به‌ پاساوى تۆڵه‌وه‌، گوڵ رنین

عه‌دنان كۆچه‌ر

له‌و كاته‌ی هه‌ڵمه‌تى سه‌وزكردنى كوردستان‌و چاندنى نه‌مامێك بۆته‌ دیارده‌یه‌كى باو و رۆژ به‌ رۆژ كاره‌كته‌ری سیاسی نوێ به‌شداری پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و له‌رێگه‌ى ڤیدیۆی سپۆنسه‌ركراوه‌وه‌ نیشانى دنیای ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ له‌رێگه‌ى چاندنى نه‌مامێكه‌وه‌ كوردستان سه‌وز پۆش ده‌كرێت، میوان‌و غه‌ریبه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ولێر، ئه‌وانه‌ى نه‌ مێژوو، نه‌ تێكۆشان، نه‌ جوگرافیا به‌ هه‌ولێریانه‌وه‌ نابه‌ستێته‌وه‌، له‌ تۆڵه‌ی سه‌وزكردن‌و سه‌وزپۆشی دره‌خته‌كانیش ده‌بڕنه‌وه‌، دوا پاڵه‌وانیه‌تى‌و داستانی مه‌زنى ئه‌و هێزه‌ش هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باخچه‌كه‌ى به‌رده‌مى ماڵى شه‌هید كۆچه‌رى باوكم‌و ئه‌و دایكه‌ مه‌ینه‌تباره‌یه‌ كه‌ چه‌ند ساڵه‌ به‌هۆی ئازاری زیندان‌و ئه‌شكه‌نجه‌ى به‌عسه‌وه‌، تاكه‌ شوێن ده‌یبینى، ته‌نها ئه‌و سه‌وزاییه‌ بوو.
ئه‌وانه‌ى هه‌ولێریان داگیركردووه‌و ئه‌و هاوئاوازانه‌ش بۆیان ده‌پۆشن، ساڵانێكه‌ له‌پێناو گۆڕینى دیموگرافیاى هه‌ولێر له‌جوڵه‌دان، هه‌میشه‌ سه‌رقاڵى سه‌ندنه‌وه‌ى مۆركی مێژوویی‌و به‌خشینى تایپی خێڵگه‌رایین به‌وێ، هه‌ر به‌وه‌نده‌ نه‌وه‌ستاون، كه‌ خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى شار به‌ده‌ر بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت له‌رێی نوسینه‌وه‌ى مێژوویه‌كى ساخته‌وه‌، راستیی مێژوویی هه‌ولێرو پاڵه‌وانه‌كانیشی شوێن بزر بكه‌ن، دوا مۆدێلی ئه‌و ره‌فتار چه‌په‌ڵیه‌ش رنینه‌وه‌و داڕمانى باخچه‌ى ماڵى شه‌هیدێكه‌، ئاخر ئه‌وان به‌رله‌وه‌ى شۆڤڵ له‌ دره‌ختێك بده‌ن، ئه‌وه‌ نوكی شۆڤڵیان خستۆته‌ سه‌ر دڵى ئه‌و هه‌ولێریانه‌ى كه‌ ئه‌و مێژووه‌یان بیره‌ كه‌ كۆچه‌ر هه‌ر به‌ پێوه‌ بست به‌ بستى هه‌ولێرى له‌ به‌عسییه‌كان كردبووه‌ كونه‌ مشك، ئه‌وانه‌ى به‌رله‌وه‌ى دار ببڕنه‌وه‌، سزاى دایكێك ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نى له‌ زیندان‌و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا برده‌ سه‌ر، ئێستاش له‌ پاداشتى ئه‌و تێكۆشانه‌، وه‌ك چۆن له‌زه‌مه‌نى به‌عسدا په‌لاماری ماڵى پێشمه‌رگه‌ ده‌درا، به‌و نه‌فه‌سه‌ په‌لامارى ماڵه‌ شه‌هیدێك ده‌درێت، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی شوێن ئاوازو نه‌غمه‌ى داگیركاریی پارتى نه‌كه‌وتوون.
هه‌ولێر سه‌رتاپاى داگیركراوه‌، ماڵ‌و موڵكى خه‌ڵك ته‌لبه‌ندكراوه‌و كراوه‌ته‌ باغ، یاریگا به‌ پسوڵه‌ى ناوچه‌ تاپۆى ره‌شی عوسمانى بۆ دورستكراوه‌و خراوه‌ته‌ خزمه‌ت مناڵانى ئه‌و هێزه‌وه‌، پارك‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌ سیاجی به‌ردین له‌ خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى قه‌ده‌غه‌ كراوه‌، كه‌چی ئه‌و روقایمانه‌ى كوردایه‌تى تازه‌ به‌ تازه‌ به‌ناوى یاساوه‌ دێن‌و رێ له‌ سه‌وزایی ماڵه‌ شه‌هیدێك ده‌گرن، ئه‌وانه‌ به‌راستى نه‌ك هه‌ر گوڵ رنن، به‌ڵكو دره‌خت كوژیشن، هه‌مووشی وه‌ك به‌شێك له‌تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌‌و به‌ناوى یاساوه‌ ده‌كرێت.

PM:11:10:05/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌