار بکرێت و ببێتە بەشێک لە پرۆسەى دروستکردن و دەرکردنى بڕیارەکان ......و  مافەکانى ژنان  لە تەواوى سیاسات و ستراتیژەکان ڕەنگ بداتەوە تا بتوانین وەڵامى هەموو ئەو بابەت و لایەنانە بدەینەوە کە جیگەى سەرنج و هەڵوێستەن  و تێگەیشتن لە  دیدو تێڕوانینى ژنان بۆ پرۆسەى سیاسى و تەواوى پرسە نیشتمانییەکان . بۆیە بەو هیوایەم هەفتانە لەم گۆشەیەوە خزمەتێکى بچوکى دۆزە ڕەواکەمان بکەین و خوینەران ئاشنا بکەین بە مافەکانمان لە ژێر ڕۆشنایى ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتی و دەستورو یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان .


AM:11:41:10/10/2019