دووركەوتنەوە لە حكومەتی تەوافوقی

خەڵەف غەفور

پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دواكەوتووە، بەڵام تائەندازەیەكی زۆریش سەرەداوەكان دیاركەوتوون سەبارەت بەچۆنیەتی پێكهێنانی، یەكێتی و پارتی كارەكتەری سەرەكی دەبن و دووریش نییە بەشێكی زۆری مەرجەكانی گۆڕان قبوڵ بكرێن، بەڵام سەبارەت بەو پرسە هێشتا جۆرێك لە دڵنیایی نییە كە ئەو سیانەیان دەبنە هاوبەشی راستەقینەی پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستان.
راستییەكەی حكومەتی تەوافوقی خراپترین جۆری حكومەتە، لە بەغدا نموونەكە بەردەستە، كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش تەوافوق نەك هەر باشی نەكرد، بەڵكو زیاتر بەرەو هەڵدێری برد.

پێشتر بەبیانووی بارودۆخی مەترسیی ناوخۆیی و دەرەكی و كۆدەنگی كورد لە بەغدا زۆرترین هەوڵ بۆ پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی دەدرا، بەڵام ئێستا ئەو هۆكارانە كەمتر بوونەتەوە، هەر بۆ نموونە:

یەكەم، مۆركی دوو ئیدارەیی لەمە زیاتر تۆخ نابێتەوە، هیچ خواستێكی دەرەكی نییە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان دابەش بێت نە لە ئاستی هەرێمایەتی و نە لەئاستی نێودەوڵەتیش.

دووەم، بەهۆی چەند كێشەیەكەوە ئەوەش روون بووەوە كە زۆرینەی خەڵك دابەشكردنەوەی هەرێمی كوردستانیان ناوێت، ئەوەش ئاستی مەترسییەكەی زیاتر كەمكردەوە.

سێیەم، ئۆپۆزسیۆن كە لە كابینەی تەوافوقی "حكومەتە پێنج حزبییەكە" بەشداری كرد ئیتر روون بووەوە كە لە هەرێمی كوردستان ئۆپۆزسیۆن توانایەكی تاقەت پڕوكێنی لە ململانێكردنی دەسەڵاتدا نییە و لە دەرفەت دەگەڕێ بۆ ئەوەی ماندوێتی دەرچێ.

چوارەم، یەكگرتوویی گوتاری كوردستانی بەرانبەر بە بەغدا كە پێشتر وەكو یەكێك لە هۆكارەكانی هاوبەشێتی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی كوردستان تەماشا دەكرا ئێستا بوونی نەماوە، سەرەڕای ئەوەش لە كوردستان یەكێتی و پارتی لەیەكتر نزیكن و ناتوانن بێ یەك هەنگاو بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بنێن.

لەبەر دوو هۆكاری دیكەش باشترە كابینەی نۆیەم تەوافوقی نەبێت:

یەكەم، ئەگەر زۆرینەی حزبەكان بەتایبەت "یەكێتی، پارتی، گۆڕان و كۆمەڵ بەشداربن"، ئەوە كۆتایی ئۆپۆزسیۆن دەبینین، پەرلەمانی كوردستان دەچێتە دۆخی سستبوون و زیاتر چەپڵەلێدانەوە، ناتوانن حكومەت ناچاربكەن بەوەی ملبدات بۆ پەرلەمان و كۆدەنگی حزبی جێگای حكومەت دەگرێتەوە.

دووەم، دیموكراسی دەكەوێتە بەردەم مەترسییەكی گەورە، لە چوارچێوەی سیستمی حوكمڕانیی تەندروستدا پێویستە حزبی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن هەبن، ئەوەش دۆخی ململانێ دەخوڵقێنێ كە بەشێكی گرنگە لەگەشەكردنی دیموكراسی و شۆڕبوونەوەی بۆ ئاستی كۆمەڵایەتی كە ئەمەیان لە ئاستە سیاسییەكە گرنگترە.

هەر لەگەڵ ئەوەشدا لە حكومەتی تەوافوقی بەرپرسیارێتی ون دەبێت، كارەكتەری شكستخواردوو و سەركەوتوو بەئەستەم دەناسرێتەوە، هەندێكجار قەیرانیش دەبێتە دەرفەت بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و كشانەوە لە حكومەت و ئەوەش ریسكەكە دەكاتەوە بەخوری.
بۆ ئێستای كوردستان گونجاوترین حكومەت بریتییە لەوەی تەوافوقی نەبێت، بەڵكو بەرپرسیارێتی لەئاستی ئیدارە و خزمەتگوزاری دەكەوێتە سەرشانی دوو كارەكتەری سەرەكی، بۆ گەشەكردنی دیموكراسیش ئۆپۆزسیۆن ململانێی توند لەگەڵ دەسەڵات دەكات و پێكەوە دەتوانن نمایشێكی جوانی دیموكراسی لەماوەی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا بكەن.

بەهەر جۆرێك حكومەت پێكبهێنرێت چوار ساڵی ئایندە كێشە و گرفتەكان هەر زۆردەبن، لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیداریش بەكێشەكانی هەولێر- بەغدا كێشەكان كۆتایی نایەن، دۆخی لەم شێوەیە بەرپرسیارێتی راستەقینە و چاوكراوەی دەوێت، ئێ خۆ بەبیانووی بوونی ئەم كێشانەیشەوە نابێت خەون بە پەرلەمانێكی بێ ئۆپۆزسیۆنەوە ببینین ئەگەر چاومان لەسەر پەرەپێدان و گەشەكردنی سیاسییە لە كوردستان.


*گۆشەی كەمین پۆڵەتیك لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ

PM:02:06:28/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 65 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌