هه‌ده‌په‌ له‌نێوان ئیمرالی و قه‌ندیلدا

خەڵەف غەفور

هه‌ڵبژاردنی‌ رۆژی‌ 23ی‌ حوزه‌یرانی‌ دووباره‌کراوه‌ی‌ شاره‌وانییه‌کانی‌ ئیستانبوڵ شه‌ڕه‌ له‌سه‌ر شوناس و شه‌رعییه‌تی‌ فه‌رمانڕه‌وایی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌هه‌ندێکی‌ سیاسی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌ریه‌ک له‌ پارته‌کانی‌ به‌شداربووی هه‌ڵبژاردانه‌که‌، له‌پێشیشیانه‌وه‌ پارتی‌ گه‌لانی دیموکرات (هه‌ده‌په‌)، پارتی‌ گه‌لی‌ کۆماریی (جه‌هه‌په‌)، پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان (ئه‌که‌په‌).
واباو بووه‌ بردنه‌وه‌ی‌ ئیستانبوڵ بۆ هه‌ر حزبێک مانای‌ رۆیشتنێتی‌ به‌ره‌و لوتکه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی، به‌لایه‌نی‌ که‌مه‌وه‌ له‌مه‌یاندا نموونه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌کانی‌ دوای‌ 1990 له‌به‌رده‌ستن که‌وا پارتی‌ براوه‌ له‌ ئیستانبوڵ بۆ‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ سه‌ره‌کیش له‌ تورکیا، ئه‌که‌په‌ له‌و جۆره‌ نموونانه‌یه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ که‌وا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، بیناڵی‌ یڵدرمی، سه‌رۆکی‌ په‌رله‌مانی‌ تورکیا و سه‌رۆک وه‌زیرانی‌ پێشووی پارته‌که‌ی‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تیی‌ شاره‌وانی‌ ئیستانبوڵ به‌ربژێرکرد، به‌ڵگه‌یه‌کی‌ بڕواپێهێنه‌ره‌ به‌وه‌ی‌ ئیستانبوڵ به‌هه‌ر نرخێک بێت، هه‌ر ده‌بێت لای‌ ئه‌که‌په‌ بمێنێته‌وه‌.

هه‌ڵبژاردنه‌کانی‌ 31ی‌ ئاداری‌ 2019، هێز و ناسنامه‌ی‌ سیاسی‌ ئه‌که‌په‌ی‌ خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ له‌ دوو رووەوە‌:

یه‌که‌میان، ئیتر مۆدێلی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌که‌په‌ به‌ که‌ڵکی‌ ئه‌م رۆژگاره‌ نایه‌ت ئه‌گه‌ر نوێ نه‌کرێته‌وه‌، که‌موکوڕییه‌کانی‌ زۆرن و چیتر وه‌کو پێشوو دڵمه‌ندی خه‌ڵک نییه‌، با به‌ربژێری پارتی‌ فه‌رمانڕه‌وا زۆر به‌هێزیش بێت، لێ رێڕه‌وه‌ دروسته‌که‌ی‌ ون کردووه‌، ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌وه‌ش دۆڕان بوو.

دووه‌میان، ئاماژه‌ی‌ گرنگتریش هه‌بوون له‌ وێنه‌ی‌ جێگره‌وه‌ی‌ ئه‌که‌په‌ خۆی‌ نمایشکرد، له‌مه‌یاندا جه‌هه‌په‌ به ‌ته‌نیا نه‌بوو، به‌ڵکو بووه‌ خاڵی‌ کۆکه‌ره‌وه‌ی‌ دژه‌کان، جه‌هه‌په‌ و هه‌ده‌په‌ و گویله‌نییه‌کان و ناڕازییه‌کانی‌ ئه‌که‌په‌ش له‌ ده‌وری‌ یه‌کتری‌ کۆبوونه‌وه‌، که‌مال ئیمام ئۆغڵو ئه‌گه‌رچی‌ به‌ربژێرێکی‌ به‌هێزیش نه‌بوو، به‌ڵام هێزی‌ وه‌رگرت و سه‌رکه‌وت.

ئێستا که‌ له‌ گه‌ڕی‌ دووباره‌بووه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانی‌ ئیستانبوڵ نزیکین، هه‌ده‌په‌ وه‌کو کاره‌کته‌رێکی‌ سیاسی‌ یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ ده‌رکه‌وته‌وه‌، کردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگای‌ ئیمرالی‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ په‌یامه‌کانی‌ ئۆجه‌لان، له‌ولاتریشه‌وه‌ له‌شکرکێشی تورکیا بۆ سه‌ر باشووری‌ کوردستان و گه‌رمبوونه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ چه‌کداریی‌ نێوان هێزه‌کانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل (هه‌په‌گه‌) و سوپای‌ تورکیا، چوونی‌ بیناڵی‌ یڵدرم بۆ ئامه‌د و ناوهێنانی‌ کوردستان و زیزبوونی‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی‌ سه‌رۆکی‌ پارتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی تورکیا (مه‌هه‌په‌)، کۆمه‌ڵێک پێدراوی گرنگن که‌ ئاراسته‌ی‌ ده‌رئه‌نجامه‌کان ده‌گۆڕن.

هه‌ده‌په‌ دۆشداماویی نێوان دوو ئاراسته‌ی‌ سیاسی‌ جیاوازه‌، قه‌ندیل شه‌ڕ و به‌رگری ده‌کات و په‌یامه‌کانی‌ توندن، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بۆ ئاشته‌وایی و چاره‌سه‌ری‌ دیموکراتییانه‌ی‌ دۆزی‌ کوردن و داواشی کردبوو له‌ سوریا (هه‌ستیاریی تورکیا له‌به‌رچاو بگیرێت)، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا قه‌ندیل رایگه‌یاند که‌ ئه‌وان سیاسه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی خۆیان په‌یڕه‌و ده‌که‌ن. هه‌رچی سزایی ته‌مه‌للی هاوسه‌رۆکی‌ هه‌ده‌په‌شه‌، وتی‌، (کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ قه‌یومه‌کانی‌ ئیستانبوڵ ده‌هێنین و کار بۆ سه‌رخستنی‌ که‌مال ئیمام ئۆغڵۆ ده‌که‌ین).

له‌ سه‌روبه‌ندێکی‌ ئاوه‌ها گرنگیشدا، ئه‌ردۆغان وه‌کو بانگه‌شه‌کانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی‌ پێشووتر ده‌رناکه‌وێ، میتینگی‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌ به‌ڕێوه‌نابات و زیاتر سه‌رقاڵی‌ کڕینی‌ سیستمی‌ به‌رگری‌ ئێس 400 -ه‌، وێنه‌ی‌ سه‌ره‌کیی‌ لێره‌دا نه‌گۆڕاوه‌، (جه‌هه‌په‌ و هه‌ده‌په‌ و دژه‌کانی‌ ئه‌ردۆغان و ئه‌که‌په‌ هه‌ر وه‌کو پێشووتر له‌ ده‌وری یه‌کن و کار بۆ بردنه‌وه‌ی‌ ئیستانبوڵ ده‌که‌ن)، ئه‌که‌په‌ بێده‌نگتره‌ و نازانرێت بێده‌نگیی‌ پێش زریانه‌ یان کارتی‌ یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ شاره‌وانی‌ گه‌وره‌ی‌ ئیستانبوڵ له‌ بنده‌سته‌.

له‌باره‌ی‌ هه‌ده‌په‌ و کورده‌وه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌کی‌ دڵخۆشکه‌ر نییه‌، جه‌هه‌په‌ یان ئه‌که‌په‌ بیبه‌نه‌وه‌ شتێکی‌ روونیان بۆ چاره‌سه‌رکردنی‌ دۆزی کورد پێ نییه‌، خراپتریش له‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ کە هه‌ده‌په‌ گیرۆده‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ سیاسه‌ته‌کانی‌ قه‌ندیل و ئیمرالییه‌ و ناتوانێ خودان بڕیاری‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆی بێت له‌ پرسێکی‌ وه‌ها چاره‌نووسسازدا. ئه‌مه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوونی‌ دۆزی کورد ده‌بێت.

* خوێندکاری‌ ماسته‌ر له‌ سیاسه‌ت و
په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان

PM:05:08:19/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌