تورکیا وەکو مەترسییە گەورەکەى ئەم سەدەیە

نەرمین عوسمان

پەلامارەکەى تورکیا بەمەبەستى داگیرکردنى رۆژئاواى کوردستان بەناوی سوپای محەمەدییەوە، خەون و مەرامێکى هەنووکەیى نییە و نەبووە، بەڵکو سەردەمانێکە بوونى هەیە و بەتایبەتییش لەم (40) ساڵەى دواییدا لە پاش دروستبوونى  پارتى کرێکارانى کوردستان کە هەڵگری ئایدیای سۆسیالیزم بوون ئەوەندەیتر بەناوی بوونى هێزێکى کوردیی کە ئەوان وا وێنایان دەکرد دژى ئیسلامن، پیلانەکانیان چڕکردەوە و لەژێر دەیان ناوی جیاواز کەوتنەوە دژایەتى کورد.

دەوڵەتى تورکیا کاتێک لە ساڵى 1923 دروستبوو و لە ساڵى 1924یش بەتەواوی بەرگی خەلافەتى فڕێدا، بەڵام لە کۆمەڵگەکەیدا بوو زیاتر بنەمایەکی ئایینى تیایدا زاڵ بوو، نزیکەى (600) ساڵ خەلافەتى عوسمانى حوکمى کردوون، ئەمەیش کاریگەریى سایکۆلۆجی و راستەوخۆى بەسەر تاکى تورک بەجێهێشتووە و رەنگى داوەتەوە لەسەر حوکمداری و دەسەڵاتدارانیان، هەروەک ئەو هەموو ساڵە نەیانتوانیوە لە خۆبەزلزانییان و بیرۆکەى دروستکردنەوەى خەلافەت، تەنانەت لە سەردەمى ئەتاتورکیش  کە بەناو دەوڵەتێکى عەلمانى بوون نەیاندەهێشت پارتە چەپەکان بە ئاشکرا کار بکەن  و نەدەچوونە دەسەڵات و پشکیان نەبوو. 

خەون بینین بە دروستکردنەوەى خەلافەتەوە مێژوویەکى کۆنى هەیە، هەر ناوچەیەکی کەوا کاتی خۆى خەلافەتى ئیسلامى لە ژێر دەسەڵاتیان بووە هەوڵى گەڕانەوە و کارى جدى بۆ دەکەن، بۆ نموونە ویلایەتى موسڵ کە لە ساڵى 1925ەوە خراوەتە سەر عیراق تائێستایش ساڵانە لەنێو بودجەى تورکیا پارەیەکى رەمزیی بۆ تەرخان دەکرێ وەکو ئەوەى هێشتا دەیانەوێت لە دەرفەتێکدا بیخەنەوە سەر تورکیا.

هەندێ سەنتەرى تۆژینەوە و لێکۆڵینەوە و رۆژنامەنووس و نووسەرە توندڕەوەکانى تورک، زۆر بەڕوونى دەنووسن ئەگەرى دابەشبوونەوەى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەئارادایە، بۆیە دەبێ ئامادەییان لەو ناوچانەدا هەبێت، بۆیە ورد ورد و هەر جارەو بە بیانوویەک هێزەکانى خۆیان لەو ناوچانە جێگیر دەکەن.

ئەوەتا لە باشووری کوردستان (10-15) بنکەى سەربازییان دامەزراندووە، جارێک بەناوی هێزی ئاشتى پارێز، جارێک بۆ دژایەتى پەکەکە و جارێک بەناوی داعشەوە هاتوون بۆ ماوەیەکى تایبەت و دیاریکراو، بەڵام هێشتایش بەنیازی دەرچوون نین لەو ناوچانە. ئێستا عیراق داوا دەکات ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن بەتایبەتى دواى ئازادکردنى دەشتى موسڵ و شارەکە لە دەستى داعش، بەڵام خۆیان دامەزراندووە و گوێ بە داواکارى عیراق نادەن مەبەستیش تەنها (pkk) نییە. لە عەفرینیش خۆیان جێگیر کردووە و سیاسەتى بە عەرەبکردنیان لەوێ گرتووەتەبەر و ئەو عەرەبانەیان هێناوە کە سەر بە خۆیانن و وردە وردە حکومەتى خۆجێی سەربەخۆشیان بۆ دروست دەکەن و دەیانەوێ بۆ داهاتوو وەکو کارتێک بەکاریان بهێنن.

لەژێر ناوی دروستکردنى ناوچەى ئارامیش بە قوڵایی (32) کم و درێژایى (420) کم خاکی کوردستانیان داگیرکردووە و بەهێنانەوەى ئاوارە عەرەبەکان و هەندێ پێکهاتەى تر و عەشیرەتە عەرەبەکانى سەربە رژێمى تورکیا دەیانەوێ دیسانەوە نەخشەى ناوچە کوردییەکان بشێوێنن. ئەوەش وا دەکات ئەو ناوچە بەرفراوانە گوێڕایەڵی تورک بن لە داهاتوودا، هەروەها ئەو هۆرمۆنییەى نێوان کوردى باکور و رۆژئاوا بپچڕێنێ و لە خۆشى و خێر و بەرەکەتى دووریان بخاتەوە. هەروەها دەست بەسەر ئابوورى ئەو ناوچەیەشدا بگرێت و دواتریش بەبیانووى گەڕانەوەى ئاوارەکان و وەرگرتنى یارمەتییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێگاى کۆمپانیاکانى خۆیانەوە بەمەبەستى دروستکردنى کەمپەکان قازانجێکى زۆر بکات و ئابوورى سوریاشى پێ لاواز بکات.
 
ئەم هەموو دەستکەوتانە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ خستییە سەر سینییەکى ئاڵتون و پێشکەشیکرد بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەردۆغانیش بەردەوامە لەسەر سیاسەتە قۆرخکارییەکانى و بۆ فراوانکردنى قەڵمەڕەویی تورکیا هەرچى بتوانێت دەیکات، بەڵام ئەویش دوورنابێت لە مەترسی و پێدەچێت لە داهاتوویەکى نزیکدا تووشی دۆڕانى سیاسى گەورە ببێت ئەگەر کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و زلهێزەکان بیانەوێ سنوورێکى بۆ دابنێن.

PM:04:53:24/10/2019