44 پرسیار لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی

خەڵەف غەفور

یەكەم: مام جەلال قۆناغی رێبەرایەتیكردنی بۆ قۆناغی خەباتی بەرەی نیشتیمانی دەستپێكرد، ئێستا ئێوە بڕواتان بەپێكەوەیی كاركردن و سەركردایەتی دەستەجەمعی و بەرەی نیشتیمانی هەیە؟
دووەم: بۆچی لە غیابی مام جەلالدا كوتلەی پرۆژە و فیكرتان "بەشێكی زۆرتان" بۆ دەستەگەری و هەڵگەڕانەوە لە پرەنسیپەكانی مام جەلال گۆڕی؟
سێیەم: لەسەردەمی خەباتی نیشتیمانی بەئابوونەوە و هاوكارییەكی كەم پێشمەرگە سەربەرزانە ئەژیا، بۆ لەسەردەمی كۆمپانیا و پشكی نەوت ژیانی بەشێكی زۆری پێشمەرگەكان خراپە، ئەی بۆ سەركردایەتی هەیە تەنیا ماڵ و ڤێلاكەی بەهاكەی ملیۆنان دۆلارە؟
چوارەم: پەیڕەوپرۆگرام پەسندكراوی كۆنگرەیە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، ئەگەر ماوەی یاسایی پەیڕەوەكە بەسەرچووە، ماوەی یاسایی ئێوە چی مانایەكی هەیە؟
پێنجەم: بۆ شانازی بەناوی مام جەلالەوە ئەكەن و پشتتان لە پرەنسیپەكانی كاركردنی حزبایەتی وی كردووە؟
شەشەم: مام جەلال خاوەن دید و پرۆژەی فیكری و نیشتیمانی و سیاسی بوو، خۆیشی پێ پیرۆز نەبوو، بۆچی بەشێكتان ئەتانەوێ بەهۆی پیرۆزكردنی مام جەلالەوە "كە بەكردار باوەڕتان وانییە" ئەتانەوێ یەكێتی تێكبدەن و سامان كۆبكەنەوە؟
حەوتەم: بۆ لەكاتی دەنگدان رووی رەتڵە ئۆتۆمبێلەكانتان لە ماڵی كەسوكاری شەهیدانە، كەچی بۆ وەرگرتنی پلە و پۆست كوڕ و كچەكانی خۆتان لەپێش ئەوانەوەیە؟
هەشتەم: لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا چەندین ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیان بەربژێركرد، زۆرینەی خەڵك متمانەیان پێنەدان و دۆڕان، بۆچی ئێستا بڕیارتانداوە بەشێك لەو دۆڕاوانە بكەنە وەزیری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان؟
نۆیەم: بۆ پێشمەرگەیەك كرێ خانووی پێ نادرێت و ئەندامی سەركردایەتیش هەیە خانوو و باخ و ڤێلای هەیە و ساڵی چەند سەفەرێك بۆ خۆشترین وڵاتانی دنیا ئەكات؟
دەیەم: ئەگەر لە بنەمادا بڕواتان بە دوو ئیدارەیی نییە، بۆچی بارەگای مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی نابەنە هەولێر و لەوێوە خەباتی یەكێتی تاوبدەنەوە؟ "مەیەژن كۆشكی سپی لەوێیە، خۆ بڕیار لەوێوە نادرێ".
یازدە: بۆ رەنگی یەكێتی سەوزە و هەندێكتان زەرد ئەنوێنن؟
دوازدە: بۆ دروشمی مام جەلال چەپكە گوڵەكە بوو و بەشێكتان شۆی دڕكاوی ئەكەن؟
سیازدە: بۆ بەشێكتان لەژێر رەسمەكەی مام جەلالدا بزنسی نەوت ئەكەن؟
چواردەیەم: بۆ چەند دانەیەكتان دژی بە بنەماڵەكردنی یەكێتی بوون و ئێستا كوڕەكانی خۆتان بۆ وەزیری و پەرلەمان كاندید كردووە؟
پازدەیەم: پەیوەندی چییە لەنێوان چەمكی سۆسیال دیموكرات و فیستیڤاڵی خێلەكان؟
شازدەیەم: گەورەترین رێكخراوی ژنانتان هەیە و ژنێك ناكەنە وەزیر، بەڕاست بۆ؟
حەڤدەیەم: دیموكراسی دروشمی مام جەلال بووە، بۆ پۆستەكان بە كوتلەكاری دابەش ئەكەن؟
هەژدەیەم: فیكری یەكێتی و بیركردنەوەی مام جەلال لە پارتی و حزبەكانی دیكەیش نوێتر بوو، بۆچی لە ریزبەندیی هەڵبژاردندا یەكێتی كەوتووەتە دوای پارتییەوە؟
نۆزدەیەم: لە سەردەمی مام جەلالدا كەس لە رەخنەگرتن نەدەترسا، كادیری حزب لە كۆبوونەوەی گەورە و جەماوەری رەخنەی لە مام جەلال ئەگرت و وەڵامی ئەدرایەوە و نەشدەترسا، ئێستا بۆچی ئەو ترسەتان دروستكردووە ئەوەی رەخنە بگرێ تۆمەت بخرێتە پاڵی و هەوڵی دوورخستنەوەی بدرێت؟
بیستەم: ئەندامانی یەكێتی خەمی بەرەوپێشبردن و پاراستنی یەكڕیزی یەكێتیانە، بۆ ئێوە لەسەر هەموو شتێك رێكن، یەكڕیزی نەبێت؟
بیست و یەك: بۆچی یەكێتی چوار دروشم و 6 كوتلەی لەنێو سەركردایەتی هەیە؟
بیست و دوو: چی لە مام جەلال فێربوون؟ "بەقسە نایەژم، مەبەستم كردارە".
بیست و سێ: ئێمە چین، ئێوە كێن؟
بیست و چوار: پێتانخۆشە وەسفتان بكەین یان رەخنەتان لێبگرین؟ "بەس بەڕاستی پێمان بێژن".
بیست و پێنج: مام جەلال زۆر گرنگی بە رێكخراوە دیموكراتی و پیشەیی و جەماوەرییەكان ئەدا، ئێستا بۆچی ئێوە خێڵتان كردووەتە جێگرەوەیان و فەرامۆشتان كردوون؟
بیست و شەش: ساڵانی پێشوو راگەیاندنی یەكێتی بێ ركابەر بوو، ئێستا بۆ ركابەری زۆری هەیە و لە شوێنی خۆی وەستاوە؟
بیست و حەوت: تا نەخۆشكەوتنی، مام جەلال لە خەبات نەوەستا، ئێوە بۆ زوو زوو ئەوەستن و مان ئەگرن؟
بیست و هەشت: كەی كۆنگرە ئەبەستن؟ خۆ بیرتانە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لەبەردەم جەماوەری حزبدا بەڵینتان دا كۆنگرەیەكی پاك و بێگەرد ببەستن؟
بیست و نۆ: ئەگەر بیرەوەرییەكانتان بنووسنەوە، چی یەژن كاتێك مام جەلال لە ژیاندا نەماوە و ئێوەیش رێبازەكەیتان ونكردووە؟
سی: كە مووچە نەما، مامۆستایان و فەرمانبەران زۆرینەیان بایكۆتی دەوامكردنیان كرد و ئێوەیش رۆژانە دەوامی خۆتان ئەكرد، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئێوە لەوان دڵسۆزترن یان خۆتان دەوڵەمەندكردووە و باكتان بە مووچەی حكومەت نییە؟
سی و یەك: بۆ ئەو هەموو پرسیارەتان لەسەر یەكێتی دروستكردووە و كەچی وەڵامی بڕواپێهێنەریشتان لا نییە؟
سی و دوو: بۆچی لێپرسینەوە لە هەڵەكانی ئەندامانی سەركردایەتی ناكەن، چەند هەڵەتان بۆ بژمێرم باوەڕ ئەكەن؟
سی و سێ: پەیوەندی نێوان مافی چارەی خۆنووسین و ریفراندۆم چییە؟
سی و چوار: ئەزانن و دڵنیاشن بەشێكی زۆری جەماوەری یەكێتی ناڕازی و بێ هیوایە، لەم یادەدا چی ئەكەن بۆ ئاشتكردنەوەیان؟
سی و پێنج: چۆن سەیری پارتی دیموكراتی كوردستان ئەكەن، دوژمن یان ركابەر؟
سی و شەش: لەبەردەم ماڵەكانتان پاسەوان هەیە، یان لەسەر كۆڵانەكە تاسەی گەورەتان دروستكردووە، هەریەكەتان لەنێوان 3 بۆ 30 پاسەوانتان هەیە، هێشتا باسی ئارامی سلێمانی ئەكەن؟
سی و حەوت: بۆ وەرگرتنەوەی پارێزگاری كەركوك و رزگاركردنی كەركوكییەكان، كامیان بەسازش ئەزانن: رێككەوتن لەگەڵ پارتی یان توركمان و عەرەبی هاوردە؟
سی و هەشت: لە گەرمەی شەڕی ناوخۆ، حیكمەتی مام جەلال وایكرد كاك مەسعود ئاشتی بووێت و لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوێ، ئەی ئێوە بۆ واتان كردووە كاك مەسعود تا پێیی بكرێ دوورتان لێبگرێت؟ ئێوە لە مام جەلال عاقڵترن؟
سی و نۆ: لە یازدە كۆتای ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، بۆ هیچیان لەگەڵ یەكێتی نین؟
چل: بۆ لەگەڵ گۆڕان رێكناكەون بۆ ئەوەی ئیحتیاجی پارتی نەبن؟
چل و یەك: بۆ حەمەی حاجی مەحمود لە شەڕی ناوخۆ هاوپەیمانی یەكێتی بوو لە دژی پارتی، ئێستا لە ئاشتیدا هاوپەیمانی پارتییە لە دژی یەكێتی، لەمەشیاندا هەر كاكە حەمە تاوانبارە یان ئێوە دۆستەكانتان فەرامۆش ئەكەن؟
چل و دوو: لای ئێوە یەكێتی چییە؟ ئامرازە بۆ رزگاری نیشتیمانی یان خۆدەوڵەمەندكردن و گەورەكردنی كوڕ و كچەكانتان؟
چل و سێ: پرۆژەتان بۆ ئەم دۆخە قەیراناوییەی یەكێتی چییە؟ تاكەی ئەتانەوێ یەكێتی جێگای تانەی نەیارەكانی بێت لەكاتێكدا تا مام جەلال هەبوو یەكێتی تانەی لە شێوازی خەباتی حزبەكانی دیكەی ئەدا؟
چل و چوار: ئەزانم زۆربەتان هیچ لە مام جەلال فێرنەبوون، ئەتانەوێ لەمەودوا بەڵین و هەوڵبدەن شتێكی كەم بەكردار لە مام جەلال فێربن؟

AM:02:14:01/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌