چوار ساڵەكەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە توركیا

خەڵەف غەفور

لەدوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیاوە هێشتا نزیكەی چوار ساڵ لە سەردەمی حوكمڕانی و پڕ لەكێشمەكێشی نێوان حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و پارتی داد و گەشەپێدان ماوە. هەڵبەت سەركەوتنی پرۆسەكە و قبوڵكردنی دەرئەنجامەكەیشی لەدوای دووبارەكردنەوەی ئاماژەی بوونی دیموكراسی نییە هێندەی ئەوەی بردنەوەی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" بووە دیفاكتۆ و دووبارە رەتكردنەوەی ئەستەم بوو.

توركیا تا ساڵی 2023 هیچ هەڵبژاردنێكی دیكەی تێدا ناكرێت، ئەو بەروارە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان گرنگە، یادكردنەوەی 100 ساڵەی دامەزراندنی توركیا، بەڵام ئەم یادكردنەوەیە زیاتر شوناسی سیاسی ئەردۆغانی وەرگرتووە و راستییەكەیشی ئەوەیە ئێستا زیاتر پێی دەوترێت "كۆماری دووەم"، وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەو گۆڕانكارییە زۆرانەی ئەردۆغان لە كۆی كایە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەكاندا كردی و دیارترینیشیان گۆڕینی سیستمی سیاسی بوو لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی.

دوو بەرە و هاوپەیمانێتی دەركەوتوو، كارەكتەری سیاسی و كاریگەری چوار ساڵی داهاتوون، هەڵبەت لە پەراوێزی ئەوەیشدا ئاماژەكانی دەركەوتنی كارەكتەری سێیەم هەیە:

یەكەم، هێشتا لە لوتكەی دەسەڵاتن، بەڵام جۆرێك لە دڕدۆنگی كەوتووەتە نێوانیان، پارتی داد و گەشەپێدان "ئەكەپە" لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە". هەڵبەت مانەوەی ئەو دوو هێزە بۆ ماوەیەكی زۆر لە هاوپەیمانێتییەكدا ئەستەمە بەهۆی جیاوازی شوناسی سیاسی و ئایدۆلۆژیا و ستراتیژیی سیاسییانەوە.

دووەم، دژەكانی ئەردۆغانن و لەپێش هەمووشیانەوە پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" و پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"، خاڵی هاوبەشی ئەم بەرەیە بەلایەنی كەمەوە تا ئەكەپە و ئەردۆغان لە دەسەڵات دووردەخەنەوە زیاترن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هۆكارە مێژووییەكان و جیاوازی ستراتیژ و ئایدۆلۆژیاوە لەهەركاتدا ئەگەری دووركەوتنەوەیان لەیەكتر هەیە.


كارەكتەری سێیەمیش ئاماژەكانی دروستبوونی دەركەوتوون، بەڵام هێشتا زۆر روون نیین، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا سەرقاڵی دروستكردنی حزبێكی نوێیە، هەروەك باس لەوەش دەكرێت عەبدوڵڵا گویل، سەرۆك كۆماری پێشووی توركیا نیازی دامەزراندنی حزبی هەیە، بەڵام لەهەمووی زیاتر چەند رۆژی پێشوو بەشێك لە راگەیاندنەكانی توركیا خۆیان پێوە سەرقاڵكرد دامەزراندنی حزبێكی نوێیە لەلایەن عەلی باباجان، جێگری پێشووتری سەرۆك وەزیرانی توركیاوە.

ئەو سێ كەسایەتییە هەریەكەیان بەئەندازەی خۆیان كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگای توركیا هەیە، بۆچوونی دیكەیش ئەوەیە هەرسێكیان پێكەوە حزبێكی نوێ پێكدەهێنن كە لەڕاستیدا ئەمەیان كاریگەریی زیاترە.

لە چوار ساڵی داهاتووی توركیادا چوار خاڵ بابەتی ململانێ دەبن بەم شێوەیە:

یەكەم: چاككردنی بارودۆخی ئابووری كە بۆ خەڵك لە هەر بابەتێكی دیكە گرنگترە.

دووەم: لابردنی كۆتووبەندەكان لەسەر ئازادییە سیاسی و مێدیاییەكان كە بەو دواییانە زیاتر لەقاڵبدراوە.

سێیەم: كورد و دۆزەكەی وەكو كارەكتەرێك خۆی نمایشكردووەتەوە، ئەگەری كردنەوەی دەرگای چارەسەر هەیە لەگەڵ ئەوەیشدا لەقاڵبدانی دوور نییە.

چوارەم: بابەتی گرنگ كە هەدەپە بەنیازە بیخاتەڕوو بریتییە لە هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا و گۆڕینی سیستمی سیاسی لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

بۆ كاركردن بۆ بردنەوەی هەر هەڵبژاردنێك "چی پێشوەخت یان ئەوەی 2023" هەریەك لەو كارەكتەر و بەرانە كارت و كاریان لەبەردەستە، بەڵام ئەردۆغان زیاتر لە دۆخی بەرگری دەبێت و لە ئایندەی سیاسی خۆی دڵنیانییە.

دەمەوێت بڵێم چوار ساڵی ئاڵۆز و جیاواز چاوەڕێی توركیا دەكات و هەدەپەش پێویستی بە ستراتیژ و تاكتیكی نوێ دەبێت.    

PM:06:51:08/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌