نەشونماكردنەوەی بیری توندڕەویی

په‌رێز سابیر


بیری توندڕەوانە لە مێژووی دوور و نزیكی مرۆڤایەتیدا بوونی هەبووە، هیچ ئاماژەیەكیش نییە بۆ ئەوەی لەماوەیەگی نزیكدا ئەو شێوازە لە گوتار و كردار كۆتایی بێت و كۆمەڵگاكان دووربن لە شەڕ و دەمارگیری.

هەرێمی كوردستان ساڵانێكە گیرۆدەی ململانێیەكی ناتەندروستی حزبی بووە، بەشێوەیەكی وا كۆمەڵگای بەحزبی كردووە، ململانێی سیاسیی شۆڕبووەتەوە بۆ نێو خێزان و قوتابخانە و فەرمانگە حكومییەكان و تەنانەت زانكۆكانیش، دۆخی لەمجۆرە كاردانەی بەدوای خۆیدا هێناوە و بووەتە هەوێنی نەشموناكردنەوەی بیری توندڕەوی.


سەیری ماڵپەڕە كۆمەڵایەتییەكان بكە بوونەتە مەیدانی ململانێ سیاسییەكان، تۆمەت و ناوزڕاندنی یەكتر تەنانەت تاڕادەی تەخوینكردنیش، ئێستایش كە هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامن دەیان هاندان بۆ گۆڕینی ئاراستەی ململانێی نێوان هێزەكان هەیە بۆ دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ و رێكنەكەوتن.

نەشونماكردنەوەی بیری توندڕەوی بەشێكی زۆری پەیوەندی بەسیستمی پەروەردەوە هەیە كە ئەوەش دیسانەوە حزبەكان لێی بەرپرسیارن و نەیانتوانیوە لەماوەی بیست و حەوتی ساڵی رابردوودا كوردستان بكەنە خاوەن سیستمێكی پەروەردەی تەندروست لە باخچەی ساوایانەوە تا زانكۆكان.

كێشەیەكی دیكە لێرە ئەوەیە بەشێك لە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری و تەنانەت رۆژنامەوانانیش راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بوونەتە بەشێك لە دەمەزەردكردنەوەی بیری توندڕەوی، بوونەتە هۆكارێكی كاریگەر بۆ زیاتر نەشونماكردنی.
 نەشونماكردنەوەی بیری توندڕەوی بەشێكی پەیوەندی بەو شەپۆلە جیهانییشەوە هەیە كە رەنگە ببێتە قۆناغێكی دیكەی مێژووی مرۆڤایەتی، قۆناغێك كە دیسانەوە شەڕ و كوشتار ببێتەوە دیاردە و پێشكەوتن لە گەشەكردن بووەستێنێت.

لەگەڵ ئەوانەشدا ئەوەی پرۆسەكەی خێراتركردووە لە نەشونماكردنەوەی توندوتیژیی بریتییە لە غیابی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی، نەبوونی هەوڵی جدی بۆ رێگری لێكردنی، یان كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی.

 ئەركی گرنگن لێرە ئەوەیە بە بەرنامە و پرۆژە رێگری لە نەشونماكردنەوەی توندوتیژیی و بیری توندڕەوەی بكرێت، ئەركێكی هەنووكەییە و خۆلێدزینەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی زیاتر دەكات و ئەوەش مەترسیی گەورەتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەوەی هەستپێكراوە توندوتیژیی لە نەشونماكردنەوەیەكی خێرادایە، كۆمەڵگا دەخاتە بەردەم مەترسییەكانی گەورە، ئاییندە تووشی ناڕوونی دەبێت، ئەم دیاردەیە بەتایبەتتریش مەترسی لەسەر ژن و مافەكانی هەیە، بەوەی هەمیشە ژن قوربانی یەكەمی بیری توندڕەوەی و توندوتیژیی پیاوان بووە.


PM:12:25:30/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌