مامە گیان
لە ویژدانای

مەلا بەختیار

ئەمڕۆ 3/10/2019 دوەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی (مام جەلال)ە، مامی رابەرو مامی ویژدان.
کورد دەڵـێ‌: گەورەت بمرێ‌ تەگبیرکەرت نەمرێ‌.. مام؛ گەورەو تەگبیرکەری یەکێتی و نەتەوەکەمان و عێراقیش بوو. لەناوچەکەشدا، سەرۆکی متمانەپێکراوی وڵاتان بوو.

ئێمەی رۆژهەڵاتی، هەتا گەورەکانمان نەمرن، وەکو پێویست هەست بە گەورەییان ناکەین. کە مردن، ئەوجا داخیان بۆ دەخۆین. ئەوەتا، ئازاری مام، دوای مەرگی لە هەموو بارێکەوە، ویژدانی هەژاندووین. لەناو یەکێتی، لە کوردستان، عێراق و ناوچەکەشدا، بیر لە هەر کێشەیەک دەکرێتەوە، سایەی شکۆی مام جەلال، ئازاری زیاترمان دەدات.

گومانی تیانییە، یەکێتی لە دەهەکانی ئایندەش، هەر پێشکەوتن و سەرکەوتنێک بەدی بێنێ، بناغەی فەلسەفە سیاسیەکەی بۆ سەرۆک مام جەلال دەگەڕێتەوە. هەر دواکەوتن و شکستێکیشی دوچار بێت، لەچوارەمین کۆنگرە، یان دوای کۆنگرە، ئۆباڵەکەی لەسەر ئەو سەرکردانەن کە پەیڕەوی لە رێبازی مام جەلال ناکەن و ئەرکە نوێکانی گۆڕانکاریەکانی سەردەمەکە، لەبەرچاو ناگرن.
مام! کێلەکەی دورنمای خەباتە و خۆشەویستیشی لە ویژدانە.

PM:01:22:03/10/2019