نزیكبوونەوە لە رێككەوتن و ترازان

خەڵەف غەفور

كۆبوونەوەكانی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بۆ رێككەوتن لەسەر هاوبەشێتی سیاسی و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەئاراستەیەكن لەهەردوو ئەگەری سازان یان ترازانەوە نزیكن، بەڵام پێدراوی سیاسی پشتبەستوو بەمێژووی نزیكی پەیوەندییەكانی ئەو دوو حیزبە كەمێك لە رەشبینییەكان كەمدەكەنەوە، بۆیە باشترە ئەگەری سازان بەنزیكتر ببینین.

كابینەی داهاتووی حكومەتی كوردستان مەحكومە بەجێبەجێكردنی ئەركی گرنگ، كەمكردنەوەی ئاستی گەندەڵی، رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا، تەنانەت سیاغەكردنەوەی پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ توركیا و ئێران و سوریا.

لەگەڵ ئەوانەیشدا بەرزكردنەوەی ئاستی پێوەرەكانی ئازادیی سیاسی و هێنانەكایەی فەرمانڕەواییەكی شایستە كە خزمەتی خەڵك بكات مەرجی گرنگترن، لەمەیاندا خەڵك زیاتری دەوێت و وا 27 ساڵیشە هێشتا بنەماكانی دامەزراوەی دەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان دانەنراون.

چەسپاندنی دامەزراوەكانی حكومەت لەئاستی گشتی بۆ خەڵك، دەرەوە و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پرسی پێكەوەژیان گرنگن، هەڵبەت بۆ ئاستە سیاسییەكەیش سوودی ئەوەی هەیە ململانێی حزبەكان رێچكەی ئاسایی خۆیان وەربگرن، دەستاودەستكردنی دەسەڵاتیش ببێتە جۆرێك لە كولتووری سیاسی كە لەئێستای كوردستاندا بوونی نییە.

نەبوونی دامەزراوە، هەڵبەت لەسەر ئاستە كردارییەكەی، ئامادەگیی حزبی لەكایەی حوكمڕانی بەهێز دەكات، ئەمەش دۆخێكی وا دەهێنێتە پێشەوە شوناسی سیاسی حكومەت نەگاتە ئاستێك خەڵكی وەكو مەرجەع و پارێزەری بەرژەوەندی و مافەكانیانی بزانن، دۆخی لەم شێوەیە مەترسییەكانی هەم لێكترازانی سیاسی و بەدواشیدا لێكترازانی كۆمەڵایەتی دەهێنێتە كایەوە و نموونەكانی ساڵانی شەڕی ناوخۆیش هێشتا لەبیرەوەرینامەی زۆرێكماندا ماونەتەوە.

دواكەوتنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری پەیوەندی بەنەبوونی دامەزراوەی دەوڵەتییەوە هەیە، لەوەی متمانە لەسەر كۆی دەزگاكانی حكومەت دروستبووە و زیاتر بەشێكن لە حزب وەكو لە حكومەت. هەر ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سەربەخۆ نییە، دەرئەنجامەكانیش تانەی زۆریان لەسەرە، زۆرینەی پەرلەمانیش تەنیا ژمارەیەكە نەك سەنگی سیاسی بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسەكان.

لەدۆخی ئێستادا كەوا كۆبوونەوەكانی یەكێتی و پارتی بەردەوامن، ئەگەر پرسی بەدامەزراوەییكردنی حكومەت گرنگترین پرس بێت لەنێوانیان و بڕیاری سیاسی یەكلاكەرەوی لەسەر بدرێت، دەبێتە وێستگەیەكی گرنگ لە كاری سیاسی و حكومەتداریی و بۆ دەربازكردنی كوردستانیش لە مەترسی زیاتر هەنگاوێكی گرنگە.

مەترسی ئێستای نێوخۆیی كە رێكنەكەوتنی حزبەكان و بەدیاریكراویش یەكێتی و پارتییە بەشێكی زۆری پەیوەندی بەسستی گەشەی سیاسییەوە هەیە، پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سروشتی گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، زۆرینەی حزبەكان و لەسەر زۆربەی ئاستەكانیش هێشتا سیاسەتكردن لە هەرێمی كوردستان بەهەمان بیركردنەوە و كەرەستەكانی ساڵانی سەرەتا راپەڕین دەكەن. ئەم شێوازە لە سیاسەتكردنی مەترسییە گەورەكەی ئەوەیە كەمتر لە سازان زەمینەی لێكترازانی بەرهەمهێناوە بەشێوەیەك مەترسییەكی گەورەیشە بۆ سەر ژیانی خەڵك و هەرێمی كورستانیش وەكو قەوارەیەكی دانپێدانراو.

شكستی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ئاماژەكانی دەركەوتوون، نەسازان و مەترسی كەرت بوون، نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی جدی و كاریگەری خاوەن گوتاری سیاسی و مێدیایی، نەبوونی رای گشتی و كەمبوونەوەی رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەمی ئاستی بەشداریی خەڵك لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەو ئاماژە روونانەن كە كەترسی گەورەیە هەیە لەسەر كوردستان و پرۆسە سیاسییەكەی.

رێگاچارەی باش و سیاسەتی روون و ستراتیژیی نیشتیمانی دانەنرێن، ئەگەری ترازان زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆكارەكانی مێژوویی و ئاستی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی و هۆكاری نێودەوڵەتی بۆ ئێستا كوردستانێكی لێكترازاز ناخوازن، ئەمەش بڕێكە لە گەشبینی.

*گۆشەی كەمین پۆڵەتیك لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ




PM:02:17:04/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 66 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌