چیرۆکی‌ ناوبژیوانێکی‌ گوێڕایه‌ڵ

خەڵەف غەفور

لە بیست رۆژی‌ رابردوودا عیراق بوو بە‌ ترافیکێکی‌ سیاسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و هه‌رێمایه‌تی‌. رۆژی‌ 8ی‌ مایۆی 2019، مایک پۆمپیۆ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریکا سه‌ردانی‌ عیراقی کرد، وترا په‌یامه‌کانی‌ سه‌ردانه‌که‌ روون بوون، به‌تایبه‌ت دوو دانه‌یان «نابێت عیراق رێگه‌ بدات هێزه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌کانی ئێران خاکی ئه‌و وڵاته‌ بۆ دژایه‌تیی‌ ئه‌مریکا به‌کاربهێنن، دووه‌مینیشیان به‌ ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌ بوو کە عیراق بتوانێت ئێران وا لێ بکات بێته‌ سه‌ر مێزی دانوستاندن و به‌ رێککه‌وتنی‌ نوێ رازی ببێت».

رۆژی‌ 25ی مایۆی‌ 2019، جه‌واد زه‌ریفی وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ کۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران سه‌ردانی‌ به‌غدای‌ کرد. سه‌رچاوه‌کانی‌ هه‌واڵ باسیان له‌وه‌کرد کە زه‌ریفی داوای‌ کردووه‌ عیراق ببێته‌ ناوبژیوانی وڵاته‌که‌ی‌ و ئه‌مریکا بۆ ئه‌وه‌ی‌ شه‌ڕێکی‌ نوێ له‌ ناوچه‌که‌دا روونه‌دات.

دۆخی‌ سیاسی‌ عیراق و کوردستان به‌رگه‌ی‌ شه‌ڕێکی‌ نوێ ناگرێت، وڵاته‌کان جیاوازن، به‌ڵام چاره‌نووسێکی‌ هاوبه‌ش پێکه‌وه‌ گرێیداون، هه‌یمه‌نه‌ی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازیی ئێران و ئه‌مریکا له‌سه‌ر هه‌ریه‌که‌ له‌ به‌غدا و کوردستان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیاسه‌تێکی‌ روونی‌ کوردستانی‌ بۆ چۆنێتی‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ دۆخێکی‌ له‌و شێوه‌ نابینرێت.

سامی غه‌زبان وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عیراق وتی‌، له‌ ئه‌گه‌ری‌ شه‌ڕ و داخستنی‌ گه‌رووی هورمزدا، عیراق خه‌سارۆمه‌ندی گه‌وره‌ ده‌بێت. عادل عه‌بدولمه‌هدی وتبووی‌، رێڕه‌وی نوێیان بۆ هه‌نارده‌کردنی‌ نه‌وت بۆ بازاڕه‌کانی‌ جیهان دۆزیوه‌ته‌وه‌. نوری مالیکی‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌کات کە چیتر عیراق ناتوانێت له‌ نێو ئه‌و ململانێیه‌دا بێلایه‌ن بێت، دۆخێکی‌ له‌و شێوه‌یه‌ بیری‌ وردی ده‌وێت!

دۆخی‌ سیاسی‌ و ئابووریی عیراق ناجێگیره‌، داوای‌ ناوبژیوانی‌ و خۆلادانی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ شه‌ڕی‌ نێوان ئێران و ئه‌مریکا تاڕاده‌یه‌کی‌ زۆر قورسه‌، به‌وه‌ی‌ عیراق پێگه‌یه‌کی‌ سیاسی‌ قورس و کاریگه‌ری له‌ ناوچه‌که‌ نییه‌، دۆخێکی‌ ده‌ڵه‌مه‌یی هه‌یه‌ و هێشتا گیرۆده‌ی‌ کێشه‌ ناوخۆییه‌کانێتی‌، له‌ گرنگترین وه‌زاره‌ته‌کانی‌ پڕنه‌کراونه‌ته‌وه‌ و هێزی سه‌ربازی زۆر هه‌ن کە جڵه‌وگیری‌ ده‌وڵه‌ت نین، سه‌رۆک وه‌زیران بێ کوتله‌ و سه‌نگی‌ په‌رله‌مانییه‌، فشاره‌کانیش هێنده‌ هه‌ژموونهێنه‌رن هه‌یکه‌لی سیاسی‌ عیراق توانای‌ به‌رگه‌گرتنی‌ نییه‌.

له‌ دۆخی‌ سیاسی‌ ئاڵۆزدا ناوبژیکه‌ر ته‌نیا داوالێکراو نییه‌، به‌ڵکو کارتی‌ فشاریشی له‌ ده‌سته‌، لایه‌نه‌کان بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ راده‌کێشێ، بژارده‌ی‌ قورسی له ‌ده‌سته‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ عیراق گونجاو نییه‌ و کارته‌کانی‌ ده‌ستی‌ به‌هێزنین، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکو گیرۆده‌ی‌ هه‌یمه‌نه‌ و سیاسه‌تی‌ هه‌رێمایه‌تی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌ستی‌ ئه‌مریکا و ئێرانه‌ و به‌و زووانه‌ش توانای‌ خۆلێده‌ربازکردنی‌ نییه‌.

ناوبژیوانی‌ گوێڕایه‌ڵ کاریگه‌ریی نابێت، به‌ڵکو ته‌نیا قسه‌ی‌ خێری له‌ ده‌سته‌، ئه‌مه‌یان بۆ ئه‌مریکای سه‌رده‌می‌ دۆناڵد تره‌مپ نایخوات و ریسکه‌کان ده‌کاته‌وه‌ به‌ خوری، به‌ڵکو پێش له‌ دایکبوونیشی له‌بارده‌برێت.

عیراقی دوای‌ مام جه‌لال، عیراقێکی‌ بێ رۆڵه‌، پرس پێکراو و به‌ قسه‌ نه‌کراوه‌، بگره‌ زۆرجارانیش به‌کارده‌هێنرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانی‌ دیکه‌، له‌ کاتی‌ واشدا شوناس ون ده‌بێت و هێز قسه‌ ده‌کات که‌ عیراق ئه‌مه‌شیانی‌ نییه‌.
چی‌ ئێران و چی‌ ئه‌مریکاش ویستی‌ به‌کارهێنانی‌ عیراقیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان هه‌یه‌، سه‌ردانی‌ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ به‌شی زیاتره‌ له‌ عیراق بەمه‌ستی‌ خۆده‌ربازکردن، هیوا به‌ خۆبه‌خشینه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی‌ که‌م، به‌ڵام مانیفیستۆی‌ رزگاریی له‌گه‌ڵ نییه‌.

لێره‌ ناوبژیوانیی‌ بۆ ئاشته‌وایی ناوخۆیی پێش ناوبژیوانیی‌ ده‌ره‌کی نه‌که‌وتووه‌، خۆ مادام سه‌رکردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ عیراق له‌وه‌ی‌ یه‌که‌میاندا سه‌رکه‌وتوو نییه‌، چۆن ده‌توانین بڕوا به‌وه‌ بهێنین به‌ جه‌سته‌یه‌کی‌ نه‌خۆشه‌وه‌ توانای‌ تیمارکردنی‌ ده‌ردی دۆسته‌کانی‌ هه‌یه‌.

٭گۆشەی کەمین پۆڵەتیک لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ

PM:02:49:30/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌