رەمەزانی گرانی و بێباكی

خەڵەف غەفور

ئەمڕۆ یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزە، ئیتر بۆ ماوەی مانگێك دۆخی وڵاتانی ئیسلامی و لەنێویشیاندا كوردستان جۆرێك لە تایبەتمەندی بەخۆیەوە دەبینێ، ئەگەرچی لای پەروەرێن ئامانجێكی روونی هەیە و رێسا و یاساكەیشی تایبەتە، بەڵام لای مرۆڤی مسوڵمان "لە ئاستی زۆرینەدا" رۆژووگرتن هەمان ئەو بەهایەی نییە كە خوای گەورە داوای كردووە و مەبەستەكانیشی روونكردووەتەوە.

لە پێشوازی هاتنی مانگی رەمەزاندا و بەتایبەتتریش لەماوەی مانگەكەدا رەنگ و بۆی شار و خەڵكی دەگۆڕێن، تا دوای نیوەڕۆ جۆرێك لە سستی و بێدەنگی، لەوە بەدواوەیش بازاڕ و مزگەوتەكان قەرەباڵغ دەبن، خواست لەسەر شتەكان زۆر دەبن، نرخ هەڵدەكشێ و لەگەڵ مەلا بانگدانیشدا ئیتر چوار دەوری خوانی رازاوە دەدرێ، لێرەوە ئیتر وێنەیەكی دیكە دەبینین.

یەكێك لە ئامانجەكانی رۆژووگرتن، خۆ گرتنەوە لە خواردن و خواردنەوەیە بەشێوەیەك مرۆڤ هەست بەوە بكات خۆشخۆری لە چوارچێوەی رێساكانی تەندروستیدا خراپ نییە، هەروەك چۆن لەگەڵ ئەوەیشدا هەستكردنە بەوەی خەڵكانێك هەن برسین، بۆیە باشترە مرۆڤی موسوڵمان لەخۆی بگرێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ برا و خوشكێكی برسی خۆیدا جۆرێك لە دادپەروەری لە ورگ تێربوون بێنێتە كایەوە.

ئەو ئامانجە كە زۆریش گرنگە بەزۆری لە مانگی رەمەزاندا نایەتەدی، خوانی رازاوەی زۆر هەن، مسوڵمانانی برسی وەهاش هەن كە رۆژووگرتن هێشتا نەبووەتە هۆی ئەوەی رۆژووگری دەوڵەمەند بەهۆش بێنێتەوە و دادپەروەر بێت لەگەڵیان.

ئێوارانی رەمەزان كە بەربانگ دەكرێتەوە زۆرینەی رۆژووگران ئاگایان لە لایەنی تەندروستیان نییە، بەشێوەیەك حیكمەتی رۆژووگرتن لەبیر دەكرێ، تادرەنگانی شەو خواردن و خواردنەوەی خۆش دەخورێ، بازاڕەكان دەكرێنەوە، شیرمەنییەكان دەوریان لێگیراوە و كەمترین كەسیش بەزەیی بە ورگی خۆیدا دێتەوە.

بێ ئاگایی لە تەندروستی و سفرەی خوانی برسی و هەژارەكانیش وایكردووە لە چەند رۆژی پێش رەمەزانەوە نرخەكان زیاد بكرێن، خواستی كڕینی خواردەمەنی بەرزتر ببێتەوە، ئەمە زۆرجار وەكو دەرفەتێكیش بەكاردەهێنرێت بۆ پەیداكردنی پارەی زیاتر و ئێ خۆ لە جەژنیشدا هەر دەبێت گەردنی كاكی قۆڵبڕ ئازاد بكەی.

ئەگەر رەمەزان مانگی چاكەكردن بێت، ئەی چۆن دەبێت مرۆڤی بیر خراپی وا هەبێت كە رەمەزا بكاتە مانگی فرەست لێ هێنان و بەهۆیەوە پارەی زیاتر پەیدا بكات؟ خۆ ئەگەر مانگی سۆز و بەزەییشە ئەی چۆن دەبێت ورگی خۆت تێر بكەیت و ئاگات لە هەژاران نەبێت؟ ئەی ئەگەر رەمەزان بۆ پشووی ورگ و داشۆردنی جەستەی مرۆڤ بێت لە ڤایرۆس و هۆكارەكانی نەخۆشی ئەی چۆن دەبێت ئاگات لە تەندروستی خۆت نەبێت و ئێوارە بخۆیت و پارشێو بخۆیت و تا نیوەڕۆیەكی درەنگیش لەسەری بخەویت؟

بێباكی كە یەكێكە لە خوە خراپەكانی مرۆڤ پێویستە لە مانگی رەمەزاندا نەمێنێت، بەشێوەیەك مرۆڤ هەم لەگەڵ خودی خۆی ئاشت ببێتەوە و گرنگی بەلایەنی رۆحی و تەندروستی خۆی بدات، هەمیش بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی كە مەیدانی تاودانی لایەنی سۆز و بەزەیی و ئاشتەوایی و چاكەكارین.

كاتێك لەڕووی رۆحی و جەستەییەوە لە ماناكانی رۆژووگرتن نەگەیت، ئەستەمە خۆدووربگری لە بیری خۆقەڵەوكردن و گرانی بازاڕ و بێباكیش نەبیت بەرانبەر ئەوانی دیكەی چاوەڕوان بەچاكەكاری.

جیاوازبوونی مانگی رەمەزان لەوانی دیكە مادام زۆرن، پێویستە رەفتاری مرۆڤیش جیاوازبێت بەلایەنی ئەرێنی، ئەگەر ئەمە رووی نەدا ئیتر مانا رۆحی و جەستەییەكانی رەمەزان تەوزیف نابن و ئەوەش نابێتە ئاماژەی گۆڕانكاریی بەرەو چاكەخوازی.

PM:08:45:06/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌